ئه‌وه‌ی خوا ڕیسوای بکات، ڕێزداری نامێنیت – یاسا قوڕئانییه‌کان (٢٠-١٧)
کۆمه‌ڵێک یاسای قوڕئانی پیرۆز
یاسای حه‌ڤده‌هه‌م
«وَ مَن یُهِنِ اللهُ فَمَا لَهُ مِن مُکرِمِ»
واته: «و هه‌ر که‌س که خوا ڕیسوای بکات، ئه‌وه هیچ ڕێزلێنه‌رێکی نییه.»
ئه‌و یاسا پته‌وه‌ی قوڕئانی پیرۆز باس له دادپه‌روه‌ری و سزادان ده‌کات و وردبوونه‌وه له‌و یاسایه، کاریگه‌ری زۆری له‌سه‌ر بڕواداران هه‌یه که له ڕووداوه‌کانی مێژوویی و ناپیاوهتییهکانی ڕۆژگاری که له ئاستی تاکی و کۆمه‌ڵایه‌تی ڕووی تێکردوون، باشتر تێبگه‌ن. ئه‌وه هه‌ر ئه‌و یاسا قوڕئانییهیه که له سوڕه‌تی حه‌جدا ئاماژه‌ی پێ کراوه.
ئه‌گه‌ر ئایه‌ته‌که به ته‌واوی ئاماژه پێ بکه‌ین، باشتر تێده‌گه‌ین که مرۆڤ که‌ی سووکوچرووکی ڕووی تێده‌کات. خوای گه‌وره ده‌فه‌رموێت:
«أَلَم تَرَ أَنَّ اللهَ یَسجُدُ لَهُ مَن فِی السَّمَاوَاتِ وَ مَن فِی لأرضِ وَ الشَّمسُ وَ القَمَرُ وَ النُّجُومُ وَ الجِبَالُ وَ الشَّجَرُ وَ الدَّوَابُّ وَ کَثِیرٌ مِّنَ النَّاسِ وَ کَثِیرٌ حَقٍّ عَلَیهِ العَذابُ وَ مَن یُهِنِ اللهُ فَمَا لَهُ مِن مُّکرِمٍ إِنَّ اللهَ یَفعَلُ مَا یَشَآءُ» (حه‌ج:١٨)
واته: «ئایا نه‌تبینیوه و نه‌تبیستووه که به‌ڕاستی هه‌رکه‌س و هه‌رچی هه‌یه له ئاسمانه‌کان و زه‌ویدا سوژده بۆ خوا ده‌به‌ن، هه‌روه‌ها خۆر و مانگ و ئه‌ستێره و چیاکان و دره‌خت و ماڵات و زۆرێک له خه‌ڵکی. زۆرێکیش خۆی شایسته‌ی سزا و تۆڵه کردووه، جا ئه‌وه‌ی خوا قه‌در و ڕێزی بشکێنیت و ڕیسوای بکات، ئه‌وه هیچ ڕێزلێنه‌رێکی نییه، به‌ڕاستی خوا ئه‌وه‌ی بیه‌وێت ده‌یکات.»
دوای ئه‌وه‌ی ئه‌و ئایه‌ته پیرۆزه‌ت خوێنده‌وه، ئایا به بڕوای تۆش بانترین و جوانترین پله‌ی که‌ڕامه‌تی مرۆڤ کاتێک نییه که په‌روه‌رێنه‌ری خۆی به تاک و ته‌نیایی په‌رستش بکات؟ ئه‌و په‌رستشه‌ی که له کاتی سوژده و به چۆکداهاتن له به‌رابه‌ر ته‌نیا یاریده‌ده‌ر و به‌دیهێنه‌ر و ڕۆژیدهری خۆی نیشانی ده‌ده‌ات، له به‌رامبه‌ر که‌سێک که ته‌نیا ئه‌و ده‌توانێت ڕزگاری بکات و به‌ره‌و به‌خته‌وه‌ری ڕێنوێنی بکات. ئایا جگه له‌وه‌یه که بڕوادار ئه‌و کاره له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌کات تا دان به مافی خوا له‌سه‌ر خۆی دا‌نێت و به گه‌وره‌یی ئه‌و، هیوادار و له سه‌ره‌نجامی کرده‌وه‌کانیشی ده‌ترسێت؟
ئایا ده‌زانن که خرابترین و قێزه‌ونترین ڕیسوایی و سه‌رشۆڕی مرۆڤ کاتێکه که له سوژده‌بردن بۆ په‌روه‌ردگاری ڕووی وه‌رده‌گێڕیت و کاتێکه که هاوه‌ڵی بۆ بڕیار ده‌دات؟ له‌و کاته‌دا چیاکان و داره‌کان و ئاژه‌ڵه‌کانیش له‌وی به‌رزتر و به‌ڕێزترن، چونکه ئه‌وان سه‌ری سوژده بۆ په‌روه‌ردگاری به‌دیهێنه‌ری خۆیان داده‌نوێنن، به‌ڵام ئه‌و نا.
