داستانکوردی

خەباتی داوێن پاکی (داستان)

بەسەرهاتی بەسێ و کوڕی سەپان!

ـ لە ناوچەی ئالان لە ساڵانی ڕابوردوودا، کارەساتێکی زۆر سەیر ڕووی داوە. کارەساتە دڵتەزێنەکەی بەسێ! ئێستاش دەماودەم دەیگێڕنەوە. جەرگە بێ ترس و داوێنە پاکەکەی وەکوو نموونە پیشان دەدەن.
ـ بەسێ کچێکی جوانکەڵەی نازکۆڵە بوو، وەکوو دەگێڕنەوە ئەگەر مێوژە ڕەشەی بخواردایە، لە سای گەردنییەوە دیار بوو. برایێکی بوو بە ناوی حەمەدێ، کوڕێکی‌ تریش لە ماڵیانا بوو که کوڕی سەپان بوو. (سەپان، کەسێکە کە بە یازدە یەک دانەوێڵە بدروێتەوە و بیھێنێتە ناو بۆ خاوەنی، کرێکار).

ئەم سێیە لە تەمەنێکا بوون، هۆگری یەک بوو بوون، بە جۆرێ کەس لێکی نەدەکردنه‌وه‌ کە ئەو مناڵە برایان نییە! شەووڕۆژ لە دەر و دەشت و ماڵا ئەمانە هەر پێکەوە بوون.
ـ حەمەدێ برای بەسێ بوو، بە پیاوێ لەو ناوەدا ناوی دەرکرد، بەسێی خۆشکی گەلێ لە حەمەدێی برای شۆخ و شەنگتر بوو! کوڕەی سەپانیش گەورە بوو و بۆخۆی پیاوێک بوو. تۆمەس لە دڵا، دڵی چووە لە بەسێ و ناشوێرێ بیدرکێنێ!
ـ ڕۆژگار هێنای و بردی، داواکاری بەسێ زۆر بوو، لە ئاخرا باوکی، بەسێی دا بە کوڕێکی سپیارەیی لە بەشی باشووری کوردستان. کوڕەی سەپان وا بەسێ لێی دوور دەکەوێتەوە و نازانێ چیبکا! پیلانی وای داڕشت لەگەڵیا بینێرن بۆ سپیارە. ماڵی باوکی بەسێ ئەم کوڕەیان وەک برای بەسێ داناوە و لەگەڵ حەمەدێی برایدا فەرقیان نەکردووە. هەموویان قسەیان هاتووەتە سەر ئەوەی لەگەڵی بینێرن بۆ ئەودیو.
ـ بەڵێ تەدارەک گیرا سپیارەیی هاتن بووکی خۆیان گوێستەوە، باوکی بەسێ کوڕەی لەگەڵ نارد. بەسێ لە ماڵی مێردی زۆر بە چاوی حورمەتەوە سه‌یری دەکرا، لەم لاشەوە لەگەڵ مێردیا بە تەواوی ڕێک کەوت. لەم ماوەیەشا سپیارەیی تێکڕا کوڕەیان بە برای بەسێ دەزانی.
ـ ساڵێک تێپەڕی خوا کوڕێکی جوانکیلەی پێدان. لەم ماوەیەشدا جارجار هەر سەردانی ماڵی باوکی ده‌کرد. بەس کە بوو بە مناڵەبەر، ئەرکی ماڵیشی لەگەڵ بێ، ئیتر ئەوندەی پێ نەدەکرا بچێتەوە بۆ سەردان. مناڵەکەشی کەوتە دارەدارە و گاگۆڵکێ، جا کوڕی چی؟ کوڕ لە بەسێ بووبوو، دەتوت دەنکی هەنارە. ماوەیێک بوو نەچووبوو بۆ ماڵی باوکی، زۆری ئەلهای ئەوێی دەکرد. ماڵی خەزورانیش سەر نەدەپڕژان لەگەڵی بچنەوە، هەر بە ئەمرۆوسبەی دوایان خست، پاشان وتیان: ئەمەی پێ ناوێ برای خۆی لێرەیە با لەگەڵ ئەو بڕواتەوە، گەر پێمان کرا دەچین دەیهێنینەوە، گەر نەشمان توانی لەبەر سەرقاڵی هەر لەگەڵی دێتەوە.

