شعرکوردی

🌷 زێدەکەم 🌷

زێدەکەم

وڵات بەهەشتی سەرگۆی زەوینی
شنەی گڕگرتووی خۆشی و ئەوینی

خەمڵاوە باڵات بەگوڵ و گوڵزار
قەت لێت نابڕێ تامەزرۆی بەهار

پەرژین کراوی بەتەپۆلکە و کێو
بەشیوو دۆڵ و هەوراز و نشێو

دەستی ناحەزان لەبەژنت دوورە
بۆیە داوێنت بەخوێناو سوورە

دایم سەرسەوزی بەچۆڕکەی هەوران
لەشت دادەشۆن بەرووباری جوان

بەفری سپی و سۆڵ نیشتە کێوانت
مەڵحەمی زامە بۆ دەردوژانت

فێنک ڕادەگرن گەرمایی ژیان
بۆوچان دانی هەڵمەت و قوربان

رووبار وەک پشتێن لەدەورت هاڵان
وەک رەشبەڵەکی لاوو چاوکاڵان

داربەڕوو و مازوو،کەزیەو بسکی تۆن
ئەویندارێکی ئاشق و سەربەخۆن

زریان و بەفرو شەختەو سەرماو سۆڵ
کێو و بەندەنیان پێ ناکردرێن چۆڵ

کێوت مستێکن، بۆدمی داگیرکەر
سەریان هەڵداوە بۆهەوران یەکسەر

باڵاپۆشێکی سەوزت کردە بەر
رێبوار و خەڵکت راکێشایەدەر

داوێنی بەگوڵ و شیلان ڕازاوە
خاڵی سپی و سووری لەشان هاڵاوە

مێوت شل و مل،دەکەن لەنجەولار
خۆدەلەنگێنن بۆ سەمای بەهار

پرچیان پەرێشان لەسەرشان و مل
چاومەست و نازوشیرن و چاوبەکل

لەشارو دەشت و کوێستان و لادێ
دەنگی دیلان و بەزم وهەرا دێ

دەتریقێنەوە هەور بەقاقا
دوژمن رەپێنن بەزرمەوهەرا

رێژنەی بارانت سمکۆڵی سوارە
پڕمەو حیلانی جوانووی بەهارە

لەغاو پسێنە و دێتە سەرپاشوان
دەبڕێ هەناسەوجەرگ وهەناوان

بڵێسەی زەماوەند لەکوێستان دایە
نەخۆشی و ماتەم سەری هەڵنایە

بەشەقەی باڵی خاسەکەوی کۆ
غەمزەو نازداری دەکا هاتوو چۆ

خەمرەوێنێکن بۆدڵی نەخۆش
دەفڕێنێ دەردە وپەژارە و پەرۆش

وەی لەمۆسیقای خوڕەی کانیاوان
مەست دەکەن بڵێسەیی ئاگری لاوان

لێوو لەتەری پەنجەی کەژو کێو
شین هەڵدەگێڕن هەورازو نشێو

شلک و ناسکە دم و لێوی گڵ
ئەوین بزوێنە،وێنەی سوورە گوڵ

بەهەڵپەڕین و هەڵبەزەو سەما
قەڵەمبازدەکەن بۆداوێنی چیا

کیژی نازداری هەنارو هەرمێ
مێوو بادام و گوڵی زەردە بێ

بەگەڕی شایی لەناو چیاوچۆڵ
خۆدەلەنگێنن ناسک وخرت و خۆڵ

پرچیان داوەتە دەست شنەبایە
سەمای دڵداران وا لێرەدایە

گوێیان بەگوارەی ڕەش و زەردو سوور
شەبەق و تیشکی وەک خەرمانەی نوور

چواروەرزت تابڵۆی بەهەشتی خودان
بۆیە جوانیەکان شێت و هەڵوەدان

سفرەی پڕخوانت سەرلێوە لەژیان
خەڵاتە بۆمنی کوردی بەستەزمان

ئەگەرپێنووسی هەموو پەلی دار
بەئەقیانووس و چەمی هاج و هار

بێنم بنووسم وەسفی جوانی تۆ
ئەژنۆیان دەشکێ ودەبن ڕەنجەڕۆ

بمێنە هەردەم بووکی کوردستان
بۆ حەسانەوەی مرۆڤی جیهان

🌷🌷🌷🌷🌷🌷🌷🌷🌷🌷🌷
جەهانگیربابایی ـ سەردەشت ـ خەزەڵوەری ۹۹

از طريق
جهانگیر بابایی
منبع
http://sozimihrab.org/
برچسب ها
نمایش بیشتر

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.

دکمه بازگشت به بالا
بستن
بستن