
دوکتۆر ئەحمەد ئەحمەدیان؛ زمانناس و توێژەر
مامۆستا مەلا عەبدوڕڕەحمان ناسری(1320_1401)، زانای ئایینی_نەتەوەییی پایەبەرزی موکریان، شاعیر، نووسەر و وێژاوەری زمانپاراو، ڕۆژی هەینی، ڕێکەوتی 21ـی گەلاوێژ لە شاری بۆکان و لە تەمەنی 81ساڵی دا کۆچی دوایی کرد و بەرەو دونیای هەرمان گەڕایەوە.
مامۆستا ناسری کەسایەتییەکی ئایینی_نەتەوەیی ناسراوی موکریان بوو کە خاوەنی ئەو تایبەتمەندییانە بوو:
1. چونکە خۆی قانع و هێدی و هێمن و، تەنانەت لە چەندین قۆناغی ژیانیدا هەژار بوو، هەر بەو بۆنەوە گشت “قانع و هێدی و هێمن و هەژار”ـەکانی گەل و هەموو هۆنەرانی نێودێر بەو نازناوانەی لەڕادەبەدەر خۆش دەویست!
2. هاوکات نەتەوەیی و ئایینی بوو؛ لایەنی ئایینی و لایەنی نەتەوەیی پاراستبوو و تەرازوو و پێوەر و پێوانەکەی بە هیچلایەکدا لاسەنگ نەبوو!
3. بۆ نان و نێو و ئیسم و ڕەسم و هیچ پاساو و بیانوویەکی تر نەدەبوو بە “عَضُدُالدَّولَه”(=دەسەڵاتخواز)؛ گەر”وَجیەُالمِلّە”(=خەڵکخواز)ـیـش بایە، بە هۆی خوووخدەی دامەزراوی گەلویستی و نەتەوەدۆستی و هەروەها ڕووحی حەقخوازی و حەقویستی ئەوەوە بوو، نەک ئەوەی کە لەسۆنگەی کردەوەیەکی بەرژەوەندیخوازانە و پۆپۆلیستییەوە “وَجیەُالمِّلَە”بوونەکەی بکاتە دووکان و بازار و کەرەسەی بەڕێچوون و موشتەری کۆکردنەوە. ڔوون و ئاشکرایە “لەدڵی خەڵکدابوون” لە درێژایی مێژوودا دەردەکەوێ و بە کردەوەی هەلپەرستانە و بە هەلقۆستنەوە بۆ”ارتزاق”لە دین و لە گەل مەیسەر نابێ، بەڵکوو پتروپێشووتر لە هەموو شتێک “ئیخلاس”ی گەرەکە کە مامۆستا ناسری بە شاهیدیی تێکڕای مێژووی ژیانی خاوەنی “ئیخلاس”ـێکی کەموێنەبوو بۆ ڕاپەڕاندنی ئەرکی بانگخوازانە و فێرکارانەی ئایینی و مەعریفی خۆی !
4. وەک هێندێک مەلای بەرژەوەندیخوازی سەردەم، لە تۆرەمەی”پەتاتەی بێڕەگ و بێدەمار” یان لە بەرەی”گوڵەبەڕۆژە”ـی “مُذبذب” و “وازوازی” نەبوو کە هەر ڕۆژەی لەسەر ئایینێک و مەڕامێک و هەڵوێستێکن بۆ بەرژەوەندی تاقی یان تاقمی یان ئۆپۆڕتیۆنیستی و هەلپەرستانەی خۆیان؛ بەڵکوو قایم و پتوون و ڕاوەستاو و خۆڕاگر بوو لە سەر بنەمایەک و هەڵوێستێک و ڕێبازێک و مەڕامێک!
