اندیشهسیاسی

قەڵەمی بەرپرس

قەڵەمی بەرپرس

جهانگیر بابایی:
” قەڵەمی بەرپرس و ڕەسەن”

لەشێکی بێ گیان و لەڕو لاوازو دەستەمۆ،بێ جیاوازی سەربۆ هەموو پیاو و ناپیاوێک دەلەقێنێ دەستە واژەی بەچاوانی لە زاری ناکەوێ بە گشتی و بەکوردی لەئەمری خاوەنەکەی لانادا.

وشەیەکی بەپێزو کاریگەروو ورووژێنەرە،شۆڕش بەپا دەکا ولەناومێژوودا بەخوێنی دڵی چەخماخە لێدراوە.
خوای خاوەن شکۆ ڕێزی لێ گرتوە و بەشان و باهۆی هەڵدەڵێ.لەژیانی چالاکوان و خەباتگێڕانی ئەدەب و نووسراوەدا، هێمای چەکێکی بەبڕەو و شوێن دانەرە و موو دەپێکێ.
باڵای لەسەرووی نیشتمانە و تەمەنی لەگەڵ مێژوویە و لەناو کۆشک و دیواخان و کتێبخانە و حوجرە و مەکتەبەکاندا خۆی نواندوە و قسەی یەکەمی کردوە.
هیچ شتێک نەیتوانیوە شانی لەشان بدا و بەڵام زۆر خۆبەکەم گریش بوە، هاوەڵی مناڵ و گەنج و هەژارو ساماندارو زانایان بوە.خاوەنی خۆی هەڵکشاندۆتە سەرووی کۆڕو کۆبوونەوەکانی شاهانە و بەتایبەت ڕێزی لێ گیراوە.
بەڵام ئایا هەموو قەڵمێک ڕەسەنە و دەبێ باوەڕی پێ بکرێ؟ئایا قەڵەم هەست بەبەرپرسیاریەتی دەکا و دەبێ ئەوەی لەدەمی هەڵدەقوڵێ لەرووی زانیاری و بیرو هزرەوە بێ یان بەهەوانته هەرچی حەزی دڵی خۆیەتی وەک پلاری کوێر بیوەشێنێ و بۆ دڵخۆشی و دامرکانی هەوەسی هێندێک کاربکا؟

دایکی نیشتمان،چاوی پڕلەئەسرینی بڕیوەته زاری قەڵەم و کردەوەکانی لەبەرچاوە، کەئایا ئەوقمە شیرەی کەتکاوەته ناودەم و لێوی دەبێتە زمان حاڵی یان هەر لەبەرخۆنواندن کات بەفیرۆ دەدا و دەبێته ئاڵقە بەگوێی دەسەڵاتداران؟
گەلێک خاوەن قەڵەمی بەپێز سەریان هەڵداوە و بەڵام لەنیوەی ڕێگادا لەبەرامبەر پۆست و سامان و ماڵی دونیا سەریان داخستوە و مشت و مڕیان لێ بڕاوە دایکی نیشتمانیان بەهەناسەساردی هێشتۆتەوە.

خۆڕاگری لەبەرامبەر تەوژمی ڕووخێنەرو زللەی قورسی دەسەڵات ئاستەمە وهەموو خاوەن هزرو قەڵەمێک،خۆی بۆناگرێ وناتوانێ بەپێچەوانەی ئەوباوەڕە ،مەلە بکا و باسک لێدا ،هەربۆیە خۆ دەداتە دەستی و لەگەڵ شەپۆلە وێرانکەرەکانی ڕادێ و ڕادەماڵدرێ.

بوونە خاوەن قەڵەم زۆردژوارو سەخت نییە وقەڵەم ئەسپێکی کێوی نییە کەسەربۆهەموو ئاوسارێک شل نەکا و بگوڕێنێ بەپێچەوانە ڕەکێف خۆشە وسەرکێشی ناکاو هەرگیز پشووسوارنابێ و لەوێرغەناکەوێ و سمکۆڵی دەکا و دەپڕمێنی و بۆتاودان ئامادەیە.

ئەوەی لێرەدا جێگای باس و خواسە ئەوشۆڕەسوارەیە کە بۆتە ڕەکێف دارو و لەغاو بەدەستی ئەسپی قەڵەم،کەکێیە و چی دەوێ و چۆن دەدوێ و ئاستی خۆڕاگری چەندە و بۆچی دەدوێ ؟ چ پشتیوانەیەکی هزری و فکری لەپشته کە نەهێڵێ هەنگاو شل بێ وئارەقە بکا و لەبیرو باوەڕی پاشەگەز بێتەوە.

ئەگەر خاوەن قەڵەم، بیرکۆڵ ودەستەوەستان و چاوچنۆک و زگ هەڵدڕاو بێ نەتەنیا بەرگەی کزەبای ئەوکوێستانە ناگرێ لەحاند هیچ زریان و تۆفانێک دەوامە ناهێنێ و پەل داوێ و بڕستی غاردانی لێدەبڕێ.
قەڵەمێک شایەنی پێهەڵاگوتن و چەپڵەلێدان و سەرسووڕمانە کەوەک نەشتەر وچەقۆیەکی تیژ وابێ بتوانێ بەلێزانی و پسپۆری و بێ دارووخان، لەجێگای خۆی هەڵدڕێ و ببڕێ و دەرزی و تەقەڵیش بکاتەوه.

