بڕیار و بەڵێن بە حوکم و یاسای قۆڕئان لە زەمەنی عومەری کوڕی عه‌بدولعه‌زیزدا چ شوێنەوار و تایبه‌تمه‌ندییەکی هەبوو؟
بێگومان بەڕێوەبردنی یاسای خوای کردگار و ڕێککردن و ڕەچاوکردنی بڕیارەکانی، هۆکارێکی گرینگن بۆ ڕاکێشانی بەرژەوەندی ماددی و مەعنەوی. هەرکەس خاوەن باوەڕ و خۆپارێز بێت، ئەڵڵا گیان بە جوانترین شکڵ و شێواز لەو چەشنە چاکانە بههرەمەند و هەبووی دەکات و هه‌روه‌ها ئەو چاکانەی کە خوای گەورە بەڵێن دەدات بۆ باوەڕمەندان و خۆپارێزان لەوپەڕی دڵنیایی و حاشاهەڵنەگری دان و بەڵگهنەویستن، چاکە و بەخشینێکی بێبڕانەوە و بەردەوام و هەڵقوڵاو له هەموو لایەک بێ‌ژومار و بێ‌وچان و بێمنەت. ئەو چاکانە و ئەو بەخشینانە بەهەر ڕەنگ و هەر جۆرێک و هەر شکڵ و شێوازێک بەگشتی، هیچ کەس نەیدیون و نەیبیستوون و بۆ کەس تەیار نەکراون، تەنانەت لە خەون و خەیاڵیشدا و ئه‌و کاتەی پێشەوای ئیمانداران، واتە عومەری کۆڕی عەبدولعه‌زیز، بڕیاری دا، بۆ ئوممەتەکەی بە یاسا و ڕێسای قوڕئان و دادپەروه‌رانه حكوومه‌ت بكا ، ئەم چاکانە و ئەو شوێنەوارە پاک و بێگەردە مسۆگەر بوو لە ژیان و لەناو بازنەی دەسەڵاتی ئەو مەزنە پیاوە کە بێگومان هاتنە دی بەڵێنی خواوەندی تێدا بەستەیە.
گرینگ‌ترین و بەرزترینی ئەو شوێنەوارە بریتین لە:
۱- جێنشیندانان و جێگیربوون:
لای هەموان ڕوونە کە عومەری کوڕی عەبدولعەزیز دروودی خوای لەسەر بێ، خوای پەروه‌ردگار هێزی پێ دا و جێگیری کرد، لەسەر زەوی ته‌واو بەهێزی کرد و بە هۆی پێداگری لەسەر جێبەجێکردنی یاسای ڕاستەقینەی خوا، لەناو دەروونی خۆی و ماڵ و مناڵ و دەرووبەر و قەوم و خێش و گەل و هۆزی خۆی خۆشه‌ویستی كرد و خالیسانە و پاکانە دینی خوای ڕاگەیاند، خوا گیان یارمەتی دا و وره‌ی پێ بەخشی. بەڕاستی هۆکارەکەشی بەڕێوەبردنی دینی خوا و گوێڕایەڵی فەرامینی خوا بوو که بەڵێنی خوا گیان مسۆگه‌ر بوو:
«خوا بە وانەی لە ئێوە بڕوایان هەیە و ئاکار چاکن، بەڵێنی دا: لەم زەمینە دەیانکاتە جێ‌نشین، هەروەکوو چۆن ئەوانەی بەر لەوانی کردە جێ‌نشین. دینەکەشیان -کە خۆی پەسەندی کردووە- هەر بۆیان دادەمەزرێنێ و ترسەکەشیان بۆ دەکاتە دڵنیایی تا تەنیا من بپەرستن و هیچ شتێکیش بە شەریکی من نەزانن» (نور/۵۵)
ئەوە ڕێگە و شوێنی خوایە، جێگیرە و نەگۆڕە بۆ هەموو قەوم و گەل و نەتەوەیەک کە هەنگاو دەنێن، حەول دەدەن بۆ بەڕێوەبردنی یاسای قۆڕئان.
