تاریخشخصیت ها

کورتەیەک لە ژیاننامەی حاجی مامۆستا مەلا موحەممەدی نیازی(1399__1316)

کورتەیەک لە ژیاننامەی حاجی مامۆستا مەلا موحەممەدی نیازی

✍️ عبدالقادر نیازی
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
✍️ عبدالقادر نیازی

حاجی مامۆستا مەلا موحەممەد نیازی، حەوتی گوڵانی ساڵی 1316 ی هەتاوی لە ئاوایی دێبۆکر چاوی بە دونیا هەڵێنا. لە تەمەنی هەشت ساڵی لە خزمەت مامۆستای ئەو کاتی ئاوایی دێبۆکر و کەسێکی تر لە خوێندەوارانی ئەو کات، دەستی بە خوێندنی دەرس کرد.لە ساڵی 1319ی هەتاوی بە مەبەستی فەقێیەتی و لە سەر پێشنیار و ئیجازەی بابی و مامی خۆشەویستی کە ئەویش مامۆستای ئایینی بوو، ڕووی لە ئاوایی گردکسپیانی پیرانشار کرد و دوای ماوەیەک بەرەو ئاواییەکانی ئەندێزێ و دربکە بارگەی سەفەری تێک نا و لە خزمەت حاجی مامۆستا مەلا عەلی دربکە درێژەی بە خوێندن دا.سەفەرە نێوخۆیی و کاتییەکانی حاجی مامۆستا مەلا موحەممەد نیازی بە مەبەستی وەرگرتنی ئەزموون و تەجرەبەی زانستی و ئایینی، دە ئاکامدا بە ئاواییەکانی جەڵدیان و دێڵزێ و خورینج کۆتایی پێ هات. دوای ئەوەی لە ئاوایی خورینج لە خزمەت حاجی مامۆستا مەلا موحەممەدی عەزیزی کە یەکێ لە گەورەترین و شارەزاترین مامۆستایانی شارەزای شەریعەت بوو لە ناوچەی لاجان، تەجرەبە و ئەزموونێکی زۆری لە سەر زانستی ئایین وەدەست کەوت، ئەمجارەیان ڕووی لە زینوێی شێخان و قەلەڕەشێ کرد لە کوردستانی عێراق و دوای ماوەیەکی زۆر گەڕایەوە ئاوایی پەسوێ و لە خزمەت حاجی مامۆستا مەلا ساڵحی پەسوێ دا سەر لە نوێ بەرپرسایەتی دەروەستی خۆی وەستۆ گرت و لە خزمەت بەڕێزیشیان دا درێژەی بە خوێندن دا… دڵی تامەزرۆی زانستی حاجی مامۆستا مەلا موحەممەد نیازی، ئەمجارەیان ئەوی پەلکێشی ئاوایی شێلم جاڕان کرد و تا کۆتایی دەرسەکەی و وەرگرتنی ئیجازەی مەلایەتی کە لە ساڵی 1343 ی هەتاوی بوو لە خزمەت عەللامە حاجی مامۆستا مەلا موحەممەدی بداقی کە لە گەورەترین و شارەزاترین مامۆستایانی کوردستانی عێراق و ئێران و تورکیە و سووریە بوو، لە شێلم جاڕان مایەوە. دوای وەرگرتنی ئیجازەی مەلایەتی گەڕایەوە زێدی خۆی ئاوایی دێبۆکر و بە هۆی نەخۆشی و چوونەسەری تەمەنی دایک و بابی و هەروەها فەوتی برای خۆشەویستی کە نێوی ” موحەممەد ئەمین” بوو، بەرپرسایەتی و بەخێوکردنی سێ برازای خۆشەویستی خۆی بە نێوەکانی ئەبووبەکر و زارا و فاتیمە و هەروەها پێ ڕاگەیشتن بە دایک و بابی، بۆ ماوەی هەشت ساڵ دوای ئیجازە وەرگرتن لە ئاوایی دێبۆکر مایەوە و چونکە دەرەتانی ئەوەی نەبوو کە ئیمامەت و مەلایەتی هیچ شوێنێک وەستۆی خۆی بگرێ، بۆ دابین کردنی بژیوی ژیانی دایک و بابی و هەروەها سێ برازا سەغیرەکەی، قۆڵی لە کاری کشت و کاڵ هەڵماڵی. هاوکات لە گەڵ کشت و کاڵ هاوڕێ لە گەڵ خوالێخۆشبوو مامۆستا مەلا مستەفا قادرپورئازەر کە ئەوکات هەم مامۆستای ئایینی دێبۆکر