اصولعقاید

ئامڕازەکانی خۆڕاگری و دامەزراوی مرۆڤەکان

ئامڕازەکانی خۆڕاگری و دامەزراوی مرۆڤەکان

پروفسور خالد محمد صالح

۱- وا تێ بگەین لە ژیانی دونیا کە تەنها
قۆناغێکە بۆ قیامەت و تاسەر بۆ کەس نەبووە و نابێت و خۆشی و ناخۆشییەکانیشی تا سەر نین، بۆیە با زۆر خەمی پێوە هەڵنەگرین، بەڵکو هەوڵ بدەین لە پێناو بەدەستهێنانی ژیانی دوایی و مسۆگەرکردنی قیامەت، ساتەکانی بەخەرج بدەین.

۲- کاتێک بەڵایەکمان بەسەر دێت بزانین کە خەڵکانێکی تر هەن بەڵای زۆر لەوەی ئێمە گەورەتریان بەسەر هاتووەو خوای گەورە بەقورستر تاقی کردوونەتەوە؛ بۆیە پێغەمبەری خوا ﷺ دەفەرموێت: {انْظُرُوا إِلَى مَنْ أَسْفَلَ مِنْكُمْ وَلاَ تَنْظُرُوا إِلَى مَنْ هُوَ فَوْقَكُمْ، فَهُوَ أَجْدَرُ أَنْ لاَ تَزْدَرُوا نِعْمَةَ اللَّهِ عَلَيْكُمْ}( صحیح مسلیم-ج٤-ص۲۷۷٥). واتە: هەمیشە سەیری خەڵکانی خوار خۆتانەوە بکەن و سەیری خەڵکانی سەرووی خۆتان مەکەن؛ چونکە ئەوە واتان لێ دەکات، بەکەم سەیری نیعمەتەکانی خوای گەورە نەکەن.
ئەمە خاڵێکی زۆر گرنگە؛ بۆ کەمکردنەوەی ئازاری خەمەکان بۆ نموونە: کاتێک هەژار دەبیت و داهاتەکەت وەک پێویست نابێت، بزانە خەڵکانێک هەن هەر هیچیان نییە، ئەگەر هەر هیچت نییە، بزانە خەڵکانێک هەن سەرەڕای نەبوونی، لەشبەبار و ناساغ و لەجێکەوتەن، ئەگەر منداڵێکت نەخۆش دەکەوێت، یان دەمرێت، بزانە خەڵکانێک هەن هەر منداڵیان نییە و نابێت، بەم شێوەیە هەرکات تووشی ناڕەحەتی بوویت؛ سەیری خەڵکانی خوار خۆت بکەیت، نەک سەروو خۆت.
خۆ ئەگەریش بەپێچەوانەوە سەیری سەرووی خۆت بکەیت؛ ئەوا ئەگەر هیچ خەمیشت نەبێت هەر خەمباریت؛ چونکە دەبینیت خەڵکی شتانێکیان هەیە تۆ نیتە و لە خەمی پەیداکردنیدایت، کە پەیدای دەکەیت چاوت تێر نابێت؛ چونکە هەر چاوت لە ژوور خۆتەوەیە، بەم شێوەیە ئارامی لە دڵ و دەروونت هەڵدەگیرێت، خۆ ئەگەر تووشی بەڵایەکیش بیت؛ ئەوا خەمەکان چەند قات دەبنەوە و ژیانت لێ تاڵ دەبێت.

۳- سوپاسی خوای گەورە بکەین، کە ئەو بەڵایەی بەسەرمان هاتووە لەوە گەورەتر نەبوو، ئەگەر گەورەتر بوایە، چ دەسەڵاتێکمان دەبوو؟؛ چونکە هەر بەڵایەک بێت بەدڵنیاییەوە لەو گەورەترو ناڕەحەتتر هەیە.
خوای گەورە دەربارەی فیرعەون ودارودەستەکەی دەفەرموێت: (وَجَحَدُوا بِهَا وَاسْتَيْقَنَتْهَا أَنفُسُهُمْ ظُلْمًا وَعُلُوًّا ۚ فَانظُرْ كَيْفَ كَانَ عَاقِبَةُ الْمُفْسِدِينَ). واتە: ئەوانە لە ستەمکاری و لووتبەرزی خۆیانەوە ئینکاری بوونی خوای گەورە وبەڵگەکانییان دەکرد، هەرچەندە لەناخیشدا باوەڕی تەواویان پێی هەبوو. جا بڕوانە چارەنووسی خراپەکاران بەچی گەیشت، ئەمە حەقیقەتی هەموو دژە دین ومولحیدێکە بۆیە ئەگەر مەردن و دووڕوو نین لەگەڵ ڕێبازو دروشمەکانتان وەسییەت بکەن کە مردن لاشەکانتان نەهێنرێتە ماڵەکانی خوای گەورە بە وڕێوڕەسمی ئاینی لاشەکانتان بۆ گۆڕستان بەڕێ نەکرێت.