۲- هێمنایه‌تی و ئارامی:
شوڕشگێڕان پیلانگێڕان له‌وپه‌ڕی دژایه‌تی ده‌سەڵاتدا بوون لە دەورانی ئەمەوییهکان، بەتایبەتی خه‌واریج. بەڵام لەڕاستیدا، عومەری کوڕی عەبدولعەزیز توانی بە دیالۆگ و دانیشتن و تاوتوێکردن، بەشێکی زۆر لەوان ڕازی بكا. بێگومان دەورانی وی له بواری هێمنایه‌تی و ئارامی جیاواز بوو. هۆکارەکهشی دادپەروەری و لەناوبردنی ستەم و ڕێز و حورمەتدانان بۆ هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا بوو و پێداگری ناوبراو لەسەر بڕیاردان بە یاساکانی قۆڕئان لە هەموو ئیش و کارێکی ژیانیدا بوو. خوا گیان دەفەرموێت: «ئەو کەسانەی بڕوایان بە خودا هێناوە، بڕواکەیان تێکەڵی ناحەقی نەکرد، دڵنیایی بۆ ئەوانە و شارەزایی ڕای خودا ئەون.» (انعام/٨)
۳- یارمه‌تیدان و سه‌رکه‌وتن و پێشکەوتن:
بەڕاستی عومەری کوڕی عەبدولعەزیز لەسەر پەرەپێدانی دین بە هه‌موو هێز و توانایه‌وه زێدەخواز بوو و سوننه‌تی خوای گه‌وره‌ی له ئامانجی وی‌دا مسۆگەر بوو کە هەرکەس یاریدەدەری دینی خوا بێت، خواش یارمەتی دەدا. چونکە خوا گیان بە هێز و دەسەڵاتی خۆی زامنە بۆ کەسێک کە بەردەوامە لەسه‌ر دینی خوا کە به‌سه‌ر نه‌یارانیدا سەری بخات.
پەروەردگار فه‌رموویه‌تی: «خوا به‌هانای ئەوانە دێ کە یاریدەی خوا دەدەن، دیاریشە خوا زۆر بەهێز و دەسه‌ڵاتە، ئەوانەی وا ئه‌گەر لەم زەوینەدا، دایەنمەزرێنین، نوێژ دەکەن و زەکات دەدەن و فەرمان بە چاکە و بەر لە کاری خەراپه دەگرن، سەره‌نجامی هەموو کاریش هەر بۆ خوایە». (حه‌ج/٤١)
خوا بەڵێنی داوە بۆ یاریدەدەری و یارمەتی خواش، یارمەتیدانی دین و قوڕئان و یاسا و ڕه‌سوڵی خوایه، یارمەتی بۆ کەسێک که بڕیار دەدا بە غەیری یاسای خوا بجوڵێته‌وه و له‌خۆیه‌وه قسە بکا، له ئارادا نییه (بۆخۆی دەیبڕێ و دەیدروێ) هەروەک لەو ڕۆژگارەدا، دەبینین.
٤- شکۆ و شانازی
ئەو شەڕهف و شانازییە گەورەی کە تۆمار کراوە لە لاپەڕەکانی مێژووی ژیانی عومەری کوڕی عەبدولعه‌زیز، بەهۆی دەستگرتن بە کتێبی خوا و ڕەوشتی پێغەمبەر(دروودی خوای لەسەر بێت) بوو، بێگومان مرۆڤ به ده‌ستگرتن به كتێبی خوا شکۆمەند دەبێ، کتێبێک کە مرۆڤ به‌س به‌وی سەربەرز و ناودار دەبێ. ئەو کاته‌ی ڕەوشت و یاسای خوا بۆوان دەستەبەر دەبێت. خوای مەزن ده‌فه‌رموێ: «ئەوا ئێمە کتێبێکمان بۆ ئێوە ناردۆتە خوارێ، باسی ئێوەشی تێدایە. چیتانە کەهەر تێناگەن.» (ئه‌نبیاء:١۰) ئیبنو عه‌بباس لە شرۆڤەی ئەم ئایەته پیرۆزەدا ده‌فه‌رموێت، هیچ گه‌ل و هۆزێك گەورەیی و شکۆمەندیان بۆ دەسته‌بەر نابێت مەگەر بەدەستگرتن بە بڕیاره‌کانی ئیسلام.
