?نزا و پارانه وه له ده رگاهی الله ?
خوایە گیان دەستەکانم بەرز کردۆتەوە بۆ دەرگاهی پڕخێر و ڕەحمەت و بەرەکەتت
خوایە گیان لەم مانگە پڕ خێر و خۆشی و ڕەحمەت و بەرەکەتە، منی بەندەی داماوی تۆ داوا لە زاتی پاک و بەرز و پیرۆزت دەکەم کە بە گەورەیی و سۆز و ڕەحمەتی بێسنووری خۆت لێمان خۆش بیت و بمانبەخشی …
خوایە گیان لە دەرگاهی تۆ بە چاوی پڕ لە فرمێسک بە دڵێکی پڕ لە هیوا و پڕ لە ترس و خەوف، بە زمانێکی پاراو بە زیکری تۆ دستەکانمان بەرز کردۆتەوە بۆ لای تۆ، لێت دەپاڕێینەوە و لێت دەلاڵێینەوە لێمان خۆش بی…
خوایە گیان تۆ اللەی ئێمەی و ئێمە بەندەی تۆ، داوات لێ دەکەین قەڵەمی عەفو و ڕەحمەت و بەرەکەتی پڕسۆزی خۆت بەسەر هەڵە و تاوانەکانمان دابێنیت و داپۆشەری گوناح و عەیب و کەم و کورتییەکانمان بی هەم لە دنیا و هەم لە قیامەت و عەفومان کەی…
خوایە گیان خۆشەویستی خۆت لە دڵەکانماندا بچەسپێنیت و قوڕئان بکەی بە بەهاری دڵەکانمان. قوڕئان بەرنامەی ژیانه بیکەی به ئاوەدانی دڵەکانمان و ڕەحمەت و بەرەکەتی ژیانمان. خوایە گیان قوڕئان بکەیە تکاکاری ڕۆژی پەسڵان. یارمەتیمان بده قوڕئانی بژین و قوڕئانی بمێنینەوە و لەسەر ڕێبازی قوڕئان بەردەوام بین و قوڕئان لە زەررە زەررەی وجودمان دا ڕەنگ بداتەوە و ڕەفتار و کردار و گوفتارمان قوڕئانی بێت و قوڕئانیش بگەڕێینەوە بۆ دیداری تۆ.
خوایە گیان لەم مانگە پیرۆزە و گشت مانگەکانیتر تاعات و عیبادەت و نۆیژ و ڕۆژوو و پاڕانەوەکانت لێ قەبوڵ کردبین و خێر و چاکەکانت لێ وەرگرتبین و سفرەی گشت موسوڵمانان بە ڕزق و ڕۆژی خۆت بڕازێنیتەوە.
خوایە گیان دڵی هەموومان پڕ بکەیت لە نووری ئیمان و ئارامی و ئاسوودەیی و بەردوام زبان و دڵمان پاراو و گەشاوە بە زیکری خێری تۆ بێت.
خوایە گیان شیفای خێر بۆ تەواوی نەخۆشان بنێری کە لە هەر قوژبنێکی ئەم جیهانەن بە ڕەحم و سۆزی بێپایانت شیفای خۆتیان پێ عەتا بفەرمووی و ڕەحم بە پیر و پەککەوتەکانمان کەیت.
خوایە گیان کە تۆ خالق و هیدایەتدەرمانی بە ڕەحمی خۆت ئەو کسانەی تا ئێستا لە خەوی غەفڵەت دان و لە ڕەحمەتی تۆ بێ ئاگان، خوایە گیان بە زلەی میهرەبانی خۆت بەخەبەریان بێنیت و ئاگاداریان کەیتەوە و هیدایەتیان دەی و یارمەتیان دەیت کە بگەڕێنەوە و لە دەرگاهی تۆ تۆبەی حق بکەن، تۆش بە گەورەیی خۆت بیانبەخشیت.
خوایە گیان خوشکان و دایکانی موسوڵمان بە بەرگ و لیباسی موسوڵمانانە باڵاپۆش کەیت و حەیا و حورمەتیان بپارێزیت و لە فیتنەی دڵنەخۆشان و ناحەزان و نەیاران بیانپارێزیت و به سەرپۆشی حەیا و لیباسی شەڕافەتمەندانە پۆشتەیان کەیت و تۆش لێیان قەبوڵ کەیت و ڕاوەستاو و دامەزراویان بکەیت.