٤- خۆڕاگر و ئارامگربین و هیچ کات و بەهیچ شێوەیەک ناڕەزایی، یان قسەی خراپ و ناشکوری بەهیچ ئەندامێکی جەستەماندا نەیەت، نەدڵ، نەدەم، نەدەست، نەکردەوە؛ چونکە ناشکوری کردن، نەک بەڵاکە لا نابات، بەڵکو بەپێچەوانەوە زیادی دەکات و پاداشتەکەشی دەبات.
ئەمەش خاڵی جیاوازیی نێوان مرۆڤی بڕوادار و خەڵکانی بێباوەڕە؛ چونکە ئێمە و ئەوانیش لە دونیا تووشی بەڵاو ناڕەحەتی دەبین، بەڵام ئێمە دەزانین دونیا هەر کۆتایی دێت و ئەم ناڕەحەتیانەش بەشێکن لە تاقیکردنەوەی خوای گەورە، بۆیە ئارام دەگرین و چاوەڕوانی پاداشتی ناڕەحەتییەکانمان لە خوا دەکەین، بەڵام ئەوان سەرباری ناڕەحەتییەکانی دونیایان، سزای قیامەتیشیان لەسەرە، بۆیە خوای گەورە دڵنەواییمان دەکات و دەفەرموێت: [إن تَكُونُواْ تَأْلَمُونَ فَإِنَّهُمْ يَأْلَمُونَ كَمَا تَأْلَمونَ وَتَرْجُونَ مِنَ اللّهِ مَا لاَ يَرْجُونَ]( سورة النساء،آیة۱۰). واتە: ئەگەر ئێوە لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەیاندا، تووشی ئازار و ناڕەحەتی دەبن؛ ئەوانیش وەکو ئێوە تووشی ئازارو ناڕەحەتی دەبن، بەڵام ئێوە چاوەڕوانی پاداشت لە خوای گەورە دەکەن و ئەوان چاوەروانی هیچ پاداشتێک لە هیچ کەس ناکەن. بۆیە خوای گەورە، ئامۆژگاریمان دەکات کە لە کاتی بەڵاو ناڕەحەتییەکاندا ئارامگر بین و مژدەی زۆر گەورە بەئارامگران دەدات و دەفەرموێت: [وَبَشِّرِ الصَّابِرِينَ الَّذِينَ إِذَا أَصَابَتْهُم مُّصِيبَةٌ قَالُواْ إِنَّا لِلّهِ وَإِنَّـا إِلَيْهِ رَاجِعونَ أُولَـئِكَ عَلَيْهِمْ صَلَوَاتٌ مِّن رَّبِّهِمْ وَرَحْمَةٌ وَأُولَـئِكَ هُمُ الْمُهْتَدُونَ]( سورة البقرة: الآیة۱٥٥-۱٥۷). واتە: موژدە بدە بە ئارامگران ئەوانەی کاتێک نەهامەتییەک ڕوویان تێ دەکات، دەڵێن: ئێمە هی خواین و هەر بۆ لای ئەویش دەگەڕێینەوە ئەوانە بەزەیی و لێخۆشبوونی خوای گەورە دادەبەزێتە سەریان و هەر ئەوانەش لەسەر ڕێگەی ڕاستی خواناسین.