ـ بەسێ تەدارەکی گرت و کۆرپەکەی لە باوەش گرت و وەڕێ کەوتن بەره‌و ئالان. ئەو ڕێیەی چەن جار پیا هاتبوو شارەزای بوو. ماوەیێک ڕۆشتن، کوڕەی سەپان وتی: ئەم ڕێیە دوورە من ڕێگەیێک دەزانم، ئەو نزیکترە با لەویوه‌ بڕۆیین، وتی: باشە. کچە سەیر دەکا ڕێگە هەر بەرەو هەڵدێر و تووش دەڕوا! وتی: ئەم ڕێیە زۆر ناخۆشە بۆ لێرەوە هاتی؟! وتی: قەیدی نییە چونکە نزیکترە. هەر ڕۆیشتن نەگەیشتنە شوێنێک، ئێوارەیان بەسەرا هات، پەردەیێکی تاریکی کشا بەسەر ئەو شاخ و کێوانەدا. کچە زۆر دەترسا، کوڕەش دڵی دەدایەوە. شەو خۆیان گەیاندە ناوەندی ئەشکەوتی سەراشان! وتی: ئەمشەو لێرە ستار ئەگرین بەیانی ئەڕۆیین. بەسێ وتی: باشە برام، بە ڕاستی منیش زۆر هیلاکم.
ـ بەڵێ ڕاستە برای دایک و باوکی نەبوو، بەڵام برایێک بوو کە لە بێشکەی مناڵییەوە پێکەوە گەورە بووبوون تا گەیەشتبوونە ئەم کاتە. بەتایبەتی لەم وەختەدا و لەم شوێنەیا دوور لە ئاوەدانی و نزیک لە هەموو سامێک، بەسێ کوڕەی بەلاوە، گەلێ لە حەمەدێی برای لەپێشتر دەزانی بۆ خۆی.
ـ کوڕە هەستا نەختێ داری کۆ کردەوە و ئاوری کردەوە و ڕووی کردە بەسێ و وتی: بەسێ، دەمێ ساڵە بڵێسەی ئاگری ئەو ڕوومەتەت لە دڵما کڵپەی سەندووە و نەمتوانیوە دەری ببڕم! ئێستا ئەو کاتەیە، دەبێ ئەو ئاگرە وەکوژێنی و دڵی خۆتم بدەیتێ!
ـ بەسێ کە گوێی لەم قسەیە بوو، تەزوویێک لە تەوقی سەریەوە دەستی پێ کرد تا گەیەشتە کەڵەموستەی پێی! وەک لەوسەر شاخەوە فڕێی دەنە خوارەوە ئاوابوو، تف لە دەمیا وشک بوو! زمانی بەسترا. کوڕە هاتەوە قسە و وتی: وەختی بێدەنگی نییە، ئاگری دڵی من لەبێ قسەیی تۆ گەلێ بەهێزترە. ئینجا بەسێ هاتە زمان وتی: ئەوە تۆ دەڵێی چی؟ ئەوە من خەو دەبینم یان نە؟ گوێم لە قسەیێکی ناخۆشە لە برایێکی خۆم؟! کوڕ وتی: کات بە فیڕۆ مەیە، دەمێ ساڵە لە بۆسەی ساتێکی وایام، بەسێ وتی: هەموو کەس بە برا و خوشکمان دەزانن، پێم سەیرە شتی وا دەڵێی! چۆن ئەو ناز و بەخێوکردنەی ماڵی باوکمت لەبیر چۆوە! خۆ منیان بە تۆ سپاردووە وەک ئەمانەت، چۆن خیانەت لە ئەمانەت دەکەی؟ هۆشێ بێنەوە بە بەرخۆتا، بزانە خەوتووی یا خەبەری؟ گەر خەوتووی با خەبەرت بکەمەوە بزانە ئەبی بە تنۆکێ ئاو یا نە؟ زۆری وت و کوڕە نەیبیست، وتی: ئەمانەی ناوێ، دڵی خۆتم ئەدەیتێ باشە، ئینا بەم خەنجەرەی بەڕۆکم ئارەزووی خۆمت لێ دەستێنم! کچە کەزانی وایە، باری لێ گۆڕی و کەوتە پاڕانەوە وتی: سوێندت دەدەم بەو خوایەی لەم شوێنە چۆلەدا من و تۆی گیرساندۆته‌وه‌! سوێندت بەو نان و نمەکەی کە لە به‌ینی من‌ و تۆ و ماڵی باوکما هەیە! واز بێنە و نامووسی ئەم خوشکەی خۆت مەشکێنە! خوا ڕەوای هەقی نییە و لە کەله‌ی شەیتان وەرە خوارێ. هەتیو کە زانی بەم جۆرە شتانە ئیشی بۆ ناچێتە سەر، پەلاماری کۆرپەکەی‌ دا و لە باوەشی فڕاندی وتی: دڵی خۆتم ئەدەیتێ باشە، ئینا ئیستا لەتووپەتی دەکەم! بەسێ کەزانی هەتیوە چاوی سوور بووە و خەنجەری ڕووتی بە دەستەوەیە و کۆرپەکەش لەسەر باوەشیەتی، وتی: هەی نمەک بە حەرامی خوا نەناسی بێدەرەتان، بەوە دەمترسێنی؟ بەو خوایەی کە ئێستە لەم شوێنە چۆڵەیا گوێی لە کەساسی منە! نەوەک مناڵ، بەڵکوو خۆشم پارچە پارچە کەی، دەس بۆ نامووسی من نابەی. هەتیو کە ئەوەی بیست شاخی هاری و شێتییەتی بە تەواوی لەسەریەوە دەرچوو، پەلاماری مناڵەی‌ دا سەری لە لاشەی جیا کردەوە. سەری ئەو مناڵە بێتاوانەی لەبەر چاوی ئەو دایکە جەرگ سووتاوەی ڕۆژڕەشە لە لەشی جیا کردەوە! وتی هەروا وازت لێ دێنم، ئێستا زووە دڵی خۆتم بدەرێ با لەمە خراپتریش نەقەومێ. بەسێ وتی: چیت لە دەس هات کردت و پەردەی جەرگمت بڕی، ئیتر چی دەکەی؟ قسە یەکە و نەبووە بە دوو، توخنی نامووسی من ناکەوی. هەتیوە خێرا دەست و قاچی مناڵەکەشی لێ کرده‌وه‌! ئینجا هەستا پەلاماری بەسێیدا وتی: ئەوە خەیاڵە کردووتە، یا دەبێ ئەم خەنجەرەم لێ وەرگری یا دەبێ دڵی خۆتم بدەیتێ، ڕزگاربوونت نییە. ئەمەی وتوو خەنجەرەی لەسەر سنگی بەسێی توند کرد. بەسێ ئیتر هیچ چارێکی نەما، تەنیا ئەو هەناسە هەڵکڕووزاوەی نەبێ کە بەرەو ئاسمانی کرد، بۆ ئەوەی دەستێکی نهێنی لەسەر پاراستنی نامووسی فریای کەوێ. لەگەڵ هەناسەکەدا پەلاماری مەچەکی هەتیوەی دا! مەچەکی هات بە دەستییه‌وه‌ و هێزێکی نهێنی کاری کردە دەستەکانی! بەسێ شێرانە و مەردانە خەنجەری لە دەستی دەرهێنا و لەسەر سنگی هەتیوەی توند کرد، هێزی سەردا تا لە سینگی دیوەدەری کرد! دیسان دەری هێناوە و ئاوقای سەر دڵی کرد، خوێن فیچقەی کرد. هەتیو خاو بووەوە لەوێ لاشەی پیسی بێ گیان کەوت. بەسێ ورەی بەرنەیا، هەستا چوو دەست و قاچی مناڵەکەی کۆ کردەوە لەبەر دەمی خۆیا داینا. سێ شت دەوری بەسێیان دا:
١- دیمەنی کۆرپەکەی
٢- دیمەنی تەرمی هەتیووەکە
٣- دیمەنی سامناکی پڕ سامی ئەشکەوت و تەلان و کێو و دەڤەرەکە. ئەمانە بەسێی خستە خەیاڵی ئەم ڕۆژە تاریکەوە کە بەسەری هات. با بەسێ لێرەدا لە ناو ئەم گێژی دەریای خەیاڵەیا بەجێ بێڵین.