۵- پیتوبهرەکەت و خۆشی ژیان، لە دەورانی دەسەڵاتی عومەری کوڕی عەبدولعەزیز:
خوای بانی سەر دەفەرموێت: «نیشتەجێی ئەو باژێرانە ئەگەر خۆیان بناسیبا و خۆپارێز بان، دەروازەی بەرەکەتمان لە ئاسمان و زەمینەوە بەڕوویاندا دەکردەوە. بەڵام ئەوان نیشانەکانی ئێمەیان بەدرۆ زانی، لە سزای ئەم ئاکارەیان گرتمانن.» (ئهعڕاف/٩٦)
و بەڕاستی خەڵک چێشتیان و دیتیان ئەو خۆشی و تایبەتمەندییانەی دەورانی عومەری کوڕی عه‌بدولعه‌زیز، بەشی ماددی و مەعنەوی، بۆ گشت خه‌ڵكی ڕوون و ئاشکرا بوو. خۆشی ژیان و پیتوبەرەکەت و ئابووری وڵات له گەشە و نەشەدا بوو و خەڵک لەهەر پەیام و ڕاسپاردەیێکی حکوومەت دڵنیا بوو. تەنانەت ئەو کەسانەی شیاوی زەکات بوون، نایاب بوون و ئەوە ببوو بە کێشە بۆ دەوڵهمهندان و بۆ حەڵاڵخۆران.
یه‌حیای کوڕی سەعید دەڵێ: عومەری کوڕی عه‌بدولعه‌زیز منی هەڵبژارد بۆ خێر و خێراتی ئافریقییه‌کان، لێم وەرگرتن و ویستم بیدەم بە فەقیران. بەڵام لە ئافریقا فەقیر نەبوو، که‌سم دەست نەکەوت بیدەمێ، بەڕاستی عومەر گشت خەڵکی بێ‌نیاز کردبوو، ناچار چەند عه‌بدم کڕین و ئازادم کردن. پیاوێکی تر لە ڕه‌چه‌ڵه‌کی زه‌یدی کوڕی خەتتاب دەڵێ: لەڕاستیدا دەسەڵاتی عومەری کوڕی عەبدولعه‌زیز دوو ساڵ و نیو بوو، دەبێتە سی مانگ. به‌ڵام کۆچی نەکرد تاکوو كه‌سی وابوو دەهات بە ماڵێکی زۆرەوە دەیوت ئەو ماڵەی بدە بە فەقیران، بەڵام دەسکورتێک نەبوو و بە ماڵەوە دەگەڕاوە، عومەری کوڕی عەبدولعەزیز خەڵکی فرە دەستڕویشتوو کردبوو، ئەمانە تایبەتمەندی گشتی بوون لە پیتوبهرەکاتی دەسەڵاتی ئێسلامی، هاودەنگ و هاوڕەنگ لەگەڵ شەرعی خوا و قانوونی خوا.