لە شوێنێکی تردا باسی هاوەڵی بوونی خۆی و کۆمەکیکردنی ئارامگران دەکات و دەفەرموێت: [إنَّ اللّهَ مَعَ الصَّابِرِينَ]( سورة البقرة:الآیة ۱٥۳). واتە: خوای گەورە لەگەڵ ئارامگرانە. لە هەندێک شوێنی تردا جەخت لەسەر خۆشەویستیی خۆی دەکاتەوە بۆ ئەوان و دەفەرموێت: [وَاللّهُ يُحِبُّ الصَّابِرِينَ]( سورة آل عمران:الآیة ۱٤٦). واتە: خوای گەورە ئارامگرانی خۆش دەوێت. سەرباری ئەمانە هەمووی مژدەی ئەوەیان پێ دەدات کە بێ ئەندازە و بەشێوەیەک کە هەر بیریان لێ نەکردۆتەوە، پاداشتیان دەداتەوە و دەفەرموێت: [إِنَّمَا يُوَفَّى الصَّابِرُونَ أَجْرَهُم بِغَيْرِ حِسَابٍ]( سورة الزمر:الآیة۱۰). ئەمانە و چەندان بەخششی تر، کە لە ئارامگریدا دەست دەکەون.
هەر بۆیە پێغەمبەری خوایشﷺ فێرمان دەکات لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی هەر پێشهاتێکدا خۆمان ڕادەستی خوای گەورە بکەین و بەقەدەری ئەو ڕازی بین و بڵێین: {قَدَرُ اللَّهِ وَمَا شَاءَ فَعَلَ}( صحیح مسلیم،ج٤،ص۲۰٥۲). واتە: ئەمە ویستی خوای لەسەر بووە، خوایش هەرچی بوێت؛ ئەوە دەبێت.
ئەمانە ئەو هەڵوێستانەن کە دەقە شەرعییەکان فێرمان دەکەن لە کاتی ناڕەحەتیدا بیانکەینە وێردی زوبانمان و زیاد و کەمیان لێ نەکەین و بیرمان بەلای قسەی بەد و ناشکوریدا نەڕوات.

پێشینانی ئەم ئوممەتە، ئەوەندە بەئاگاییەوە مامەڵەیان لەگەڵ ئەم پرسەدا کردووە، کاتێک تووشی ناڕەحەتی بوون، نەک هەر ناڕەزاییان دەرنەبڕیوە، بەڵکو لای کەسیش باسیان نەکردووە؛ لە ترسی ئەوەی نەوەک پاداشتەکەی کەم بێتەوە.
پیاوێک دەڵێت: سکاڵای نەخۆشییەکی خۆم لای کەسێک باس دەکرد، شورەیح ئاگای لێ بوو، هات دەستی خستە سەر شانم و گوتی: حەز دەکەم دوو قسەت لەگەڵ بکەم، دووری خستمەوە، گوتی: برام، بۆچی سکاڵای نەخۆشی و ناخۆشیی خۆت لای خەڵک دەکەیت؟ وتم: من ئازارم زۆر بوو، بۆیە باسم کردووە، گوتی: سەیری ئەو چاوەم بکە، منیش سەیری چاویم کرد، هیچی پێوە دیار نەبوو، گوتی: سوێند بە خوا نزیکەی (15) ساڵە نە کەسێک، نە ڕێگایەک هیچی پێ نابینم، هەتا ئێستایش جگە لە خۆم و خوا کەس نازانێت ئەو چاوەم لە دەست داوە و باسم نەکردووە؛ تا پاداشتەکەی لای خوا کەم نەکات، پاشان پێی گوتم: تۆ قسەکەی یەعقوبت گوێ لێ نەبووە، کە دەفەرموێت: [إِنَّمَا أَشْكُو بَثِّي وَحُزْنِي إِلَى اللّهِ](سورة یوسف:الآیة۸٦ ). واتە: من سکاڵای ناسۆرو خەمەکانم تەنها لای خوا دەکەم.
ئەمە تێگەشتنێکی زۆر وردە لە مامەڵەکردن لەگەڵ خوای گەورە و ئێمە لێی بێئاگاین، بۆیە دەبینین بە بچووکترین ئازارو ناڕەحەتی هاوارمان لێ هەڵدەسێت و دەست دەکەین بە سکاڵاکردن و ناشکوری و تانەدان لە بڕیارەکانی خوای گەورە و تۆمەتبارکردنی بە ستەمکردن و نادادپەروەری، هەموو ئەمانەش نەک چارەسەری کێشەکان ناکەن بەڵکو ئەوەندەی تر زیادی دەکەن و قورستری دەکەن.

