هەموو ساڵێ بە بۆنەی نیزیک بوونەوەی وەرزی بەهار و تێپەراندنی ساردی و سەرماو سۆڵی زستان ، خەڵک دەکەونە جووڵەو خۆشی و شادی دەربڕین و وەک رێو رەسمێکی دێرینە پێشوازی لە هاتنی ئەو فەسڵە پڕ لە خۆشی و بەرەکەتە دەکەن .
ئەڵبەت نابێ ئەوەش لە بیر کەین کە هەموو وەرزەکانی ساڵ ، هەرکام خۆشی و بەرەکەتی تایبەت بە خۆیان هەیەو پێویستە وەک خەڵات و نیعمەتێکی خودایی تەماشا بکرێن .
بە هاتنی بەهار و سەری ساڵ ، خەڵک دەکەونە جووڵە ، هەروەک چۆن هەموو بونەوەر بەگشتی لەو وەرزەدا وەجوڵە دەکەون.
بەفرەکان بە شکانی سەرما دەتوێنەوەو جووڵەی ئاوی ڕووبارەکان و تەقینەوەی کانیەکان و بۆش بوونی زەویی و سەرهەڵدانی گژ و گیا لە دڵی عەرزی و شکۆفەدانی دارەکان و جریوەی باڵندەکان لە سەریان و وەخەبەرهاتنی بەشێک لە گیانلەبەران لەخەوی زستانی ، هەمووی حیکایەت لەو جووڵانەوەیە دەکەن .
ئەگەر پاییز وەبیرخەرەوەی پیری و لاوازی و وەرینی گەڵای عومر و بەرەو نەمان چوون بێ .
ئەگەر زستان نیشانەی لەجووڵە کەوتن و کڕی ومات بوون و مردنە لەقەڵەم بدرێ .
بەهاریش یادی زیندوو بوونەوەو گەشەو نەشەو جووڵەو شنەشنوو شادی و خۆشی دەربڕینە .
بۆیە نابێ ئینسان لۆمە بکری بە دەربڕینی شادی و خۆشی و خۆشحاڵ بوون ، بەهاتنی ئەو وەرزە پیرۆزە .
دەربڕینی خۆشحاڵی و هەست و سۆز بەشێکە لە سروشتی ئینسان و ئەگەر کەسێک ئەو هەستەی تێدا نەبێ ، دەبێ وەک نەخۆشێک تەماشا کرێ و بۆ تیماری دەردی ئەو بیمارییە چارەسەرێکی بۆ پەیدا کرێ .
بەڵام دەبێ ئاگاداری ئەوەش بین و بزانین ، شادی و خۆشی و ئاشکرا کردنی هەست و سۆز ، پێویستە سنوردار بێ و چوارچێوە و پەرژینی تایبەت بە خۆی هەبێ و نابێ هەر ئاوا رەها و بێ سنور بەرەللا بکرێ .
خۆشی دەربڕین تا ئەو جێگایە عەقڵ و شەرع پەسندە کە ببێتە هۆی بەدی هێنانی خۆشحاڵی و سروور بۆ خەڵکانی دی و ئەوانیش تێیدا بەشدار بن .
بەڵام ئەگەر ئەو هەستەو ئاشکرا کردنی ببێتە مایەی نارەحەتی و ژانەسەرو غەم و کەسەرو دڵەڕاوکێی دیگەران و ئەزییەت و ئازار دانیان ، لەو حاڵەتەدا نەک نابێ ناوی خۆشی و شادی لێبندرێ ، بەڵکوو لازمە بۆ ئەو جۆرە شادییانە ، شین بگێڕدری !!
جا هەروەک لەسەرەتاوە باسمان کرد ، لەکاتی نیزیک بوونەوەی سەری ساڵی تازە(بەهار) ، خەڵکانێک هەن چەند داب و رێوڕەسمێک ئەنجام دەدەن کە بەرواڵەت شادی بەخش و سروور هێنەرن ، بەڵام بە پێچەوانەوە نەتەنها ناچنە بازنەی شادی و خۆشێوە ، بەڵکوو دەبنە سەبەبی نارەحەتی و غەم و پێشێل کردنی حەق و مافی خەڵکانی دی .