خوایە گیان بمانپارێزی لە شەڕی شەیتان و لە دوعای بەدکار و لە بەڵای ناگیهان و لە تانەی عەبدان و لە فیتنەی دوژمنان و نەیاران.
خوایە گیان شوکرگوزاری تەواوی نیعمەتەکانی تۆیین، ئەوەی پێت بەخشیوین نیعمەتە، ئەوەی پێت نەبەخشیوین حیکمەتە، ئەوەی لێشمان وەردەگریتەوە تاقیکردنەوەی تۆیە، دەسا خوایه ئێمە پێی شوکرین و سوپاسی نیعمەتت دەکەین و لێت دەپاڕێینەوە کاتێک کە تاقیمان دەکەیتەوە بمانکەی بە بەندەیەکی ئارامگر و کلیلی دڵیشمان تەنیا لە دەستی تۆ بێت بو ئەوەی هەرگیز بەختەوەری ون نەکەین و هەمیشە و بەردەوام دڵمان بە یادی تۆ بێت.
خوایە گیان یارمەتیمان بدە لەم دونیایە ملکەچی فەرمانی تۆ بین و بۆ ڕەزامەندی تۆ تێبکۆشین کاتێکیش دەگەڕێینەوە حزووری تۆ یااللە، لە کاتی سەرەمەرگا مەلایکەی ڕەحمەتمان بۆ بنێریت و بە ڕووسووری بگەڕێینەوە دەرگاهی تۆ. خوایه بە دیداری خۆت شادمان کەی و نووری خۆتمان پێ ببەخشیت و لە قیامەتیشا لە ڕۆژی حەشر بمانخەیتە ژێر سێبەری عەڕشی عەزیمی خۆت. نامەی کردەوەکانمان بدەیتە دەستی ڕاستمان و لە ئاگری دۆزەخ بەدوورمان کەیت و لەگەڵ دەستەی پیاوچاکان و پێغەمبەران و شەهیدان وساڵحان و خوشک و برایانی بڕوادار حەشرمان بکەیت و بمانخەیتە ڕیزی بەهشتیان و لە ئاوی حەوزی کەوسەری پێغەمبەر(د.خ) بێبەشمان نەکەی و بە گەورەیی خۆت بە بەهشتمان شاد کەی…
خوایە گیان خۆمان و بنەماڵە و ماڵ و منداڵمان بپارێزی و لە گوناحی دایک و باب و گشت خۆشەویستان و عەزیزانمان خۆش بیت. ئیسلاح حاڵمان بیت بە ڕەحمەتی نەبڕاوەی خۆت، هدایەتی خوشک و برایانی موسوڵمانمان بدەیت و کچ و کوڕانمان بە هاوسەرگیری شەرعی بە خانە و لانە و ماڵی خۆیان بگێنیت و ئەو خۆشکانەی لە نیعمەتی مناڵ بێبەشن خوایە گیان منداڵی ساڵحیان پێ ببەخشی و ئەوانەی پێشت بەخشیون بۆیان ساڵح کەی. بەرەکەت بخەیتە تەمەنمان و ئەو چەند سات و کاتەی کە لە تەمەندا ماومانە لە پێناو ڕەزامەندی تۆدا سەرفی کەین و بە پاکی و سەرفرازی بگەڕێینەوە.
خوایە گیان تا دوا چرکەی تەمەنمان بۆ ڕەزامەندی تۆ هەوڵ دەدەین، دەسا تۆش له دینە پاکەکەی خۆت شارەزامان کەیت و دەرک و فەهمی زیاترمان پێ ببەخشی وخۆشبەختی دنیا و قیامەتمان کەی.
ئامین یا ڕەببەلعالەمین
?(رَضِیتُ بِاللَّهِ رَبَّاً وَبِالْإِسْلاَمِ دِیناً وَ بِمُحَمَّدٍ صلى الله علیه وسلم نَبِیّاً)?
———————-
خوایە گیان من ڕازیم کە تۆ اللەم بیت و قوڕئان و بەرنامەی ئیسلام دینم بێت و حەزرەتی مەحەممەد(صلی اللە علیە و سلم) پێغەمبەرم بێت.
ئامادە کردن: گێلاس عەبدی- سەردەشت