٥- سوپاسی خوای گەورە بکەین لە سەر ئەوەی ئەو بەڵایە ڕووی لە دینمان نەکردووە؛ چونکە ئەوەی لە دونیا هەیە، هەمووی هەر دەڕوات، ساتێک درەنگتر، یان زووتر بەجێی دەهێڵین، مرۆڤ بە تەنها و بەڕووتی چۆن هاتووەتە دونیا، ئاوهایش لێی دەردەچێت و دەگەڕێتەوە بۆلای خوا، کاتێک دەزانین ئەم بەخششانە هەر دەڕۆن، بۆچی مرۆڤ وا بکات لەسەریان، خوا لە خۆی بڕەنجێنێـت.
هەر بۆیە پێغەمبەری خواﷺکاتێک نزای دەکرد و دەپاڕایەوەو دەیفەرموو: {ولا تجعلْ مُصيبتَنَا في دِيِننَا}( سنن النساء:ج٦،ص۱۰٦). واتە: خوایە هەر بەڵاو موسیبەتێکت نارد؛ لە دینمانی لابدە و با ڕوو لە دونیا بێت؛ چونکە باوەڕ و خواناسی دەستمایەی ژیانی مرۆڤە کە لەدەست چوو، قەرەبوو ناکرێتەوە، بەڵام گشت شتەکانی تر لاوەکین و هەر لەدەست دەچن و خوای گەورە زۆر بەباشتر قەرەبوویان دەکاتەوە.
پێشەوا عومەر دەفەرموێت: (ما ابتليت ببلاء إلا كان لله تعالى علي فيه أربع نعم: إذ لم يكن فى دينى، وإذ لم يكن أعظم منه، وإذ لم أحرم الرضا به، وإذ أرجو الثواب عليه)(الغزالی:احیاء علوم الدین،ج٤،ص۱۲۹ ). واتە: هەر ناخۆشییەک ڕووی تێ کردبێتم خوای گەورە لەپاڵیدا چوار بەخششی لەگەڵ کردووم: یەکەم ئەو ناخۆشی و نەهامەتییە بۆ دونیا بووە و ڕووی لە ئایین و بیروباوەڕم نەبووە، دووەم: لەوە گەورەتر نەبووە، سێیەم: پێی ڕازی بووم و لە نیعمەتی ڕەزامەندی بێبەش نەبووم، چوارەم: چاوەڕوانی پاداشتم کردووە لە خوای گەورە.

٦- با هەمیشە گومانی باشمان بە خوای خۆمان هەبێت، کە هەرگیز خوا کارێک ناکات، لە زیانی بەندەکانی خۆی، بەڵکو هەمیشە باشەی بۆیان دەوێت؛ چونکە لەناو بوونەوەردا خوا ڕێزی زۆری لە مرۆڤ گرتووە و بەدەستی خۆی درووستی کردووە و لە ڕۆحی خۆی کردووە بە بەریدا و هەر لە سەرەتای درووستبوونییەوە فەرمانی بە فریشتەکانی نزیکی خۆی کردووە کڕنووشی بۆ بەرن و ئەم هەموو بوونەوەرەی خۆی لە زەوی خۆر و مانگ و سیستەمە گەردوونییە زەبەلاحەی خستۆتە پێناو خزمەتی ئەوەوەو دواتر ئەو هەموو پەیام و پێغەمبەرەی بۆ ڕەوانە کردوون؛ تا گومڕا و لاڕێ نەکەون، جا چ ژیرێک باوەڕ دەکات، کە خوا بیەوێت بێڕێزی بەرامبەر بەو درووستکراوە ناوازەیەی خۆی بکات، یان بیەوێت ناڕەحەتی بکات و ڕووبەڕووی سزا و ئازار و ئەشکەنجەی بکاتەوە؟!