5. پیاوی تاقمچێتی و خۆمانە خۆمانە نەبوو کە تەنیا خۆی ببەستێتەوە بە مەڕامێکی ئیدئۆلۆژیکی و بە جەغزێکی دیاریکراوی ڕامیاری و ڕێکخراوەیەکی تایبەت؛ بەڵکوو بەهۆی ڕووحی حەقحوازی و حەقویستی تەنیا بەرژەوەندیی ئایین و گەل و نیشتمان و ڕاستەقینەی مەبەست بوو و چالاکییە کۆمەڵایەتی و مەعریفی و ئایینییەکانی بە دەوری جەغزی ئەو تەوەرە هەرەگەورە و داگر و بەربڵاوە دەخولایەوە و دەسووڕایەوە !
6. کتێب و پەڕتووک و ڕۆژنامە و گۆڤاری لەڕادەبەدەر خۆش دەویست و بەتایبەتی تامەزرۆی زانین و زانیاری و موتاڵا و خوێندنەوە بوو و بۆ زانیاری کۆکردنەوە و موتاڵای بەردەوام و تێگەیشتن و پێگەیشتنی پتر و پتر، کۆڕی پرسیار و لێکۆڵینەوە و شیکردنەوەی زانستی پێک دێنا!
7. کوردیزان و کوردیخوێن و کوردی نووس بوو و بە هەست و سۆزەوە شێعر و هونراوەی تەرز و بەرزی زۆربەی هەرە زۆری شاعیرانی کلاسیکی کوردی و هەروەها بەشێک لە شاعیرە پێشەنگە نوێخوازەکانی سەردەمی دەخوێندەوە و بەتایبەتی ئاخاوتن و وتاردان و خوتبە و خیتابەکانیشی پێ دەڕازاندەوە!
8. زۆر بەقنیات و بەرزەدەماغ(=عزیزالنفس) و دڵاوا(=کریمالطبع) و نەفسبەرز و ڕەوشتبەرز و بەڕەگودەمار و خاوەنشکۆی ئایینی و ئەخلاقی بوو !
9. خاوەنی چێشکەیەکی جوانیپەرستانە و جوانیناسانەی بوو و هەموو دیاردەیەکی جوانی پێ جوان بوو بە بەڵگەی :”اللە جمیل و یحب الجمال”. چون چێشکەی هەستیاری چەواشە نەببوو و وتێکنەچووبو، حەولی خەتخۆشبوونی دەدا، دەنگی خۆشی پێ خۆش بوو و شێعری پاراو و تەڕی کوردی پێ جوان بوو و بیرگەی، بە چەشنێکی کەموێنە، لێوانلێو بوو لە لیزگە شێعری تەڕ و پاراوی کوردی، پەخشانی ڕازاوەی کوردی پێ موتورفەیەکی باییدار بوو و لە خوێندنەوەی تێرنەدەبوو و کۆمەڵی هان دەدا بۆ چێژ وەرگرتن لەو جوانییە خوداکردانە!
10. “مەلایەتی” وەک ئەرک و بەرپرسیاریەتیی کۆمەڵایەتی و ئایینی و شوناسخوازانە و ڕووناکبیرانە سەیر دەکرد و وەک هەل و دەرفەتێکی باییدار بۆ پێشخستنی باری ئەخلاق و ئایین و شوناس و هەروەها سەربەخۆییی بیر و بڕیار دەیقۆستەوە!
11.”مەلایەتی” وەک دامەزراوە(=نهاد)یەکی سەربەخۆ و سەربەست سەیر دەکرد نەک وەک پاشکۆی تاقم و تاقمچێتی و مەڕامچێتی و هەڵپەهەڵپی بەرژەوەندخوازانە؛ هەرچەند دەستکورت بوو بە هۆی ئەو مەعریفەیەوە هیچکات وەک کەرەسە و ئامرازی بەڕێچوون و پیشە و شوغڵ سەیری مەلایەتی نەدەکرد بەڵکوو ئەوەی بۆ ئەو سەرەتی هەبوو بەرپرسیاریەتیی ئایینی و کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی و ئەخلاقی بوو و ڕاپەڕاندنی بەبێمشە و خۆڕایی تێکڕای ئەم ئیش و چالاکییانەی پێوەندی بەو بەرپرسیاریەتییە فرەلایەنەوە هەیە!