دنیا شەو بوو، پاش خێڵ خەوتنان کوڕوکاڵ لە دیوەخانی مەمەنداغا لە ئاوایی گرگاشێ دانیشتبوون، لەهەر بازاڕێک ئەکرا و لەهەر داستانێک زمانێک ئەگێڕا. گڕگڕ باس هاتە سەر ئازایی و نەترسی، هەر یەکە لە ئاستی خۆی، خۆی بەشتێک ده‌زانی و کەس نەی ئەوت هیچ نیم. هەر یەکێ خۆی بەشتێکەوە هەڵدەکێشا (بە ڕاستی ئەو ڕۆژەش ڕۆژی دەست و تفەنگ و دڵ و جەرگ بوو!) نە دنیا وەک ئێستا تەواو گۆڕابوو، نە ئازایی وەکوو ئێستا بەدناو بووبوو.
ـ مەمەنداغا لەسەر دیوەخانەکەوە دانیشتبوو وتی: کوڕینە، ئەمەی پێ ناوێ! کێتان دەتوانێ بچێتە ئەشکەوتی سەراشان و بێتەوە؟! ئەمەیە ئازایەتی، بزانم کێ جوامێرە؟ کوتوپڕ پەردەیێکی بێ دەنگی خۆی کێشا بەسەر دیوەخانەکەیا و کەس ورتەی لێوە نەهات!! دانیشتوان سەیری یەکتریان دەکرد، نەیان توانی لێویان ببزوێننه‌وه‌! (ئەوە نیشانەی ئەوە بووە ئەشکەوتی سەراشان بە سام بووە شەوانە، بۆیە کەس نەیوێراوە خۆی لێ بات). مەمەنداغا هاتەوە قسە و وتی: جارێکیکە لە دیوەخانی منا نەکەونە قسەوباس و خۆهەڵکێشان، ئەوە من گرەو دەکەم، هەرکەس بچێتە ئەوێ ئەو دەسەسڕەی من کە ئەیدەمێ، لەوێ داینێ و بێتەوە، ئەستێڵی کچمی لێ مارە دەکەم! دەسا بزانم کێتان ئەم ئازاییە دەکەن و ئەم گرێوە دەبەنه‌وه‌!؟ دیسان کەس نەهاتەوە قسە! مەمەنداغا تووڕە بوو وتی: زۆر چاکە بۆم دەرکەوت من لە وەختی تەنگانەیا پیاوم نییە پشتی پێ ببەستم. هەر لە قسەکانی بووەوە حەمەدێ هاتە قسە و وتی: غوڵامی سەری ئاغام؛ چوو دەستی ماچ کرد، ئاغا دەسەسڕەکەی دایێ و وتی: لەم دیوەخانە هەڵناستین تا دێیتەوە.
ـ حەمەدێ هاتەدەر سەیری کرد دنیا کشوماتە و بێدەنگ و بەسام، چاو چاو نابینێ، وردەوردە باران دەبارێ. هەر چەن بەهارە زۆر ساردیشە. بە دڵێکی قایمتر لە شێر چاکی لێ بە لادا کرد و بەڕێ کەوت بەرەو پیرە ئەشکەوت، ئاگای لە کارەساتی ناهەنجامی ئەو شەوەش نییە. حەمەدێ تەنگی بە ئەشکەوت هەڵچنی، وای لێهات تارمایی کونەکەی بەدی دەکرد و بچێ دەسەسڕی مرادی لەسەر دانێ و وەگەڕێ. کوتوپڕ لە ناکاو لە ناو ئەو شەپۆلی دنیای سامناکەدا، ترپەیێک لەبەر دەمیەوە هات و شتێکی بۆ هاویژرا و دای لە لەشی! حەمەدێ بەندی جگەری کەوتە خوار! لە شوێنەکەی خۆی وشک بوو، تاسێک بردیەوە! ئەژنۆی هێزی تیا نەما، نە ئەمە بۆ پێش بچێ نە بۆ دواوە وەگەڕێ، هەر ئەندەی پێ کرا لە شوێنی خۆی هەڵتووتێ. کە دانیشت دەستی گێڕا ئەو شتەی بۆی هاویژرا دۆزیەوە کە هەڵی گرت، زانی ئەوە دەستی ئینسانە و هی مناڵیشە!؟ ئەوه‌ندەی‌ تر ورەی ڕووخا، ئەوەی هێز بوو نەیما! زمانیشی لە گەڕان وەستا. کەوتە خەیاڵ کە ئەمە چییە؟! چ کارەساتێکە بەسەریا هات؟ کەوتە چ شوێنێکەوە کە هاوڕاز لێرەیا بەس سام و ترسە! پاش تۆزێ ڕامان، هۆشی هاتەوە وتی: دەک عەمرت نەمێنێ، خۆ تۆ ئیددیعای کەڵەمێردیت دەکرد، کوا ئازاییەکەت؟ بۆچی نەتەزانی دنیا هەموو کاتێ دیوەخانەکەی مەمەنداغا نییە؟ ورەی هاتەوە، بەراو دەستی دایە خەنجەرەکەی، بە دڵێ قایمتر لە هەوەڵ دەستی کرده‌وه‌ بە ڕۆیشتن. چەن هەنگاوێکی‌ تر ڕۆیشت، شتێ‌ تری بۆ هاویژرا و درا لەسەر سنگی! کە دانەویەوە و هەڵی گرت، تەماشا دەکا قاچی مناڵێکە! ئیتر ترسی نەما هاواری کرد، ئەی ئەو کەسەی لەو ئەشکەوتەیای، دێوی درنجی چیت؟ دەنگ بکە سەرێکە و هێناومە و نایبەمەوە! یا ئەوەتە وەک خاوەنی ئەو دەست‌وقاچەم لێ دێ، یا ئەمەتە تۆ وات لێ دێ! کەواتە مەردانە وەرە میدانەوە. کە ئەمەی ئەوت، دەنگه‌دەنگی دەدایەوە. کوتوپڕ دەنگێکی ناسکی بەسۆز لە ناو ئەشکەوتەکەوە هاتە گوێ وتی: ئای کاکەگیان نە دێوە و نە درنج، بەسێی چارەڕەشی هەناسە ساردی خوشکتە! والێرە کەوتووە! ئەوە تۆ فریشتەی ئاسمان بوو یا حەمەدێی برای بەسێ بووی لەم وەختەیا گەیەشتی؟! ئیتر دەنگەکە نەما.
ـ حەمەدێ وتی: ئەوە چی دەبیستم؟ حەمەدێی چی؟ بەسێی چی؟ ئەمە چ کارەساتێکە؟ تۆزێک ڕاما و کەوتە ڕێ بەڕەو ئەشکەوتەکە و چووە ژوورەوە. سەرەتا چاوی بە هێندێ سەرە بزووتک کەوت کە بڵێسەیان مابوو، لە تەنیشتیەوە ئافرەتێک بێهۆش کەوتووە! لە تەنشتییەوە تەرمی مناڵێکی لێیە! لەوبەر ئاگرەکەوە زەلامێک وەک تەڕڕاح کەوتووە دوو خەنجەر لەسەر دڵی دراوەو کوژراوە و بێهەناسە کراوە!؟ ئەم دیمەنانە بە تەواوی حەمەدێی خستە گێژاوی دنیایێکی‌ ترەوە!! چووە لای ئاورەکە، لەبەر ڕووناکی ئاگرەکە سەیری کرد ئەو ئافرەتەی کەوتووە ڕاستە، بەسێی خوشکییەتی! خێرا چوو سەری بەرز کردەوە، لەسەر ڕانی داینا. دەستی بە ڕوومەتیا هێنا و قژە بزڕکاوەکانی لادا و بانگی کرد بەسێ، بەسێ! هیچ دەنگی نییە! هێندێ‌ شان و ملی بۆ شێلا و بانگی کرد، هاتەوە هۆش خۆی. بەسێ چاوی هەڵێنا. یەکەم چاو، چاوی بە براکەی کەوت، دوو تنۆک ئەسرین تکاو وتی: کاکە گیان ئەوە تۆیت سەری بەسێی خوشکی چارەڕەشت خستوەتە سەر ڕانت؟ ئەمەی وت و بێهۆش کەوتەوە.