بەداخەوە ئێمە هەمیشە لە ئاست تێگەشتن و زانستی کەم و کورتبینی خۆمان بڕیار دەدەین و هەڵسەنگاندن بۆ کارو فەرمانەکانی خوای گەورە دەکەین، خوای گەورەش لە ئاست توانا و بەخشش و زانستی بێسنووری خۆی بڕیار دەدات. ئەوەتا کاتێک باسی بەڵا و ناڕەحتییەکانمان بۆ دەکات، دەفەرموێت: [قُل لَّن يُصِيبَنَا إِلاَّ مَا كَتَبَ اللّهُ لَنَا](سورة التوبة:الآیة٥۱ ). واتە: بڵێ هیچ ناخۆشی و بەڵایەکمان بەسەر نایەت جگە لەوەی خوای گەورە بۆی نووسیوین. کەواتە: بەڵاکە بۆ ئێمە و لە بەرژەوەندیی ئێمە نووسراوە؛ چونکە دەفەرموێت: (لنا)، نەک (علینا). واتە: بۆمانە، نەک لەسەر و لە دژمانە.
یەکێک لە سەرەتاییترین سوودەکانی ناخۆشییەکانی دونیا، ئەوەیە کە خوای گەورە دەیکاتە مایەی لێخۆشبوونی تاوانەکان و کەمکردنەوەی سزای قیامەت، پێغەمبەری خوا ﷺ لە فەرموودەیەکیدا دەفەرموێت: {مَا يُصِيبُ الْمُسْلِمَ مِنْ نَصَبٍ، وَلَا وَصَبٍ، وَلَا هَمٍ وَلَا حُزْنٍ وَلَا أَذًى وَلَا غَمّ حَتَّى الشَّوْكَةِ يُشَاكُهَا إِلَّا كَفَّرَ اللَّهُ بِهَا مِنْ خَطَايَاهُ}(صحیح البخاری:ج۷،ص۱۱٤ ). واتە: هیچ شتێک نایەتە ڕێی مرۆڤی باوەڕدار لە ماندوێتی و نەخۆشی و پەژارە و خەم و ئازار و ناڕەحەتی، تەنانەت دڕکێک کە دەچێت بە پێیدا ئیللا خوای گەورە دەیکاتە مایەی سڕینەوەی تاوانەکانی. ئەمانە و چەندان سوودی تر کە ئێمە هەستیان پێ ناکەین و لێیان بێئاگاین.

۷-باهەرگیز لەبەرامبەر بڕیارەکانی خوادا
گومانی باشمان بە خۆمان نەبێت؛ چونکە ئەم گومان باشییەی خۆمانە بە خۆمان، وامان لێ دەکات خۆمان بە شایەنی هەموو شتێکی باش بزانین و هەر شتێک بەسەرمان بێت، کە بەدڵمان نەبێت بە ستەمی بزانین و هەست بکەین بەوەی دەبوو وانەبوایە، یان دەپرسین بۆ خوا وای لێ کردین؟! یان بۆ خوا هەر ئێمەی لەبیرە؟! یان بۆ من، یان ئێمە چیمان کردبوو؟! ئەمانە هەمووی سەرەڕای بەڵاکەی دونیا، دەرگای کوفر و بێدینیش بەڕووی مرۆڤدا دەکەنەوە، بۆیە لەبری ئەم پرسیارە بێ ڕێ و بێ جێیانە؛ با دڵنیا بین لەوەی کە هەرچی بە سەرمان دێت، هۆکارەکەی خۆمانین و خوایش ستەم لە کەس ناکات، ئەوەتا بەرامبەر بە پێغەمبەر ﷺو هاوەڵانی پاش شکستەکەی ئوحود دەفەرموێت: [أَوَلَمَّا أَصَابَتْكُم مُّصِيبَةٌ قَدْ أَصَبْتُم مِّثْلَيْهَا قُلْتُمْ أَنَّى هَـذَا قُلْ هُوَ مِنْ عِندِ أَنْفُسِكُمْ]( سورة آل عمران:آیة۱٦٥). واتە: بۆ کاتێک تووشی بەڵا و ناڕەحەتییەک دەبنەوە، کە دوو هێندەتان بەسەر دوژمنەکانتان هێناوە، دەپرسن و دەڵێن ئەوە لەبەرچی وامان بەسەر هات؟ لە وەڵامدا پێیان بڵێ: بەهۆی کردەوە و سەرپێچییەکانی خۆتانەوە ئەو بەڵایەتان بەسەر هات.
زانایان دەفەرموون: (مانزل بلاء الا بذنب وما رفع الا بتوبة)(ابن القیم،الداء والدواء،ص۱۷۹ ). واتە: هەر بەڵایەک کە دێت بەهۆی تاوانێکەوەیە و تەنهایش بە تەوبەکردن خوای گەورە لای دەبات.
کەواتە: پێویستە ناخۆشی و ناڕەحەتییەکان خاڵی وەرچەرخان بن بەرەو بەخۆداچوونەوە و چاکردنی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ خوا، نەک بەپێچەوانەوە هەڵوێستوەرگرتن لە خواو دادگایکردنی بریارەکانی ئەو.

