عمر عبدالعزیز
بۆ ئەو بەڕێزانەی فەیسبووکیان بۆ ناکرێتەوە:
(قۆستنەوەی هەلی ڕەمەزان)
مانگی ڕەمەزانی بەرەكەتو چاوپۆشییو ڕزگاركردن لە دۆزەخ هاتو ئەوێندارانی خواناسی بە گەرمیو بە مەبەستی بەهرەوەر بوون بەو نیعمەتە باوەشیان بۆ كردەوە.
زۆرجار مرۆڤ لە گەرمەی كاری ڕۆژانەو سەر قاڵیی خۆیدا، بێ ئاگایی ڕووی تێدەكاو ئامانجو هەنگاوە دوورەكانی، لەگەڵا خواستە كاتییەكاندا، لێكدەئاڵێن. جێی خۆیەتی مانگی هاتنە خوارەوەی قورئان بكەینە هەلی تەراندنی ئەو بێ ئاگاییەو بە نێزیككەوتنەوەیەكی زیاتر لە خوای گەورە، زاخاوی دڵاو ڕەوشتەكانمان بدەینو بۆ زیاتر ڕوونكردنی چەشمەندازەكانی دواڕۆژمان، چاوێك بە ڕابردووی خۆمانو ئێستەو واقیعماندا بخشێنین.
ئەوەمان لەبیر نەچێت كە ئێمە پێش ئەوەی هەر شتێك بین موسڵمانو بەندەی خوداینو بۆ ڕەزامەندیی ئەو، هەموو هەنگاوێك دەنێین. كارێكی نەشیاوو نالەبارە، كە سەرگەرمیی بە كاروباری ڕۆژانەوە، ئەو ئەركە سەرەكییو هەوێنە ئەساسییەمان لەبیر بباتەوە.
دیارە، زۆربەی كات مرۆڤ فەرامۆش كارەو پێویستی بە وەبیرخستنەوەو ڕاچڵەكاندن هەیە، هەروەك هەندێ جێگەو شوێنیش پیرۆزنو داچڵەكێنن، هەنێك كاتیش هەر وانو دەكرێ بكرێنە هەلی بەخۆدا چوونەوەو پەشیمانی دەربڕینو خوا لە خۆ ڕازی كردن..
مانگی ڕەمەزان یەكێك لەو كاتانەیە، كە بە چەندین ئایەت و فەرموودەی پێغەمبەر باسی پیرۆزییو ڕێزلێنانی كراوەو ئاماژە كراوە كە دوعاو نزا تیایدا وەردەگیرێو خوای گەورە لە بەندە گەڕاوە و پەشیمانبووەكانی خۆش دەبێت.
هەلێكی باشو فرسەتێكی گونجاوە كە هەموو لامان پێكەوە وەرچەرخانێك بكەینو ئاوڕێك بەلای نیازو مەبەستو كارو ڕەوشتەكانماندا بدەینەوە، بە تایبەتی ئەوانەمان كە زیاتر دووچاری تاوانكارییو غەفڵەتو دوركەوتنەوە بووین. كێ دەڵێ ئەجەل مۆڵەت دەدات كە ساڵێكی تر تەمەن بكەینو فریای بەهرەی ڕەمەزانێكی پیرۆزی تر بكەوین..؟ ئەوەشمان لەبیر نەچێت كە مانای ئەم هەنگاوە وەلاخستنی كاروبارو كات بەفیڕۆدانو خۆدزینەوە لە واقیع نیە، بەڵكو بە پێچەوانەوە ئەمە هەنگاوێكی دەروونییو مێشكییەو كات لە هیچ ناگرێ. بگرە لەوەش زیاتر ئەم هەنگاوە زاخاودەری كارەكانو پێكهێنەری هەڵسوكەوتو ڕێخۆشكەری هەنگاوەكانی ترە. حەوزی لەزێوەردانو پاككردنەوەی هەموو كارو گوفتارو ڕەفتارەكانە، هەوێنەو گرسێنەری كەسایەتی مرۆڤەكانە.
ئەمە دەبێ لای خواناسان وەك ئەلفبێ وابێو لای ئەوانەش لە بەهرەی ئیمان دوورن، حەقیقەتێكی بەڵگەنەویست بێت، بەو هیوایەی كە هەموو لا بە دڵو دەروونی خۆماندا بچینەوەو دوو دڵەكانیش سنورێك بۆ ململانێ فیكرییو دەرونییەكانیان لەم مانگە پیرۆزەدا، دیاری بكەن.
✍براتان: عمر عبد العزیز
#رمضان
#قرآن
#رحمت_خدا
#سۆزی_میحڕاب
@sozimihrab❤️