تاریخشخصیت ها

مامۆستا مەلا عەبدوڵڵای ئەحمەدیان(3-2)

مامۆستا مەلا عەبدوڵڵای ئەحمەدیان

بەرهەم و ئاسەواری مامۆستا ئەحمەدیان:

جیا لە ئەرک و چالاکی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و تەدریس، سی بەرهەمی بە زمانی فارسی و کوردی و عەڕەبی پێشکەش بە کۆمەڵگای خۆی کرد، ئەو بەرهەمانە بیست‌وهەشت بەرهەمیان «تەئلیف» و دوو بەرهەمیان «رسالة التوحید»ی شێخ محەممەد عەبدە و «مختصـر علم القرآن»ی سیوتی وەرگێڕانە لە عەڕەبی بۆ فارسی، لەو سی بەرهەمە، هەژدە بەرهەمی بە زمانی فارسی، یازدە بەرهەمی بە زمانی کوردی، بەرهەمێکی زۆر بەپێزی بە عەڕەبی نووسیوە. جیا لەو بەرهەمانە، دە بەرگ بەرنامەی ڕادیۆیی لە دوای خۆی بەجێ هێشتووە کە نزیک بە چوارسەد بەرنامەی ئایینی و ئەدەبی لەخۆ دەگرێ. مامۆستا لە چەند بواری جیاواز دەستی بۆ قەڵەم برد و دەسەڵاتی زانینی خۆی لەو بوارەدا ئاشکرا کرد. بۆ وێنە:

لە بواری «تفسیر»: کتێبی «الایضاح»ی بە زمانی عەڕەبی لەسەر گرێ‌وگۆڵی تەفسیری بەیزاوی نووسی، هەروا تەفسیری سووڕەی «فاتیحا» و «یاسین» و بەشێک لە «بەقەڕە»ی جیاجیا بە زمانی کوردی تەفسیر کرد.

لە بواری «علم‌القرآن»: کتێبی «قرآن‌شناسی» بە فارسی نووسی، ئەو کتێبە پێنج جار چاپ کراوە، هەر لەوبوارەدا «مختصـر علم‌القرآن»ی سیوتی وەرگێڕاوەتە سەر فارسی.

لە بواری «علم‌الحدیث»: کتێبی «تاریخ ضبط و ثبت احادیث»ی بە فارسی نووسی و بەزوویی لە چاپدرا، هەروا کتێبی «حدیث‌شناسی» بە فارسی نووسی، تا ئێستا شەش جار چاپ کراوە.

لە بواری «عقاید و کلام اسلامی»: کتێبی «رسالة‌التوحید» نووسراوی شێخ محەممەد عەبدەی لە عەڕەبیڕا بۆ فارسی وەرگێڕا، هەروا کتێبی «کلام اهل سنت»ی بە فارسی نووسی و شەش جار چاپ کراوەتەوە هەر لەو بوارەدا کتێبی «کلام جدید»ی بە فارسی نووسی و لە چاپ دراوە، هەر وا لە سەر بیر و بڕوا کتێبی «درآمدی بر خداشناسی» بە فارسی نووسیوە و چاپ کراوە.

لە بواری «تاریخ»: کتێبی « مقدّسات اسلام – تاریخ اماکن متبرکە»، «سیمای صادق ابوبکر صدیق»، «سیمای صادق فاروق اعظم»، «تجزیە و تحلیل زندگی امام شافعی» بە فارسی نووسیوە، «سیمای صادق فاروق اعظم» هەشت جار لە چاپ دراوە.

لە بواری «فقە»: کتێبی «تحقیقات» و «بسوی جهان جاویدان»ی بە فارسی نووسیوە و لە چاپ دراون.

لە بواری «ادبیات کردی» – بەشی شێعر: «هەست و هاوار» بەرهەمی هەستی شاعیرانەی مامۆستا ئەحمەدیانە، بەشێک لە شێعرەکانی – نە هەموویان – لەو کتێبە‌دا چاپ و بڵاو کراوەتەوە.

بەشی پەخشانی کوردی: کتێبی «خەزێنە» سی وتاری ئەدەبی و مێژوویی، چاپ و بڵاو کراوەتەوە.

بەشی «نثر مسجّع کُردی» لە توێی بەرهەمێک بە نێوی «موناجاتی مەلاعەبدوڵڵا» بڵاو کراوەتەوە.

جیا لەو بەرهەم و بابەتە سەربەخۆیانە، دووسەد وتاری ئایینی و ئەدەبی و مێژوویی و لێکۆڵینەوەی جیاجیا بە بۆنەی جۆراوجۆر بە کوردی و فارسی لە گۆڤارەکاندا بڵاو کراوەتەوە. لەگەڵ ئەوانە خەزێنەیەکی تر لە دەنگی مامۆستا لە توێی سەدوشێست‌وهەشت وتاری ئایینی و ئەدەبی تۆمارکراو بە دەنگی بەهەست و سۆزی مامۆستا لەسەر «سی. دی» لەبەر دەست دایە. لە دوایی ئەو وتارە لیستی بەرهەمەکانی مامۆستا نیشان دەدرێ.

