تاریخ

مۆدێڕنیته‌ و کۆڕۆنا

لەگەڵ دەسپێکردنێ سەردەمی مۆدێرنێتەدا، ژمارەیەک لە بیرمەندان و فەیلەسوفان، وایان گریمانە کردبوو کە ئیتر لەمەودوا مێژوو ئاڕاستە دەکەن، بزوانی مرۆڤ و ڕووداوەکان لە بەرژەوەندی ئینسانییەت کۆنترۆڵ دەکرێن، مرۆڤایەتی دەچێتە قۆناغێکی نوێوە، ڕووداو و پێشهاتی خراب و نەخوازراو بەدەستی مرۆڤەکان ئیتر کۆنتڕۆڵ دەکرێت. چونکە نهێنی بزوانی مێژوو لە هەموو قۆناغەکانیدا کەشف کرا و زانرا، حەتمییەتی مێژوو ئەو چارەنووسەیە کە مرۆڤ خۆی دەینووسێتەوە.

بەڵام هەر خودی مێژوو پێی وتین، ئەمە جگە لە وەهم و گریمانەیەکی خەڵەتێنەر بەولاوە نەبوو؟ لەو ساتەوە بۆ ئێستە خراپتر لەهەموو قۆناغە ڕابردووەکانی مێژوو، دەمێ بەناوی ئایدیۆلۆژیاوە، دەمێ بەناوی خوداوە، دەمێک بەناوی بەرژەوەندی باڵاوە، دەمێک بە ناهەق بە ناوی سەروەری یاساوە، هەزاران هەزار جار مرۆڤ و ژیان و ژینگە و شارستانییەت و هەموو پیرۆزییەک هەتک و نابوود ده‌کرێن؟

ئینکاری ناکرێ مرۆڤ لەمێژووی پاش مۆدێڕنیتەدا، ڕێی چووەتە سەر چەندین داھێنان و دۆزینەوەی زانستی باش و بەکەڵک بۆ ئاسودەیی و باشترکردنی بەڕێوەچوونی ژیان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا چەندین بەرامبەر دەستی بە تەکنەلۆژیای باشتر و بەهێزتری قڕکردنی مرۆڤ و وێرانکردنی ژیان گەیشتووە و بەرھەمی ھێناوە.

مرۆڤی سەردەمی مۆدێڕنیتە «چێژ و سوود و دەسکەوت»ی کردە گەورەترین تەوەرەی ئامانجی ژیان، سەرەنجام ژینگەی هەوا و ئاو و گڵی ژیانی خۆی خستە بەر مەترسی بۆگەنبوون و ژەھراویبوون، بەمەش چەقۆی مەرگی لە ملی ئەم هەسارەی جێگەژیانەی خۆی توند کردووە، هەزاران دەرد و دەرکەوتەی ناهەمواری چاوەڕواننەکراو کە پێشتر نەیبوو، بەدوای خۆیدا هێناوە و دەهێنێ.

لەم سەردەمەی مۆدێڕنیتەدا هەر وەک ژیانی مرۆڤەکان و گەلان یەکسان و عادیلانە نەبوو، مەرگ و لەناوچوونی مرۆڤەکانیش بەهەمان شێوە نایەکسان بوون. هەندێک تاجەگوڵینە و سەرەخۆشییان بە هەزاران و ملوێنان بوو، لەولاشەوە ملوێنەها لە هۆڵۆکۆست و گۆڕی بەکۆمەڵ و ژان و ئازاری برسییەتیدا لە دوانوزەی دەنگ و هەناسەدا ڕوحیان دەسپارد.

ئێستە چی؟ ئێستە کۆڕۆنا هەموو سەردەمەکان و هەموو مێژووەکان و هەموو داهێنراوەکانی دواقۆناغی پێشکەوتنی مۆدێرنێتەی لەم ساتەی مێژووه‌دا کردە سەردەمی خۆی. هەموو وەک یەک دەژین، هەموو وەک یەک دەترسین، هەموو وەک یەک خانەبگیر کراوین، هەموو وەک یەک بەبێ نازی تاجەگوڵینەی سەرگۆڕ سەردەنێینەوە. داخۆ ئێستە یان دوای زەمەنی کۆڕۆنا، مرۆڤایەتی چۆن بیر دەکاتەوە لە ژیانێکی جیاوازتر لەمەی ڕووی دا؟ داخۆ مۆدێڕنیتە لەمەودوا لەبەرامبەر چۆکدادانی لەبەردەم دیاردەی کۆڕۆنادا، بە بیری «خودا زانستیدا» دەچێتەوە!! تا بەشێوەیەکی تر مانا و وێنایەکی تر بۆ ژیان بکرێت؟؟

مولود باوەمراد
سۆزی میحڕاب

برچسب ها
نمایش بیشتر

مولود باوه‌مراد

سایت ســــۆزی میــــحڕاب در آذرماه 1392 با همت جمعی از اهل قلم خوشنام و گمنام تاسیس شد ســــۆزی میــــحڕاب بدون جنجال و در اوج عملگرایی به ترویج مبانی میانه روی می پردازد ســــۆزی میــــحڕاب با هیچ جریان و هیچ احدی درگیری ندارد ســــۆزی میــــحڕاب رسالتی جز همزیستی و دگرپذیری ندارد

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.

همچنین ببینید
بستن
دکمه بازگشت به بالا
بستن
بستن