بوو هەم هاواڵی چاخی منداڵی و فەقێیەتی و دەرس خوێندنیشی بوو، ئەرکی ڕاپەڕاندنی کاروباری کۆمەڵایەتی ئاوایی دێبۆکریشی وەستۆی خۆی گرت. حاجی مامۆستا مەلاموحەممەد تا ساڵی1358ی هەتاوی و بە دوای کۆچی دوایی دایک و بابی و هەروەها پێک هێنانی ژیانی هاوبەشی بۆ هەرسێک برازاکەی، لە سەر داوای خەڵکی ئاوایی ماسوێ ئەرکی مەلایەتی و ئیمامەتی ئەو دێیەی وەستۆی خۆی گرت و 29 ساڵ لە ئاوایی ماسوێ مایەوە. حاجی مامۆستا مەلا موحەممەد بە هۆی نەخۆشی دڵ کە ماوەیەکی زۆر بوو تووشی ببوو، ناچار بوو لە ساڵی1386ی هەتاوی و لە سەر ویست و داخوازی خەڵکی کۆسەکەرێز ئاوایی ماسوێ بەجێ بێڵێ و بۆ وەستۆخۆگرتنی ئیمامەت و مەلایەتی بەرەو ئاوایی کۆسەکەرێز کۆچ بکا.بەڕێزیان ماوەی 9 ساڵ لە کۆسەکەرێز مایەوە و ئەو ئەرکە پیرۆزەی ڕاپەڕاند.تا ئەوەیکە لە ساڵی1395ی هەتاوی بە هۆی پەرە ئەستاندنی نەخۆشی قەلبی و گورچیلە و دوای 39 ساڵ مەلایەتی، لە سەر ویست و داخوازی خۆی، خۆی خانەنشین کرد و تەواوی کاتی خۆی تەرخان کرد بە خوێندنەوە و ڕاپەڕاندنی کاروباری ئەو خەڵکەی کە دوای خانەنشینیش ڕوویان لێ دەنا بۆ کاروبارە ئایینی و کۆمەڵایەتییەکانیان.حاجی مامۆستا مەلاموحەممەد دە ماوەی 83 ساڵ تەمەنی خۆی دا دووجار بەشداری شکۆی پڕ لە مێهر و ئەوینی حەج بووە و دەیان جار بەشداری کۆنفڕانس و هەمایش و کۆبوونەوە ئایینی و زانستییەکانی ناوخۆی وڵات و دەرەوە بووە لە تورکیە و عێراق و سووریە و میسر…. بەڕێزیان خاوەنی هاوسەرێکی فیداکار مێهرەبان و لە خۆبوردوو بوو بە نێوی زێنەب خاتوون کە دە تەواوی ژیانی دا شان بە شانی حاجی مامۆستا جەور و ئازار و نەهامەتییەکانی ژیانی هاوبەشی کێشا. ئەو دوو هاوسەرە ئەویندارە خاوەنی 8 منداڵ و 15 نەوەن. سەر ئەنجام لە ڕێکەوتی 20ی خەزەڵوەری ساڵی 1399ی هەتاوی، بە هۆی نەخۆشی دڵ کە ماوەی بیست و دوو ساڵ بوو حاجی مامۆستای خستبۆ ژێر زەخت و گوشار، لە نەخۆشخانەی مەهاباد گیانی پاکی تەسلیمی کردگاری بێ وێنە کرد و ئەمری خوای مەزنی بە جێ هێنا.

تەرمی پاکی حاجی مامۆستا مەلا موحەممەد دەنێو ئەژمارێکی زۆر و بێ وێنە لە هۆگرانی و خەڵکی ئەمەگناس و باوەفا، لە سەر ویست و وەسیەتی خۆی گوێزرایەوە گۆڕستانی ” قەبرە وێڵان” لە زێدی خۆی واتا ئاوایی دێبۆکر و لە پەنا خوالێخۆشبووان دایک و بابی و هاوڕێی خۆشەویستی خۆی مامۆستا مەلامستەفا قادرپوور ئازەر، تەسلیم بە خاک کرا.

نمایش بیشتر

ســــۆزی میــــحڕاب

سایت ســــۆزی میــــحڕاب در آذرماه 1392 با همت جمعی از اهل قلم خوشنام و گمنام تاسیس شد ســــۆزی میــــحڕاب بدون جنجال و در اوج عملگرایی به ترویج مبانی میانه روی می پردازد ســــۆزی میــــحڕاب با هیچ جریان و هیچ احدی درگیری ندارد ســــۆزی میــــحڕاب رسالتی جز همزیستی و دگرپذیری ندارد

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

دکمه بازگشت به بالا