ئه‌و یاسا قوڕئانییه کاتێک هاتووه که باس له‌و که‌سانه ده‌کات که شایانی سزادانن، واته ئه‌و که‌سانه‌ی که به هاوه‌ڵدانان بۆ خوای گه‌وره، خۆیان ڕیسوا و داماو و شیاوی سزای خوا کردووه و خوای گه‌وره‌ش ده‌فه‌رموێت: «وَ مَن یُهِنِ اللهُ فَمَا لَهُ مِن مُکرِمِ» و که‌سێکیش نییه که یارمه‌تییان بدات و یا تکاکاریان بێت، که‌واته سه‌رشۆڕ و ڕیسوا ده‌بن: «وَکَثِیرٌ حَقَّ عَلَیهِ العَذَابُ».
جێی سه‌رنجه که خوای گه‌وره به جێی «وَ مَن یُعَذِّبَ اللهُ» ده‌سته‌واژه‌ی «وَ مَن یُهِنِ اللهُ» بۆ سزای ئه‌وانه به‌کار دێنیت! به‌هۆی ئه‌وه‌یکه تاوانی ئاوه‌ها، جگه له ئازار و ده‌رد و ئێشی سزا، ئیهانه و ڕیسوایی و داماویش له‌گه‌ڵه. جاری وایه که‌سێک سزا ده‌درێت، به‌ڵام سووکایه‌تی پێ ناکرێت. به‌ڵام ئه‌وانه هه‌م سزایان هه‌یه و هه‌م سووکایه‌تی.
پاشان با ببینین که له به‌رامبه‌ردا چ واتایه‌کی هێناوه: «فَمَا لَهُ مَن مُکرِمٍ»
«کرم» ته‌واوی جوانی و باشییه‌کان له خۆی ده‌گریت و ته‌نیا به واتای به‌خشین نییه، به‌ڵکو به‌خشین واتاکه‌ی ته‌واوتر ده‌کات. چاکه له‌گه‌ڵ خه‌ڵک، واتایه‌کی ته‌واوتر به «محاسن» ده‌به‌خشیت و «کرم» به واتای خێر و چاکه‌ی زۆره و هه‌رشتێکی په‌سه‌ند و جوان به «کرم» پێناسه ده‌کرێت. له قوڕئان‌دا هاتووه که:
«أَوَلَم یَرَوا إَلیَ الأَرضِ کَم أَنبَتنَا فِیهَا مِن کُلِّ زَوجٍ کَرِیمٍ» (شۆعهڕاء:٧)
واته: «ئایا سه‌رنجی زه‌وییان نه‌داوه و لێی ورد نه‌بوونه‌ته‌وه، چه‌نده‌ها جووت و گژوگیا و ڕووه‌کی به‌نرخی هه‌موو جۆر و ڕازاوه‌مان تێدا ڕواندووه؟»
ئیبنی قوتهیبییه ده‌ڵێت: له هه‌موو شتێکدا “چاک” هه‌یه و قوڕئانیش ده‌فه‌رموێت که له نێوان خه‌ڵکیدا، ڕێزدارانێک هه‌ن که خوای گه‌وره ڕێزی لێ گرتوون و که‌سانێکیش هه‌ن که سووک و ڕیسوا بوون. خوای گه‌وره ده‌فه‌رموێت: «إِنَّ أَکرَمَکُم عِندَ اللهِ أَتقَاکُم» هه‌روه‌ها ده‌فه‌رموێت: «وَ مَن یُهِنِ اللهُ فَمَا لَهُ مِن مُکرِمٍ إِنَّ اللهَ یَفعَلُ مَا یَشَآءُ».