کۆمەڵگا جەستەیەکە کەدایم تووشی نەخۆشی و نەهامەتی و کزی وپەشۆکاوی دەبێ و شۆڕەسواری گۆڕەپانی قەڵەم ئەو حەکیم و نەشتەرگەرە لێزانەیە کە سەری ڕێزبۆ ساغی و جوانی و بەروو بوومی کۆمەڵگا دادەنوێنێ بەحورمەت و ئەدەبەوە لەحاندی تێپەڕدەبێ و دەستەو ئەژنۆ، بۆی دەوێستی کەهەرگیزناتوانێ خەنجەری جەوهەرداری خۆی بۆکرمەڕێزی و قرپۆکی و ئەوشێرپەنجەیەی کە ئەوجەستەی داگرتوە و دەستی لەبینێ ناوە وەگەڕنەخاو بێ خایە دانیشێ و شل و شەوێڵ بێ.

تاکێک کە بەخوێن و ماڵ و سامانی دایکی نیشتمان، ئاودێرکرابێ و نەمامی شلک و ناسکی بەدەست ئەوباخەوانە بەنازەو باوەش گەرمە،شەونخوونی بۆکرابێ ئەگەرنەتوانێ وەک ئەمەگ دارێک سەرەتایی ترین ئەرک و بەرپرسی خۆی وەدی بێنێ یاخوا هەرگیز زمانی گۆیە نەکا و باڵاو پەنجەی داڕزێ و لەقوڕ ڕۆچێ.

لەپانتایی مێژوودا هەمیشە هێندێک خاوەن قەڵەم و پێنووس،پەنایان بردۆته دەسەڵات و بەسێحری قەڵەم خەریکی چەوسانەوە و داسەپاندنی زوڵم و خۆبەزلزانی بوون و یاریدەدەریان بوو، ڕزیوترین بەشی کۆمەڵگاش هەرلەوبەشەڕا سەری هەڵداوە و لەبەڵێ قوربان و سەردانواندن،شتێکی دیکەی لەدەست نەهاتوە زڕەمیوەیەکە کە لەداری نیشتمان بەرهەم هاتوە و دەستی لێشۆراوە.

بەشێکی دیکە کە جێگای هومێدو دڵ پێخۆش کردنە وەک سەرتۆپ و پاڵەوانی ئەوگۆڕەپانە چاوی لێدەکرێ،بەبێ دەعیەودەمار و خۆبەزلزانی، هەستێکی پاکی لەدەرووندا دەبووژێتەوە وسەربەخۆ هەست بەبەرپرسیاری دەکا و خۆڕسک کەلێن و قوژبن و بۆشایی و دیوارە لەرزۆکەکان نۆژەن دەکاتەوە و ماندوویی نەناسانه سواغ و قوڕەپەست دەکا و حەکیم ئاسا برین و شکست و نەخۆشی ساڕێژدەکا.

ئەوجۆرە خاوەن قەڵەمانە، تێڕاخوڕین و دەنگ هەڵێنان و ئافەریم و بارەقەڵایی کەسیان ناوێ و وەک ئامێرێکی هەستیارە کەلەهەرجێگایەک نەخۆشی و کزی و رووناکاییێک ببینێ هەڵوێست دەگرێ ودەبێتە مەڵحەمی زام و پێش بە ئازارو ئێش و نۆبەتی و کەوتوویی

کۆمەڵگادەگرێ.

قەڵەمی ڕەسەن، وەک دڵۆپەبارانێک لەناوکەش و هەوای نیشتمان دەست لێک گرێ دەدەن و یەک دەگرن و دەبنه جۆگەئاو و مێشکی تینووی کۆمەڵگا تەڕو پاراودەکەن و مەزرای ویشک دەخەمڵێنن.

دژی داسەپاندنی زستانی سەخڵەت و بەندو تۆفان،دەوەستێ و خەبات دەکا و بۆهاتنی بەهارێکی سەرسەوزو نەرمینە، هەڵوێست دەگرێ.

تەمەنی ئەوجۆرە خاوەن قەڵەمانە بێ بنە و ژیانیان کۆتایی نایا و هیچ گڵ و بەردو شاخ و زەمەن و چاڵ ودمبەستێک ناتوانێ جەستەو ڕووحی ئەوان،ئاوساربکا و بەچڵپاو و بەرماو و لیکاوی دەسەڵاتی ڕەها، سڕو بێ هۆش و دەستەمۆ بکرێن.

هیچ هەڵۆیەک ناتوانێ دراوسێ و هاوژەمی قاڵاوە ڕەشەی سەر زبڵ و پیسایی بێ و بۆمانەوە سەرلەناو کەلاک و پەیین ڕاکا وچینە بکا.
قەڵەمی ڕەسەن ئەسپەکێویێکی سەرکێش و ئاوسارنەدیوە و بە بۆنی دەستی مرۆڤ ڕانەهاتوەوە و فێری حەوشە و لەغاو و بەستنەوە نییه و بەرهەمی کێو و پێ دەشت و هەڵات هەڵات و شاخ و تەلانە.

جەهانگیربابایی – سەردەشت – گەلاوێژی٤٠٠

از طريق
جەهانگیربابایی
منبع
http://sozimihrab.org/
نمایش بیشتر

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.

دکمه بازگشت به بالا

Notice: ob_end_flush(): failed to send buffer of zlib output compression (1) in /home/mihrab777dcv3e/domains/sozimihrab.org/public_html/wp-includes/functions.php on line 4757

Notice: ob_end_flush(): failed to send buffer of zlib output compression (1) in /home/mihrab777dcv3e/domains/sozimihrab.org/public_html/wp-includes/functions.php on line 4757