٦- پەرەپێدانی شتەباشەکان و بنه‌بڕکردنی خراپەکان:
لەنێوان دین و کۆمەڵ، پەیوەندییه‌کی چڕ‌وپڕ هەبوو، چۆن نەبێت!؟ گرینگ‌ترین ئامانجی دین، پاڵاوتنی ڕەوشت و پەرەپێدانی بەرزییەکانە، خوای بانی سەر ده‌فه‌رموێت: «باوەڕمەندان بەرمنەتی چاکەی خودان، کە یەکێکی لە خۆیانی ناردووە پیغەمبهریان بێ و نیشانەکانی خودایان بەرسەردا دەخوێنێتەوە و پاکژی ڕایان دەگرێ و لە کتێب و کارزانی به‌هره‌مه‌ندیان ده‌كا، کە دەپێشدا هیچیان لە هیچ نەدەزانی.» (ئالی عیمڕان ۱٦٤)
واتای پاکژی، یانی فەرمانکردن بە چاکە و بەرگریکردن لە خراپە، بۆوەی کە لە ناخەوه، پاڵاوتە بن و لە چڵکوچەپەرێك که مه‌بەست شرک و گوناهێکه کە لە سه‌رده‌می نەفامیدا پێی گیرۆدە ببوون خاوێن بنه‌وه. لەڕاستیدا عومەری کوڕی عەبدولعه‌زیز گرینگی بە بڵاوکردنەوەی شتە بەهادارەکان ده‌دا و دژی شتە ڕهزیلەکان وەستایه‌وه و فێرگەی ئاموژگاری و ڕێنوێنی و پاکسازی و بارهێنانی وەگەڕ خست که ئاسه‌واره‌که‌ی پیاوانی وەک: حه‌سه‌نی به‌سری و ئه‌ییوب سه‌ختیانی و مالیکی کوڕی دینار وهتد بوو. بێگومان ئەو فێرگەیە ئاکامێکی باش و بەجێی هەبوو، لە بڵاڤۆکی شتە باشەکان و لەناوبردنی شتە بێبه‌هاکان.
بەڕاستی لە زەمانی عومەری کوڕی عبدولعهزیزدا، نوێبوونەوەیێکی گەورە ڕووی دا، لە ڕووتێکردنی خەڵک و کۆمەڵگای ئیسلامی و گۆڕانکاری لە بۆچوون و ڕەوشت و شەوق و زه‌وق لەو ماوە کەمەدا. له مێژووی تەبەریدا شتێك ئاماژه‌ی پێ كراوه کە وه‌لید ناوێک، خاوەنی بارەگا و پیشە و کشتوکاڵ بوو و کاتێک خەڵک پێک دەگەیشتن لە زەمانی وی‌دا، تەنیا قسەیان لە کۆشک و تەلار و سەنعەت دەکرد، بەدوای وی‌دا سولەیمان ناوێک کە خاوەنی ژنخواستن و خواردنه‌وه بوو، لە زەمانی وی‌دا خەڵک هه‌موو خەم و پرسیار و باسیان ژن و ژنهێنان بوو. بەڵام کاتێک عومەری کۆڕی عەبدولعه‌زیز بوو بە سەرکرده، کاتێک خەڵک پێک دەگەیشتن پرسیاریان ئەوە بوو: ئەوشۆت چۆن تێپەڕاند؟ چەندهت قۆڕئان لەبەر کردووە؟ کەنگێ تەواوی دەکەی؟ کەنگێ خەتمی دەکەی؟ لەو مانگەی چەنده بەڕۆژوو بووی؟
۷- ڕێنیشاندان و سەقامگیری
لەلایەن عومه‌ری کوڕی عەبدولعهزیزەوە نامەیێک هات بۆ حاجیان کە بۆیانی بخوێننەوە:
ئەگەر سەرقاڵم نەکردبان لە بەجێهێنانی ڕێوڕەسمی حەج: نیشانی ئێوەم دەدا، بابەت گه‌لێک لە شتی ڕەوەکی. خوا گیان بابه‌تگه‌لێكی به‌نرخی بۆ ئێوە ژیاندەوە و شتی پووچیشی لە ئێوە دوور خسته‌وه. بێگومان خوا، تاک و تهنیایە و بە تاکی بزانن، غە یری وی سەنا مەکەن. ئەگەر خوا منی بە نەفسی خۆم بسپاردبا، من کەسێکی تر دەبووم، والسلام علیکم.