حەمەدێ لەبەر خوشکی سەرناپڕژێ سەیری دەورووبەری بکا و بزانێ چییە؟ دیسان کەوتەوە تەقالادان بۆ بەهۆشهێنانەوەی خوشکی. هەرجۆر بێ هێنایەوە هۆش و لێی پرسی تێم گەیێنە؟ چی بووە؟ بۆ لێرەن؟ تێمگەیێنە! بەسێ سەری بەرزکرد و وتی: کاکە سەیری ئەو تەرمە بکە بزانە دەیناسی؟ حەمەدێ هەستا چوو سەیری کرد، تەماشا ۆەکا ئەوە کوڕی سەپانەکەیە! ئای پشتی شکاوم، ئەمە بۆ کوژراوە؟ بەسێ من و تۆ برایێکمان لەدەس چوو، ئەمەی وتوو چاوی پڕبوو لە ئاو. بەسێ وتی: کاکە مەگری، وەرە با بۆت وەگێڕم. چی بەسەر هاتبوو هەمووی بۆ گێڕاوە. حەمەدێ کە لە کارەسات و نمەکبەحەرامی هەتیوە تێگەیشت، هەر ئەوندەی بۆ مایەوە پڕ بە چاوی تووڕەوە تەماشای کات، دەستی دایە خەنجەر پەلاماری بدات، بەس خۆ تازە مردووە. وتی: لەمانە تێگەیشتم، بەڵام پێم بڵێ کە نزیک بوومه‌وه‌ بۆچی دەست و قاچی مناڵەکەت بۆ ئەهاویشتم؟! وتی: کاکە لەم تاریکە زەنگەیا وتم لەوانەیە دڕندە بۆنی خوێنەکەیان کردبێ و بێن، بۆیە کاتێ تارماییەکەم دی، وامزانی دڕندەیە، وتم با پەلی مناڵەکەی بۆ بهاوێژم تا دەیخوا پێی دەچێ، بەشکم خوای گەورە بێت بەهانام و فریام کەوێ بۆ ئەوە بوو. خوای گەورە تۆی کردە فریشتەی ڕزگاری و هاتی بە هانامەوە! پاش ئەمانە ناوچاوانی خوشکی خۆی ماچ کرد و فرمێسکەکانی سڕییەوە وتی: خوشکە ئازاکەم با بڕۆیین. مناڵەکەیان خستە چارۆکەیێکەوە و دای بە شانیا و دەسەسڕەکەی لەوێ دانا و گەڕانەوە ڕووەو ئاوایی گرگاشێ.
میرزا حەمەدێ، بەسێی خوشکی بردەوە بۆ ماڵەوە، خۆی چوو بۆ دیوەخانی میر مەمەنداغا، تەماشای کرد دیوەخان هێشتا تێک نەچووە! دانیشتوان لە گەرمەی قسە دان؛ یەکێ دەڵێ: حەمەدێ سەری تیاچوو! یەکی‌ تر ده‌ڵێ: لە باوباپیرمانم بیستووە، ئەشکەوتی سەراشان خێوی هەیە! هەر یه‌که‌و جۆرێ ئاشەکە دەسووڕێنێ! لەم لاشەوە مەمەنداغا پەژارە دایگرتووە و ماتە کە بوو بەهۆی تیاچوونی حەمەدێ. لەم کاتەیا خۆی کرد بەژوورا و وتی: غوڵامی سەری ئاغام!! هەموو بە جارێ گەشانەوە، بەڵام حەمدێ ڕەنگ لە ڕوویا نەماوە!؟ ئاغا لێی پرسی چ باسە؟ وتی: چۆن ڕۆیشت و چی دی و چی بەسەرهات، هەمووی گێڕاوە. تێکڕا لەم ڕووداوە سەیرە، سەرسام بوون و گەورەیی خوایان زیاتر بۆ دەرکەوت، دڵنیا بوون لە وریایی و ئازایی حەمەدێ. بەیانی میر خۆی و چەن سوارێک چوونە ئەشکەوتەکە، سەیریان کرد تەرمی هەتیوەکە لەوێ کەوتووە، دەسەسڕەکەش لەوێ دانراوە. هاتنەوە بۆ ئاوایی گرگاشێ و پێش هەموو شتێ، کچەکەی خۆی مارە کرد لە حەمەدێ. ئینجا بەسێ خانمی هێنا بە چاوی باوکانەوە بۆی ڕوانی و سەری ماچ کرد و مناڵەکەیان ناشت و گەلێ دڵنەوایی بسێی کرد و وتی: کچەکەم، خەفەت مەخۆ، مناڵ دەبێتەوە، بەس نامووس و شەڕەف و ئابڕوو کە تکا، هیچ شتێ جێی پڕ ناکاتەوە، ئەم قارەمانییەتییەی تۆ سەری هەموو ئافرتێکی بەرز کرده‌وە، لایەق و شایەنی بە قارەمانی ئافرەتان.

بەڕێزان ئەم ڕووداوە لە کتێبی بە نرخی ڕشتەی مرواری عەلائەددین سەججادی‌ دایە، زۆر کاریگەرە، لەبەر درێژی ڕووداوەکە خاڵە گرنگەکانی ڕەوشت بەرزی نانووسم و ئەی سپێرم بە خوێنەرانی بەرێز.

ـ نووسینەوەی دەق بە کورتی و پوختی: سەعدی مورادی ـ بڵەسەن
سۆزی میحڕاب

از طريق
سعدی مرادی
منبع
http://sozimihrab.org/
برچسب ها
نمایش بیشتر

سعدی مرادی

استان کردستان - بانه مترجم و نویسنده دعوتگر و فعال دینی

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.

همچنین ببینید
بستن
دکمه بازگشت به بالا
بستن
بستن