ئه‌گه‌ر هاوه‌ڵدانان بۆ خوا خرابترین جۆری ڕیسوایی مرۆڤ بێت، ئه‌وه پله‌یه‌کی نزمتریش هه‌یه که هه‌رچه‌ند خوارتر له هاوه‌ڵدانانه، به‌ڵام ئاسه‌واری ڕیسوایی و سووکی پێوه دیار و ئاشکرایه و ئه‌ویش شتێک نییه جگه له ڕیسوایییهک که به هۆی تاوان تووشی ده‌بێت. ئیبنی قه‌ییێم له ڕاڤه‌ی به‌شێک له واتای ئه‌و یاسا قوڕئانییه و سه‌باره‌ت به ناحه‌زی گوناح و تاوان و ئاسه‌واری خراپی ئه‌و ده‌ڵێت:
تاوان ده‌بێته هۆی ڕیسوایی و سووکایه‌تی به‌نده لای خوای گه‌وره. حه‌سه‌نی به‌سری ده‌ڵێت: قه‌در و ڕێزیان نه‌زانی و نافه‌رمانیان لێ کرد و ئه‌گه‌ر ڕێزیان له پله و پایه‌ی بگرتبایه، ئه‌وه ئه‌وانی ده‌پاراست.
ئه‌گه‌ر به‌نده‌یه‌ک لای خوای گه‌وره ڕیسوا بێت، ئه‌وه لای هیچ که‌س ڕێزی نامێنیت: «وَ مَن یُهِنِ اللهُ فَمَا لَهُ مِن مُکرِمِ» هه‌رچه‌ند به ڕواڵه‌ت خه‌ڵک ڕێزی لێ بگرن؛ ئه‌و ڕێزنانه یا به هۆی پێویستییه‌که که خه‌ڵک پێیه‌تی و یا له ترسی شه‌ڕ و ئاژاوه‌نانه‌وه‌ی ئه‌و که‌سه‌یه. به‌ڵام له دڵی خه‌ڵکیدا هیچ پێگه‌یه‌کی نییه. ئه‌و له درێژه‌دا سه‌باره‌ت به هێندێک سزاکانی تاوان ده‌ڵێت:
خوای گه‌وره شکۆ و مه‌زناهی تاوانبار له دڵی خه‌ڵکی وه‌ده‌ر ده‌نێت و سووکایه‌تی پێ ده‌کرێت، هه‌ر وه‌ک چۆن ئه‌و گرینگی به ئه‌مر و فه‌رمانی خوای گه‌وره نه‌ده‌دا. مرۆڤ به ڕێژه‌ی سۆز و خۆشه‌ویستییه‌ک که بۆ خوای گه‌وره‌ی هه‌بێت، خه‌ڵکیش ڕێزی لێ ده‌گریت. به‌نده‌یه‌ک که سنووره‌کانی خوای گه‌وره ده‌به‌زێنیت، چۆن چاوه‌ڕوانی ئه‌وه ده‌کات که خه‌ڵک ڕێز و حورمه‌تی ئه‌و بپارێزن؟ ئایا که‌سێک که مافی خوا پێشل ده‌کات و یاساکانی ژێر پێ ده‌خات، خوا ئه‌و له‌به‌ر چاوی خه‌ڵک ڕیسوا ناکات؟ کاتێک که به سووکی ده‌ڕوانیته نافه‌رمانی خوا، ئایا له‌به‌ر چاوی خه‌ڵکی سووک نابێت؟
خوای گه‌وره سه‌باره‌ت به سزای تاوان ئاماژه به خاڵێکی گرینگ ده‌کات که چۆن تاوانباران له دا‌و و ته‌ڵه‌که‌ی تاوانه‌کانی خۆیاندا گرفتار ده‌کات و مۆر ده‌خاته سه‌ر دڵیان؛ ئه‌وان له‌بیر ده‌کات، هه‌ر وه‌ک که ئه‌وان خوایان له‌بیر کردبوو. سووک و چرووکیان ده‌کات، به هه‌مان شێوه‌ی که ئه‌وان سووکایه‌تیان به ئایینی خوا ده‌کرد.