بێگومان عومەری کوڕی عەبدولعەزیز پێ‌داگر بوو لەسەر پتەوکردنی بەرنامەی خوا لەناو دەسەڵاتدا، بەوهۆیە خوای گەورە بەسەری کردەوە بە چاکەگەلێکی وەک ڕێنوێنی و بەردەوامبوون لەسەر حەق.
خوای گەوره ده‌فەرموێ: «بەڵام نەخێر، سوێند بە خوای تۆ، ئەمانە نابنە خاوەنی بڕوا مەگین وەختێ کە لە کێشە و هەرای نێوان خۆیانا بتکەنە قازی و لە دڵەوە بەهەر فه‌رمانێ تۆ بیدەی ڕەدایان بێ و بەتەواوی ملکەچ بن.» (نیسا‌ء/٦٥)
له پاشان خوای پاک و بێهاوتا دەفەرموێت: «ئەگەر ئێمە فه‌رمانمان پێ كردبان که کوشتاری خۆبەخۆ بکەن یا لە وڵات وهدەر که‌ون، کەمیان نەبێ نەیان دەکرد. کەچی گه‌ر وەکوو نەسیحەتیان دەکرا کردبایان، بۆ ئەوان باشتر ده‌بوو و باوەڕیشیان بە خوا پتەوتر دەبوو. ئەوسا ئێمەش لە لایەنی خۆمانەوە پاداشێکی مەزنمان بەوان دەبەخشی. واشمان دەکرد کە لە ڕێگەی ڕاستی ئێمەش شارەزابن.» (نیسا‌ء/٦٦-٦٧-٦٨) و ئەو گرینگییه‌ی که ئه‌وانی پێ ئامۆژگاری ده‌كرد و بەڵێنی چاکەی پێ دەدان لەبهرامبهریدا ئەوە بوو که شەریعەت و گوێڕایەڵی پێغەمبەر(دروودی خوای لەسەر بێت) پته‌وتر بكه‌ن و ئەگەر ئەوان فه‌رمانی خوایان بەجێ ههێنابا، خوای گەورە ڕاوەستاوی دەکردن لەسه‌ر حەق، لەناو بازنەی دیندا تووشی دڵەڕاوکێ نەدەبوون و شارەزاییه‌کی وەهایان پێ ده‌به‌خشرا که هیچ پێچوپەنای تیا نه‌با، بەجۆرێک دەگەیشتن بە پاداش و دەسکەوتێکی فەرەمهند.
بێگۆمان شارەزایی و بەردەوامبوون لەسەر ئیشێک، دیارییهکە کە خوا دهیبەخشێ بە کەسێک کە بە گیان و دڵ تێ‌بکۆشێ بۆ ئەو ئیشە.