12.بە هۆی بیر و بڕوا و باوەڕی پاک و بێگەردی ئایینی و نەتەوەیی و کەسایەتیی پتوون و قایم و دامەزراو و بنچینەدار و کۆڵەکەداری، بەردەوام تێچووی ئابووری و کومەڵایەتی و پیشەیی و… داوە.
13. بە هەناسەیەکی ئەمەگناسانە و پێزانانە و قەدرناسانەوە _کە لە بیر و باوەڕێکی قووڵی ئایینی و ئەخلاقی و مەعریفی و نائیدئۆلۆژییانەوە و لە قوڕئان و فەرموودەی سەحیح هەڵقوڵابوو _دەیڕوانییە قەڵافەتی بەرز و تەرزی سەرجەم مامۆستایانی ئایینیی دڵسۆز و خزمەتگوزاری بەرەی پێشووتری “مەلای ساڵی ساڵان” و ئیدی نەدەپەڕژایە سەر وەهمی قێزەون و چەواشکارانە و درۆیین و ڕسواییهێنەری”خۆپێزلتربوون و زاناتربوون لە هەمووان” و بە کەمبایەخ دانانی خزمەت و ڕاژە و دڵسۆزی و گەورەیی و شکۆی مامۆستایانی بەرەی هاوچەرخ و بەرەی پێشوو و تەنانەت بەرەی داهاتووی خۆیشی؛ تا ئەو جێگایەی کە بۆ پەسن و پێداهەڵگوتن بە زۆربەی هەرە زۆری مامۆستایانی پایەبەرزی ئایینی_نەتەوەیی کۆچکردووی کورد، شێعر و هۆنراوەی تەرز و بەرزی هۆنیوەتەوە!
14. بەڕاستی خاوەن پێگە و جێگەیەکی دیار و بەرچاوی کۆمەڵایەتی بوو و خاوەنی چەشنێک سامانی کۆمەڵایەتی بەهێز بوو(=سرمایەی اجتماعی پراقتدار) و هەر نەبێ خاوەنی چەشنێک پێگەی کاریزماتیکیی ناوچەیی و خۆجێیی بوو!
جا گەر لە دەربیجە و دەلاقەی تێکڕای ئەم تایبەتمەندی و خوووخدە و ئاکارە تەرز و بەرزانەوە دەڕوانینە کەسایەتی و بەژن و قەڵافەتی نەبەزیو و نەچەمیوی مامۆستا ناسری، بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە ئەومامۆستایە تێچووی زۆری داوە لە ڕێی بیر و بڕوای ئایینی و کۆمەڵایەتی و نەتەوایەتیدا، هەر وەها خاوەنی خوو و خدە و ئاکارەیەکی خاکەڕایانە و خاکینە و خەڵکینە بووە و بە دڵ و بە گیان و بە بیر و بەبڕوا لەگەڵ خەلک و جەماوەر بووە و بە خەم و مەینەتی گەلەکەی ماتەمبار و خەمبار بووە و بە سەرکەوت و پێشکەوت و سەربەرزی گەلەکەی گەشاوەتەوە و ترووسکاوەتەوە؛ تەنانەت بە بیستنی هەواڵی پێگەیشتوویی ڕۆڵەکانی گەلەکەی ترووسکە و برووقەی شادی و دڵگوشادی لەنێو چاوانی وەدیار کەوتووە و شایی لەدڵی دا گەڕاوە! مامۆستا ناسری ڕێز و حورمەتێکی یەگجار زۆری بۆ نووسەران و شاعیران و هونەرمەندان و لێکۆڵەرانی کورد داناوە و خوێندنەوەی کتێبی نووسەرانی کوردی بە هەل و دەرفەتێکی زێڕین زانیوە بۆ بردنە سەری ڕادەی زانست و توانست و لێکدانەوەی لایەنی کۆمەڵناسی و گەلناسی و بۆ گەشەی باری زمانزانی و هەروەها بۆ پەرە و پەروەردەی بڕشتی بیرگە و زەین و بۆ زاخاوی بیر و چێشکەی جوانیناسانە! مامۆستا ناسری لە خوو و خدە و ئاکارەی بەرز و تەزی وەک: قنیات و خاکەڕایی و بێتەماعی و داوێنپاکی و نەفسبەرزی و ڕەوشتبەرزی و خۆنەویستی و گەلویستی و خێرۆمەندی و دەستپاکی و بەخشەری و میوانگری و سەربەخۆیی و خۆڕاگری و سەقامگیری و دامەزراوی و نەگۆڕی و یەکڕەنگی و بێفڕوفێڵی و بێڕیایی و بێمەرایی و ڕاستگۆیی و حەقوێژی و جوانیناسی و هونەردۆستی و…دا وێنەیەکی تەواو دیار و زۆر بەرچاوی چینی مەلای ساڵی ساڵانی کوردەواری بووە!
مامۆستا ناسری یەکێک لە دوایین قوتابییەکانی مەکتەبی ڕووناکبیریی ئایینیی موکریان بوو کە پێشەنگ و ڕێبەر و دامەزڕێنەرەکەی، بیرمەندی بلیمەت عەللامە مەلا محەممەدی قزڵجی(1275_1338هـ.) بوو، کە ئەو کەسایەتییە هاوکات بنیاتنەر و پێشەنگی بزاڤی ڕۆژنامەگەریی کوردی لە ڕۆژهەڵاتیش بوو و سەرنووسەری یەکەم ڕۆژنامەی کوردیی ڕۆژهەڵات، “ڕۆژی کورد”، لە 101ساڵ لەمەوبەر بووە. مامۆستا ناسری قوتابی و فەقێی ڕاستەوخۆی دوو بیرمەندی ناوداری ئەو قوتابخانە ئایینی_نەتەوەیی و ئەو مەکتەبە هزری_مەعریفییە، واتە عەللامە مەلا هادی ئەفخەمزادە(1289_1372) و عەللامە مەلا عەبدوڵڵا ئەحمەدیان(1312_1383) بووە و لە ناودارترین و هەڵبژاردەترین قوتابییانی ئەو دوو بیریارە و لەڕادەبەدەر خۆشەویست و جێی متمانە و جێی شانازیی ئەو دوو بیرمەندە ناودارە بووە.
کەوابوو جێی خۆیەتی کە بڵێین: مامۆستا ناسری دواکۆڵەکەی کۆشکی مەلای ساڵی ساڵانی موکریان بوو و بە هۆی کۆچی دواییی ئەو مامۆستا پایەبەرزە و ئەو زانا ئایینی_ نەتەوەیییە، ئەو کۆڵەکەیە پەڕی و ئەو کۆشکە بەرزە، کەلەبەر و کەلێنێکی قەرەبوونەکراوی تێکەوت!
وەک دوایین وتە، چەند دێڕ لە شێعری “نیشتمان” دەخوێنینەوە کە مامۆستا ناسری ساڵی 1354هەتاوی و لە تەمەنی 34 ساڵی دا هۆنیوەتێوە و لە کتێبی “مەنزوومەی ئەدەب و دین”دا(کە دیوانی چاپکراوی مامۆستا ناسرییە لە 500 لاپەڕەدا)چاپ و بڵاو کراوەتەوە:
“نیشتمان ئەی خۆشەویستیت عادەتی دێرینمە
حوببی تۆ فەڕزە لەسەر، من شێوەیی ئایینمە
نیشتمان تۆ ماڵ و مەنزڵ، خانە و لانەی منی
جێی لەدایکبوون و مردن، یانی کاشانەی منی
نیشتمان سروەی نەسیمی تۆ هەناسەی ژینمە
دڕک و داڵی کێوەکانت، لالە و نەسرینمە
نیشتمان سروەی شەماڵت، فێنکی ڕووح و دڵم
نیشتمان زریانی ساڵت، ئاوپڕیشکێنی گوڵم
نیشتمان ئەی خیز و بەردت گەوهەر و لەعل و دوڕم
نیشتمان ئەشکەوت و غارت، کۆشکی گەرم و گوڕم”