۸- هەرگیز پێت وا نەبێت، کە خوای گەورە
تەنها تۆ تاقی دەکاتەوە و خەڵکانی تر پاڵیان لێ داوەتەوە و لە نازو نیعمەتدا دەژین، بەڵکو دڵنیابە لەوەی کە ئەوەی بەسەر تۆ دێت بەسەر هەموو خەڵکی هاتووە و دێت؛ چونکە سرووشتی ژیانی دونیا وایە، کە کەس تا سەر تێیدا بەختەوەر نابێت و نەهامەتییەکانی ژیان بۆ هەمووان لە بۆسەدان و هەر جارەو کەسێک و بەشێوەیەک گیرۆدەیان دەبێت، جا بەختەوەری ڕاستەقینە ئەوەیە کە لە واتە و ڕاستییەکانی ژیان تێ دەگات و خۆی بۆ تاقیکردنەوەکانی ئامادە دەکات، ئەمەش ئاسوودەیەکی زۆری دەروونی بۆ مرۆڤی باوەڕدار درووست دەکات، کە بۆ خەڵکانی تر دەستەبەر نابێت.

۹-با پێوەری بەخششەکانی دونیا نەکەینە سەنگی مەحەکی باشی و بەختەوەری مرۆڤەکان، بەو واتایەی ئەگەر خوای گەورە دەرگای دونیای بۆ خەڵکانێکی خراپ واڵا کرد، ئیتر پێمان وا بێت ئەوان ڕاستن و لەسەر حەقن، بۆیە خوا دونیای پێ داون، ئێمەش پێویستە چاویان لێ بکەین؛ چونکە ئەم بۆچوونە هەڵەیە لەبەر دوو هۆ:
‌أ- هیچ کات بەخششەکانی دونیا نابنە پێوەر بۆ بەختەوەری مرۆڤەکان؛ چونکە بەختەوەری لە ناخ و دڵدایە، نەک لەبەر دەست و دەوروبەر، بۆ نموونە: مەرج نییە کەسێک خانووی خۆش و ئۆتۆمبێلی مۆدێل بەرز و پارە و سامانی زۆری هەبێت بەختەوەر بێت، پێچەوانەکەشی بەدبەخت بێت. ئێستا وڵاتێکی وەک و یابان کە بە هەموو پێوەرێکی دونیا، دەبێت دانیشتووانەکەی بەختەوەرترین مرۆڤی دونیا بن؛ کەچی بەپێچەوانەوە زۆرترین و مەترسیدارترین ڕێژەی خۆکوشتن لە وڵاتی یابانە، یان سوید کە پێی دەڵێن بەهەشتی خوا لەسەر زەوی ڕێژەی خۆکوشتن تێیدا ئێجگار زۆرە و ئەم ڕێژانەش ساڵ بەساڵ ڕوو لە زیادبوونە، باشە بۆچی؟! ئەی بۆ لە صوماڵ کە هیچ هۆکارێکی بەختەوەری ژیانی دونیای تێدا نییە ڕێژەی خۆ کوشتن دەگمەنە؟! کەواتە: وەکو گوتمان بەختەوەری لە ناخدایە و خەڵکی صۆماڵ بەختەوەرن بەو باوەڕەی لە ناخیاندایە و گەشبینن بە دواڕۆژی باوەڕ و خواناسییەکەیان.
ب- ئەو بەخششانە نابنە پێوەری ڕەزامەندیی خوا و ڕاستیی ڕێبازی ئەوان؛ چونکە هەندێک جار زۆری بەخششەکان ئیستدراجە و خوای گەورە بەو بەخششانە تاقییان دەکاتەوە، پێغەمبەری خوا ﷺ لە فەرموودەیەکیدا دەفەرموێت: {إِذَا رَأَيْتَ اللَّهَ يُعْطِى الْعَبْدَ مِنَ الدُّنْيَا عَلَى مَعَاصِيهِ مَا يُحِبُّ، فَإِنَّمَا هُوَ اسْتِدْرَاجٌ}( مسند الامام احمد،ج۲۸،ج٤٥۷). واتە: ئەگەر بینیت خوای گەورە، بێ دڵی بەندەیەکی یاخی نەدەکرد و ئەوەی پێی خۆش بوو دەیدایە؛ ئەوە بزانە خوا جڵەوی بۆ شل دەکات و ئیستدراجی دەکات، پاشان ئەو ئایەتەی خوێندەوە: [فَلَمَّا نَسُواْ مَا ذُكِّرُواْ بِهِ فَتَحْنَا عَلَيْهِمْ أَبْوَابَ كُلِّ شَيْءٍ حَتَّى إِذَا فَرِحُواْ بِمَا أُوتُواْ أَخَذْنَاهُم بَغْتَةً فَإِذَا هُم مُّبْلِسُونَ](سورة الانعام:آیة٤٤). واتە: کاتێک پشتیان کردە پەیامەکانی خوا و لەبیر خۆیان بردەوە ئێمەش دەرگای هەموو بەخششەکانمان بە ڕوویاندا واڵا کرد، کاتێک کەوتنە نازو نیعمەتەوە، لەناکاودا لەناومان بردن و و بێ هیوامان کردن لە بەزەیی خوای گەورە.
لە ئایەتێکی تردا دەفەرموێت: [أَيَحْسَبُونَ أَنَّمَا نُمِدُّهُم بِهِ مِن مَّالٍ وَبَنِينَ * نُسَارِعُ لَهُمْ فِي الْخَيْرَاتِ بَل لَّا يَشْعُرُونَ](سورة المؤمنون:آیتان ٥٥-٥٦ ). واتە: بۆ وا دەزانن ئەو بەخششانەی لەگەڵمان کردوون لەو ماڵ و سەروەت و سامانەی پێمان داون ئێمە دەمانەوێت خێر و چاکەیان لەگەڵدا بکەین نەخێر، بەڵکو ئەوانە بێ هەستن و وای تێ دەگەن.
کەواتە: هەموو بەخشش و پێدانێک مەرج نییە نیشانە و بەڵگەی باشی خاوەنەکەی بێت، یان بەپێچەوانەوە، ناڕەحەتی و ناخۆشی نیشانەی خراپیی خاوەنەکەی بێت، بەڵکو هەندێک جار بەپێچەوانەوەیە ئەوەتا فیرعەون (400) ساڵ ژیاوە و لە هەموو تەمەنیدا، تەنانەت ددانێکی نەئێشاوە و ئەو هەموو دەوڵەت و دەسەڵاتەشی هەبووە، بەڵام ئەمە هەرگیز نیشانەی ئەوە نەبووە، کە خوا فیرعەونی خۆش ویستووە، لەبەرامبەریشدا پێغەمبەران ئەوەندە بەشمەینەت و ناڕەحەت بوون لە ژیانی دونیا، نوح (950) ساڵ گیرۆدەی دەستی گەلێکی سەرسەخت بووبوو، کە هەمیشە سەرقاڵی بانگخوازی و هیدایەتیان بوو، ئیبراهیم بە چەندان شێوە خوای گەورە تاقیی کردۆتەوە هەر لە بەگژاچوونەوەی بێباوەڕی باوکی و گەلەکەی، تا دەگاتە هەوڵی سووتاندن و دەربەدەرکردن و بەجێهێشتنی خێزان و جگەرگۆشە تاقانەکەی لە دۆڵێکی چۆڵ و بێکەسدا، تا فەرمانکردن بەسەربڕینی تاقانەکەی پاش گەورەبوونی و جۆرەها تاقیکردنەوەی تر، ئەیوب خوای گەورە هەموو سەروەت و سامان و ماڵ و منداڵەکەی لێوەرگرتۆتەوە و بۆماوەی (14) ساڵ نەخۆشییەکی خراپی گرتووە، کە شاربەدەر کراوە و لە هیچ ئاوەدانییەکدا جێگەی نەکراوەتەوە، یوسف چەندان ساڵی تەمەنی منداڵی و لاوی لە کۆیلایەتی و بەندیدا بەسەر بردووە، پێغەمبەری سەروەرمان ﷺ هەر لە سەرەتاوە بەهەتیوی و هەژاری هاتووەتە دونیا و هەر لە منداڵیدا لە نازی دایکی بێبەش بووە، پاشانیش ڕووبەڕووی ئەو هەموو ئازار و ئەشکەنجەیە بۆتەوە لە لایەن نەیارانییەوە و پاش ئەوەش کە دەسەڵاتی هەبوو هەر بەهەژاری و نەداری ژیانی بردۆتە سەر و جار هەبوو بۆ دوومانگ زیاتر ئاگر لە هیچ ماڵێکیدا نەکراوەتەوە و تەنها ئاو و خورمای خواردووە، خۆ ناکرێت بڵێین ئەمانە خوا خۆشی نەویستوون، یان ڕقی لێیان بووە!.