بەڕاستی پێشەوا عومه‌ری کوڕی عەبدولعه‌زیز بەڵگەیهکی میژوییە لەسەر کەسێک کە بە هەناردەکردنی شک و گومان به وشەگەلی بێ‌مانا و بێ‌واتا واز ناهێنێ. ده‌وترێ كه؛ لە ڕاستیدا حکوومەتەكهی پێداگرە لەسەر بڕیاری ئیسلامی و شهریعەت، به‌ستێنی کێشەکان و چەڵەمەکانە، بەستەری تێکڕمانە لەهەموو کاتێکدا. بەڵام ئەو چەشنە قسانە خەون و خه‌یاڵن. بە درێژایی مێژوو تەحەددای ئەوانە کراوە و دەوترێ: «تۆ بڵێ بەڵگەکانتان بخەنە ڕوو، گه‌ر ڕاست دەکەن.» (بقرە:۱۱۱)
و لەوشتانەی من پێی سەرسام بووم لە پێداچوونه‌وه‌ی مێژوو، به یه‌کتر پێوەستبوونی نەوەکانی ئیسلامە کە كاریگه‌ری لە ئاڵوگۆڕی نێوانیان وەردەگرن، کاتێك سوڵتان نووره‌ددین زه‌نکی ئهلموتهوهففی (٥٦٨ه.ق) بۆ شێخ عه‌للامه ئه‌بوو حه‌فس ئیربلی ژیاننامەی عومه‌ری کوڕی عه‌بدولعه‌زیزی بۆ نووسی تاکوو نوره‌ددین لەسەر ڕێبازی وی بڕوات و بەڕاستی نیشانه‌کانی چاکسازی و نوێخوازی و دینخوازی زەمانی عومه‌ری کوڕی عه‌بدولعه‌زیز له سه‌رده‌می ویشدا ده‌ركه‌وت و وه‌ك چرۆیێك له دەسەڵاتی نووره‌ددین زه‌نکی سه‌ری هه‌ڵدا. کاتێک زانای گەورە ئه‌بوو حه‌فسی مهحیهددینی، فه‌رمانده و سه‌رۆكێكی ڕهوشتپاك و ڕێبازجوانی ده‌ست كه‌وت کە ئەویش نووره‌ددین زه‌نکی بوو، پێی وت: ئه‌بوو حه‌فسی مه‌حیه‌ددین له سه‌ره‌تای کتێبەکەی -له عومه‌ری کوڕی عه‌بدولعه‌زیز- پێشکێشی کرد ئەو کتێبە بە نووره‌ددین: تا ئاگاداری بداتێ کە شوێنکەوتنی گەورە پیاوان و بیرمەندان تەواوکەری پاداش، هێشتنەوەی ناو و ناوبانگە و پەیڕه‌وکردنی ڕێبازی شارەزایان، تەختی دەسەڵات قایم و پته‌و دەکات و دەیڕازێنێتەوە بەسەرهات و بێگومان خوای بانی سەر فەرمان بە پێغەمبەر دەدات بە شوێنکەوتنی پێغەمبەرانی ڕابردوو و دەفەرموێ: «ئەو کەسانەی کە خوا بەتایبەت هیدایەتی کردوون، تۆش ئەی موحەممەد(دروودی خوات لەسە ر) شوێنی هیدایەت و ڕێنوێنی ئەوان بکەوە. هەروەها بە خەڵک بڵێ کە من هیچ جۆرە کرێ و پاداشتێکتان لەسەر ڕێنمویی لێ داوا ناکەم، ئەم قوڕئان و بەرنامەیەش تەنیا یادخەرەوەیە بۆ هەموو خەڵکی سەر ئەم زەویە». (ئه‌نعام:۹۰)
و هەروەها دەفەرموێ: «ئێمە دەنگوباسی پێغهمبەرانت بۆ دەکەین کە دڵداریت بدەینەوە» (هود:۱۲۰) بەو هۆیە زۆر پێ‌داگر بوو. ئهبووحهفس(خودا لێی ڕازی بێت) لەسه‌ر کۆکردنەوەی بەسەرهاتی پیاوچاکان و شوێنەواری جوانیان، لەو کاتەوە له‌سه‌ر خۆم بە پێویست زانی بە پێی توانای یارمه‌تیدەری بم، بە هۆی په‌یوه‌ندی دۆستایەتی و ڕێزی بەرانبەر. هێز و توانای خۆم بۆ کۆکردنەوەی ژیان و بەسەرهاتی سه‌عید ڕه‌شید، عومه‌ری کوڕی عەبدولعەزیز ڕه‌زای خوایان لێ بێت به‌کار هێنا. هانا دەبەم بۆ خوای مەزن کە یارمەتیدانم قه‌بوڵ بکات و ئەو کارەی هەنگاوم بۆ ههڵێناوە ئاسانی بکات. ئەو کاتەی خوا سینەم فراوان بکات، دەسپێشخەریم کرد بۆ کۆکردنەوەی ئەو بەسەرهاتە بە دابی گەنجینەی بەرزی یارمەتیدان لەسەر چاکە و لە خواترسان. لە ڕاستیدا ئەو پیاوە مەزنە مێتۆدێکی زانستی پێشکه‌ش کرد بۆ نووره‌ددین زه‌نکی له‌به‌ینی به‌سه‌رهاتی عومەری کوڕی عه‌بدولعه‌زیز. حكومه‌تی بڕوا و عه‌قیده‌ی شەرعی دامه‌زراند و دادپه‌روه‌ری بەرپا کرد، توندوتیژی و چەوساندنەوه و مالیات له‌سه‌ر خه‌لکی لا برد و بۆ ژیاندنەوەی سوننەت و بنه‌بڕکردنی بیدعەت و نێوەرۆکی ناوی ئوممەت و بۆ هەڵاتنی خۆری خەبات لەناو خەڵک، بڵاوکردنی زانست تێكۆشا و لە مسۆگەرکردنی گەشانەوە و ئاسوودەیی خەڵک ده‌روی به‌رچاوی هه‌بوو و کەسایەتێکی تاک بوو لە خۆنەویستی و خوداویستی و بەندایەتی و ڕاستگۆیی.