هه‌ر بۆیه خوای گه‌وره له‌و ئایه‌ته‌ی که ئاماژه به سوژده‌ی بوونه‌وه‌ران ده‌کات ده‌فه‌رموێت: «وَ مَن یُهِنِ اللهُ فَمَا لَهُ مِن مُکرِمِ» کاتێک که له سوژده بۆ په‌روه‌ردگاریان ڕوو وه‌رگێڕن و بێنرخی بزانن، خوای گه‌وره‌ش ڕیسوایان ده‌کات به شێوازێک که که‌س نه‌توانێت ڕێزیان بگریت. که‌سێک که خوا ڕیسوای کردبێت، چ ڕێزدارێک ڕێزی لێ ده‌گریت؟
بۆ نموونه له سزاکانی تاوانبار ئه‌وه‌یه که تاوانبار پێناسه‌ی جوان له خۆیدا له‌ده‌ست ده‌دات و به لۆمه و سه‌رکۆنه‌وه یادی ده‌کرێت؛ به جێی ئه‌وه‌ی به بڕوادار و چاکه‌کار و پێناسه‌ی لهمچهشنه یادی لێ بکرێت به شتانێکی وه‌ک تاوانبار و گوناحبار و سته‌مکار و… له نێو خه‌ڵکیدا ده‌ناسرێت. ئه‌وانه کۆمه‌ڵه نێوێکی ناحه‌ز و له ناجوانترین نێوهکانن که ده‌بنه هۆی تووڕه‌یی خوا و چوونه نێو دۆزه‌خ و داماوی و ڕیسوایی له ژیاندا. به‌ڵام نێوه جوانه‌کان ده‌بنه هۆی ڕه‌زامه‌ندی خوای دڵۆڤان و چوونه به‌هه‌شت و شکۆمه‌ندی و مه‌زناهی ئه‌و له ژیاندا. ئه‌گه‌ر سزای تاوان هه‌ر ئه‌و به‌دناوی و ناوزڕانه بێت، به‌سه بۆوه‌یکه هه‌ر مرۆڤێکی ژیر و وریا خۆی له تاوان بپارێزیت. له به‌رامبه‌ردا ئه‌گه‌ر ئه‌جر و پاداشی عیبادهت و به‌ندایه‌تی شتێ جگه له خۆشناوی نه‌ده‌بوو، به‌س بوو تاکوو هه‌ر مرۆڤێکی ئاوه‌زمه‌ند به‌ره‌و عیبادهت و په‌رستش هان بدات. به‌ڵام هه‌رشتێک که خوا بیدات، ئه‌وه هیچ شتێک ناتوانێت پێشی پێ بگریت و ئه‌وه‌ی که خوا لێی وه‌ستێنیت، که‌س نا‌توانیت پێی بدات. که‌سێک که له خوای گه‌وره دوور بکه‌ویته‌وه، که‌س ناتوانێت نیزیکی بکاته‌وه و که‌سێک که له خوا نیزیک بێته‌وه، که‌س ناتوانێت دووری بخاته‌وه. هه‌ر بهمچهشنهش که‌سێک که خوای گه‌وره ڕیسوای کردبێت، لای که‌س ڕێزی نامێنیت و خوای گه‌وره هه‌رچی که بیهه‌وێت و پێی مه‌سڵه‌حه‌ت بێت ده‌یکات.
له وته‌ی ئیبنی قه‌ییێم سه‌باره‌ت به ئه‌و یاسایه به‌وه ده‌گه‌ین که: «وَ مَن یُهِنِ اللهُ فَمَا لَهُ مِن مُکرِمِ» هه‌ر که‌س به عیبادهت و په‌ره‌ستشی خوا و فه‌رمانبه‌رداری له‌و له شه‌ریعه‌تی پیرۆزی ئه‌و ڕێزی لێ بگیردرێت، ئه‌وه به‌ڕێزترین و ئازیزترین که‌س ده‌بێت، هه‌رچه‌ند دووڕووان و کافران به‌ربه‌رکانی و دژایه‌تی بکه‌ن. دووڕووه‌کان ده‌یانوت:
«یَقُولُونَ لَئِن رَّجَعنَا إِلیَ المَدِینَهِ لَیُخرِجَنَّ الأعَزُّ مِنهَا الأذَلَّ وَ لِلهِ العِزَّهُ وَ لِرَسُولِهِ وَ لِلمُؤمِنِینَ وَ لَکِنَّ المُنَافِقِینَ لَا یَعلَمُونَ» (مونافێقوون:٨)
واته: «ئه‌و دووڕووانه ده‌ڵێن: سوێند به خوا ئه‌گه‌ر گه‌ڕاینه‌وه بۆ مه‌دینه، ده‌بێت ئه‌وه‌ی که ده‌سه‌ڵاتدار و به‌ڕێز و پیاوماقووڵه، ئه‌وه ده‌ربکات له شار که بێ‌ڕێز و بێده‌سه‌ڵاته، ئه‌و دووڕووانه نازانن که عیززه‌ت و ده‌سه‌ڵات و پایه‌داری هه‌ر شایانی خوا و پێغه‌مبه‌ره‌که‌ی و ئیماندارانه.»