کەواتە: پێوەری خۆشی و ناخۆشی، لای خوا بۆ قیامەتە، نەک خۆمان و خەڵک و دونیا؛ چونکە ژیانی دواڕۆژ نەبڕاوە و هەمیشەییە هەر بۆیە خوا پاداشتی باوەڕداران و سزای بێباوەڕانی خستۆتە ئەو ڕۆژە.

۱۰- هەر ناخۆشییەک بەسەرمان دێت، ویستی خوای لەسەرە و هیچ شتێک بێ ویستی ئەو ناکرێت، پێغەمبەری خواﷺ لە فەرموودەیەکیدا دەفەرموێت: {وَاعْلَمْ أنَّ الأُمَّةَ لَوِ اجْتَمَعَتْ على أنْ يَنْفَعُوكَ بِشَيْءٍ لَمْ يَنْفَعُوكَ إِلاَّ بِشَيْءٍ قَدْ كَتَبَهُ اللَّهُ لَكَ، وَإِنِ اجْتَمَعُوا على أنْ يَضُرُوكَ بِشَيْءٍ لَمْ يَضُرُوكَ إِلا بِشَيءٍ قد كَتَبَهُ اللَّهُ عَلَيْكَ}( صحیح مسلیم:ج٤،ص۲۰٥۲). واتە: بزانە ئەگەر هەموو ئەو ئوممەتە کۆ بێتەوە لەسەر ئەوەی سوودێکت پێ بگەیەنن، ناتوانن پێتی بگەیەنن، ئەگەر خوای گەورە بۆی نەنووسیبیت، ئەگەریش کۆ ببنەوە لەسەر ئەوەی زیانێکت پێ بگەیەنن، ناتوانن پێتی بگەیەنن، ئەگەر خوای گەورە لەسەری نووسیبیت.
کەواتە: هەموو خۆشی و ناخۆشییەک کە تووشمان دێت، ویستی خوای لەسەرە و پێویستە ئێمەش بە ویستەکانی ئەو ڕازی و سوپاسگوزار بین هەرچی و هەرچۆن بێت؛ چونکە وەکو گوتمان ئێمە لەبەر خودی خۆی کە شایەنی هەموو گەورەییەکە دەیپەرستین، نەک لەبەر بەخششەکانی و ئەو بەڵایەش بەدڵنیاییەوە بەشێک لە بەخششەکانی بردووە، نەک هەمووی.

پروفسور خالد محمد صالح

نمایش بیشتر

ســــۆزی میــــحڕاب

سایت ســــۆزی میــــحڕاب در آذرماه 1392 با همت جمعی از اهل قلم خوشنام و گمنام تاسیس شد ســــۆزی میــــحڕاب بدون جنجال و در اوج عملگرایی به ترویج مبانی میانه روی می پردازد ســــۆزی میــــحڕاب با هیچ جریان و هیچ احدی درگیری ندارد ســــۆزی میــــحڕاب رسالتی جز همزیستی و دگرپذیری ندارد

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

همچنین ببینید
بستن
دکمه بازگشت به بالا