بێگومان له شوێنەواری پتونکردنی شەرعی خوا ئه‌وه‌یه كه فه‌رمانی خوایان له‌ناو چه‌مكه‌كانی حكوومه‌تی خۆی بەجێ هێناوە و لە قەدەغەکراوەکان خۆیان پاراستووه و ئه‌وه‌ش له پێداچوونه‌وه‌ی مێژوودا ڕوون و ئاشکرایە، بەڕاستی ئا ئەو شوێنەوارە پاک و بێگەردە لە دەسەڵاتی عومه‌ری كوڕی عه‌بدولعه‌زیز و حکوومەتی نووره‌ددین زه‌نكی، حكوومه‌تی یووسف کوڕی تا‌شفین و حكوومه‌تی محه‌ممه‌د فاتێح دیار كه‌وت، ئه‌وانه ڕەوشتێکن لە ڕەوشتی خوا کە بەردەوامە و هەر بووە و هه‌ر ده‌شبێ. کەواتە هه‌ر هێزێکی موسوڵمان بۆ ئەو ئامانجە گرینگە و ئەو کردەوە گەورە هەنگاو بنێ و مەبەستی خوا بێت و شوێنکەوتووی سوننەتی خوا بێت لە گۆی زەوی، بێگومان پێی دەگا، با درێژخایانیش بێت، شوێنەواری ئەو حوکمکردنە لەسەر تاک و کۆمەڵ و حکوومەت و دەسەڵات دیار ده‌كه‌وێ.
بێ‌شک هەدەف لە باسکردنی تەوەری مێژووی ئیسلامی کەڵکوەرگرتنی سەرەکییە لە بڕوادارانی ڕابڕدوو، لە هەمبەر خەبات و زانست و بارهێنان و تێکۆشانیان بۆ بەڕێوەبردنی یاسای خوا و ده‌ستگرتن به سوننه‌تی خوا، گه‌یشتن به لوتکەی سەرکەوتن و چاوەدێریکردنی قۆناغ و چوونەپێش و بردنەسەری ئاستی کەماڵاتی ئیسلامی شاراوە و ونبوو. لەڕاستیدا خوای پەروەردگار سەرکه‌وتنە گەورهكانی مێژووی گەلی ئیسلام، هەمیشە لەسەر دەستی کەسانێک هەناردە دەکا کە لەوپەڕی پاکی و سافی بۆ خوادا بن و شه‌رعی خوا بەرێوەی بەرن و تەنیا مەبەستیان ڕەزای خوا بێت و لەسەرووی هەموو شتێک بێت.
نوسە ر: دكتۆر عه‌لی محه‌ممه‌د محه‌ممه‌د سه‌لابی
وه‌رگێڕ: هەژار قوربانی – پیرانشار
سۆزی میحڕاب