ئه‌وان نه‌یانده‌زانی که چ که‌سێک خاوه‌ن ڕێز و عیززه‌تی ڕاسته‌قینه‌یه؟
ئایا خوای گه‌وره نه‌یفه‌رمووه:
«وَ لَا تَهِنُوا وَ لَا تَحزَنُوا وَ أَنتُمُ الأعلَونَ إِن کُنتُم مُؤمِنِینَ» (ئالی عیمڕان:١٣٩)
واته: «(ئه‌ی ئیمانداران) کۆڵ مه‌ده‌ن و سارد مه‌بنه‌وه و خه‌فه‌ت مه‌خۆن، چونکه هه‌ر ئێوه سه‌ربه‌رز و سه‌رفراز و سه‌رکه‌وتووترن ئه‌گه‌ر ئیمانداری چاک و ڕاست و دروست بن.»
ده‌ی بڕوادار چۆن هه‌ست به سه‌رشۆڕی ده‌کات له کاتێکدا به‌ڵگه‌ی وی به‌رزترین و به‌رنامه‌که‌ی کامڵترین و پێشه‌نگی وی به‌ڕێزترین که‌سه؟
ئایا ئیمانداران ده‌زانن کاتێک که واجبه‌کانی سه‌رشانیان به‌جێ بێنن، خۆشه‌ویستترین که‌سن لای خوا؟
قسه‌کانم به وته زێڕینه‌که‌ی ئیبنی ته‌یمییه سه‌باره‌ت به‌و یاسا جوانه‌ی قوڕئان کۆتایی پێ دێنم:
که‌رامه‌ت پێویستی به ڕاوه‌ستاوی و به‌رده‌وامی هه‌یه و خوای گه‌وره که‌رامه‌تێکی بانتر له خۆشه‌ویستی و ڕه‌زامه‌ندی خۆی به که‌س نه‌به‌خشیوه. ئه‌گه‌ر به‌نده‌ی بڕوادار له پێناو خۆشه‌ویستی و ڕه‌زامه‌ندی خوا و فه‌رمانبه‌رداری له پێغه‌مبه‌ر(د.خ) و هاوڕێیه‌تی هه‌ڤاڵانی خوا و دوژمنایه‌تی دوژمنانی ئه‌و بچێته پێش، ئه‌وه به‌ڕێزترین که‌س ده‌بێت:
«أَلآ إِنَّ أَولِیَآءَ اللهِ لَا خَوفٌ عَلَیهِم وَ لَا هُم یَحزَنُونَ» (یونس:۶٢)
واته: «ئاگادار بن که به‌ڕاستی چاکان و خۆشه‌ویستانی خوای میهره‌بان نه ترس و بیم ڕوویان تێده‌کات و نه خه‌م و په‌ژاره و دڵته‌نگی دایان ده‌گریت.»
داوا له خوای گه‌وره ده‌که‌م هه‌مووی ئێمه له‌و که‌سانه بگێڕیت که ڕێزدارن و له ژێر سێبه‌ری فه‌رمانبه‌رداری خوا به‌و ڕێزدارییه گه‌یشتوون و له ڕیسوایی و تاوان بمانپارێزیت. ئامین
سه‌رچاوه: ئیسلاح وێب
نووسه‌ر: د. عمر بن عبدالله المقبل
وه‌رگێڕ: کلثوم حسن زاده
درێژه ی هه یه