خبرها،نظرها

‍ “کورتە چیڕۆکی ژیانی ئێمە”

جهانگیر بابایی

ورچێک لە ناو دارستانێک، سەری لێ ئەستوور ببوو. نەیدەزانی شەو و ڕۆژی خۆی چۆن تێپەر بکا.

دایم لە حەول و تێکۆشان دابوو کە بەشکم هەلێکی بۆ هەڵکەوێ و لە جێگایەک دامەزرێ.

ڕۆژێک کە بە بێ وازی، لە ناو دارستاندا دەسووڕایەوە لە ناکاو، چاوی بە ڕاگەیەنراوێک هەڵەنگوت کە بۆ دامەزران و هەلی کار، بانگەوازی دەرکردبوو.

مام ورچی لە بەزدا خنکاو، لە خۆشیان، خۆی هەڵاویشت و بە حیندرقۆ، بەرەو شوێن و نووسینگەی دیاریکراو، وەڕێ کەوت.

بە پڕتاو خۆی بە ژوورەکە داکرد و ئامادەیی خۆی ڕاگەیاند. بەڕێوەبەران، کاری کەروێشکیان پێ پێشنیار کرد و ورچی داماویش، لە مەجبووریان، سەری داخست و ملی نایە کارکردن.

دوای ماوەیەک کار و هەڵسووڕان، شەرمی لە قەبارە و قەڵافەتی خۆی دەکرد کە بەو هەموو بەز و مەچەکەوە، کارێکی ئاوا بچکۆڵەیان پێ سپاردوە.

سکاڵایەکی، چڕ و پڕی، بۆ بنکەی سەرکردایەتی بەرز کردەوە.

دوای لێکۆڵینەوە و پرس و ڕایەکی زۆر، بەو قەناعەت گەیشتن کە، لێژنەیەک بە سەرپەرشتیاری پڵینگی مەزن، داواکاری و سکاڵای مام ورچ تاو و توێ بکا.

ئەنجوومەنی لێکۆڵەر، خۆی گەیاندە دارستان و کۆبوونەوە و پرسیار و وڵام دەستی پێکرد. بەڵگەی بەهێز و شایەت و کار و باری مام ورچ، زۆر قایم و پتەو بوو. بەڵام سەرەڕای ئەو هەموو قایم کاری و ڕێک و پێکیە، لێژنە بڕیاری دەرکرد کە هیچ ئاڵ و گۆڕێک نابێ روو بدا و هەر کەس دەبێ، لە سەرئەرک و کاری خۆی بمێنێتەوە.

هیچ کەس تەنانەت ورچه بۆریش، متەقیان لێوە نەهات و دەنگیان دەرنەبڕی.

لیژنە و کۆبوونەوە کۆتایی هات و ئاو بە ئاوێ داکرا و کار و چالاکی وەگەڕ کەوتەوە.

ئاژەڵانی دارستان، لە دەوری ورچ هاڵان و لێیان پرسی ئەرێ ئەتۆ ئەوهەموو هاوار هاوارە و سکاڵا تەقدیم کردنەت لە چ بوو و ئەوڕۆ بۆ لە هەمبەر، ڕا و دەنگی لیژنە، هیچت نەوت؟ بۆ سەرت هەڵنەبڕی و زمانت لاڵ بوو؟

ورچی داماو، وەقسە هات و وتی:” برادەرانی خۆشەویستم. هەوەڵ جار، بڕیار وابوو پڵینگی مەزن و دانا، سەرپەرشتیاری، ئەو لیژنە دادوەریە بێ و بە سەر ڕابگا. بۆ خۆتان دیتتان کە گوێدرێژ، سەرۆک لیژنە بوو. ئاخر من چم وتبایە؟ خۆ سەرۆک لیژنە، بۆ خۆی، شیاوی ئەو جێگایە مەزنەی نەبوو هەتا دادی من، وەرگرێ!

کورد وتنی:” بەردی بناغەی دیوارێک خوار بێ هەتا سەر، هەر بە خێچ و خواری دەچێته پێش.”

بەڕێز مەولانای ڕۆمی، حەوسەد ساڵێک لەمەو بەر، ئەو خاڵە لاوازەی کۆمەڵگای مرۆڤی پێکاوە.

دەفەرموێ:” ئاسکێکی بەناز و خاڵ خاڵ و نەرم و نۆڵی دەستپەروەردەی، ناو سەوزەزار و کوێستان و دەشت و چیمەن، ڕاودەکرێ و تووشی تەویلەی بۆگەن و بۆ هەڕنەمووتی گوێدرێژان دەبێ. هەتا بەیانی ئازار و ئەزیەتی دەدەن و تانە و تەشەری ڵێدەدەن و بەناز و لەنجە و جوانچاکی و خەمڵاوی ئەو، گاڵتە و گەپ دەکەن و وەبەر لەقە و کەڵپی دەدەن.”

ژیانی ئەوڕۆی ئێمەش، لەگەڵ زۆرێکان، بەوپەڕی ڕێزەوە ئاوامان لێ بەسەر هاتوه.

هیچ کارێکی کۆمەڵگا و وڵات و جیهان، لە جێگای خۆی نەماوە. ترازانێک ڕووی داوە کە بە سەدان و بگرە هەزاران زانا و پسپۆڕ، ڕاست نابێتەوە. نێوکی کۆمەڵگا، وا کەوتوە کە کاری هیچ حەکیم و لوقمانێک نیە. مەگەر ئەوەی کە، مافی پلە و پایەکان، بدرێتەوە.

ژیانی ئەوڕۆ، وەک گۆڕەپانی شەترەنجێک وایە کە جێگوڕکە بە پۆست و کورسی پاشا و وەزیر و فیل و سەرباز، کراوە و هیچ ئەکتەرێک، ڕۆڵی خۆی نابینێ.

کاتێک هەڵۆیەکی بەرزەفڕی بەرزەمژ، پرس و ڕا بە قاڵاوێکی پیس و پۆخڵ و پەیناوی بکا کە چۆن زیاتر بژی و ڕازی مانەوەی خۆی پێ بڵێ ، غەیری ڕێنوێنی کردن بەرەو سەرگوێلک و چینە لەناو پەین و شیاکە و دم لەکەلاک وەردان، چ ڕێنوێنێکی دیکەی پێدەکرێ و بەرەو کوێی هانی دەدا؟

جەهانگیربابایی. سەردەشت

نمایش بیشتر

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

همچنین ببینید
بستن
دکمه بازگشت به بالا