“تعین اوقات شرعیه در آذربایجان” هەوەڵین کتێبی چاپکراوی مامۆستا ئەحمەدیانە کە ساڵی 1345ی هەتاوی چاپ کراوە

تەفسیرنووسینی مامۆستا ئەحمەدیان: 

مامۆستا مەلاعەبدوڵڵا ئەحمەدیان وەک زانایەکی توانا لە بواری تەفسیر کە ڕای سەربەخۆ و جیاوازی بۆ پڕۆڤە و شڕۆڤەی ئایەتەکانی قوڕئانی پیرۆز هەبوو، ئاواتی ئەوە بوو قوڕئان بە زمانی کوردی تەفسیر بکا، ئەو ئاواتەی مامۆستا لە پێشەکی تەفسیری سووڕەی فاتیحا بەو شێوە ڕەنگی داوەتەوە کە دەفەرمێ:

«لەبەر خودا دەپاڕێمەوە یارمەتیم بدا تەفسیری ئەو سووڕەتە «فاتیحا» تەواو بکەم، دەپاڕێمەوە تەفسیری ئەو سووڕەتە بکاتە پێشەکی بۆ تەفسیرکردنی تەواوی قوڕئان بە کوردی [بەو هیوایە] ئەو ڕۆژە بێ کە هەموو قوڕئان بە کوردی تەفسیر بکەم، دیارە لە کەڕەمی خودا هەموو دوورێک نزیکە و هەموو گرانێک ئاسانە» (تەفسیری سووڕەی فاتیحا، مامۆستا مەلاعەبدوڵڵا ئەحمەدیان، ل 8، انتشارات رهرو، مەهاباد)

ئەوە ئاواتی مامۆستا بوو، بەڵام زۆرجار خواستی خودا و ویستی ئێمە یەکتر ناگرنەوە، یان بڵێین تەقدیر، تەگبیر هەڵدەوەشێنێتەوە، دوای چەند جار دەستپێکردن و لێبڕان بۆ نووسینی ئەو تەفسیرە، بەداخەوە ئەو پڕۆژە هەر بە نیوەچڵی ماوە، لەگەڵ ئەوە بۆ نووسینی زۆر چێ بوو بەڵام ئەو ئاواتە بە تەواوی هەر نەهاتە بەرهەم و نەهاتە بەرهەم! ئەرکی ڕۆژانە و ئیشی مەلایەتی و دەرسی فەقێ و تەدریسی قوتابخانە و زانستگا و نووسینی ئەو کتێب و ئەم وتار حەڤدە ساڵ، لە ساڵی 65 تا 82 درێژەی کێشا، وەک ئەوە «جەبر»ێک لەکار دابێ بۆ ئەوە پێنووسەکەی لێوەرگرێ و ئەو ئەرکە مەیسەر نەبێ، یان هەرچی نێوی بنێین هێزێک عەمدێک، قەدەرێک، قەزایەک، خێراخێرا قەڵەمەکەی پێ لەسەر تەفسیرەکە دادەنا و کارەکە نێوبڕ دەبوو. بە کورتی دوای حەڤدە ساڵ مامۆستا ئەحمەدیان توانی لەسەر نووسینی تەفسیری قوڕئان بە کوردی سێ قۆناغ ببڕێ: 

قۆناغی هەوەڵ: سەرەتای پڕۆژەی تەفسیر بە نووسینی «تەفسیری سووڕەی یاسین» ساڵی 1365ی هەتاوی لە (237) لاپەڕدا. 

قۆناغی دووهەم: نووسینی «تەفسیری سووڕەی فاتیحا» ساڵی 1373ی هەتاوی لە (83) لاپەڕ دا، ئەو تەفسیرە ساڵی 1379 لە چاپ دراوە.

قۆناغی سێهەم: نووسینی  «تەفسیری فاتیحا» بە کورتی لەگەڵ نووسینی تەفسیری 177 ئایەتی سووڕەی بەقەڕە  لە ژێر ناوی «تەفسیری رۆژ» لە توێی (245) لاپەڕدا. بەڵام تەمەن مەودای نەدا مامۆستا ئەو ئەرکە بە تەواوی بگەیەنێتە دوایین قۆناغ، ئەجەل ڕایەڵ و پۆی کرەکەی یەکجێ هەڵوێزنی، مخابن ئاواتی تەواوکردنی ئەو تەفسیرە نەگەیشتە ئەنجام.

درێژەی هەیە

سوپاسی دوکتۆر ئەحمەد ئەحمەدیان ئەکەم بۆ ناردنی ئەم بابەتە بەنرخە

نمایش بیشتر

ســــۆزی میــــحڕاب

سایت ســــۆزی میــــحڕاب در آذرماه 1392 با همت جمعی از اهل قلم خوشنام و گمنام تاسیس شد ســــۆزی میــــحڕاب بدون جنجال و در اوج عملگرایی به ترویج مبانی میانه روی می پردازد ســــۆزی میــــحڕاب با هیچ جریان و هیچ احدی درگیری ندارد ســــۆزی میــــحڕاب رسالتی جز همزیستی و دگرپذیری ندارد

نوشته های مشابه

یک نظر

  1. سه لاو به داخه وا زوری له کتیبانی ماموستا عه بدوللای ئه حمه دیان له بازار نیه و بی به ش و مه حروم بوین له و نیعمه ته . من زوری له دوای کیتبی التوحیدا و سیمای صادق عمر فاروق گه رام و په یدام نه کرد . ئه گه ر ئیوه براکانم بتوانن کومه کم که ن بو ده س کوتنی ئه م به رهه مانه تا روح له جه سته مه بیت بوتان دوعا ئه که م

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.

همچنین ببینید
بستن
دکمه بازگشت به بالا