جا ئێمە لێرەدا ئاماژە بە دوو نمونە دەکەین :
۱- کڕینی تەقەمەنی و کەلوو پەلی ئاور کردنەوە (آتش زا ) : کە بۆ ترەققە بازی و قومار و گاڵتە بە ئاور و … کەڵکی لێ وەردەگرن .
هەر پێش هاتنی سەری ساڵی تازە ، کەسانێک ئەو کەڵوپەلە بەکاردێنن لە کوچەو کۆڵان و شارو دێهاتەکان و دەبنە سەببەی ئازار دان و سازکردنی ترس و دڵەڕاوکێ بۆ هاونەوعانی خۆیان و بەو شێوەیە حەق و مافیان پێشێل دەکەن و خۆشی و شادیەکەیان لێ دەکەن بە ناخۆشی .
۲- چوارشەممە سوری :
یەکێکی دی لەو رێورەسمانەی کە هەموو ساڵێ بە هاتنی بەهار و نیزیک بوونەوەی سەری ساڵی تازە ، لە ئێوارێی سێ شەممەی پێش ساڵی نوێ ، ئەنجام دەدرێ ، ئاور کردنەوەیە و خەڵکی گرنگییەکی زۆری پێدەدەن و دەینرخێنن .
بەڵام پێش باسکردنی ناخۆشیکانی ئەو کارە ، باش وایە بە کورتی باسێک لەسەر ئەوە بکەین کە بۆ چی ئەو ئاورە دەکرێتەوە ؟
لەبارەی ئاورکردنەوی نەورۆز یان چۆارشەممە سوری چەند بۆچونێک هەیە :
بەعزێک دەڵێن : ئەوئاور کردنەوەیە بە بۆنەی رەهایی و قوتار بوونی خەڵکی بووە لەدەست سەرماو سۆڵی زستان و تەنگانەو نارەحەتیەکانی ، کە خەڵکانی زوو بەهۆی ئاژەڵداری و کەشاوەرزی و… تووشێ دەهاتن و بەهاتنی وەرزی بەهار و تازەبوونەوەی ساڵ رزگاردەبوون لەو ناخۆشیانە و ئاوری شادی و خۆشیان دەکردەوە کە نەجاتیان بوە .
دەستەیەک تایبەتی دەکەن بە بۆنە ئایینی و مزهەبیەکانەوەو دەڵێن : ئەو ئاور کردنەوەیە رەمزی ئاورپەرەستی و هاۆبەشدانانە بۆ خودای تاقانەو تایبەتە بە مەجوسی وئاورپەرەستەکانەوە و بۆیە هەموو ساڵێ پێش نەورۆز ئەو ئاورە دەکرێتەوە .
تاقمێکی دی دەڵێن : کردنەوەی ئاگر لە چۆارشەممە سوریدا رەمزی راپەرینی چینی هەژارو ستەم لێکراوەکانە دژ بە زوڵمی حاکم و دەستهڵاتدارە مل هوڕوو ستەمکارەکان و هەڵایسانی ئاوریش زیندوو کەەرەوی ئەو ڕاپەرینەیە .
بەڵام جودا لەمەبەست و هۆکاری ئاورکردنەوەکە ، نابێ ئێمە لەو گرفت و نارەحەتیانەی کە لە چوارشەممە سوریدا بە هۆی کردنی ئاور دێتە رێمان غافڵ بین و چاوی ڵێ بنوقێنین .
لەچۆارشەممە سوریدا ئەورۆ خەڵکانێک بەسوتاندنی ، دار و چرپی و شتانێکی سروشتی داناکەون ، کە لە شوێنێکی تایبەت بکرێتەوەو هەموو خەڵکان تێدا بەشدار بن و بەخۆشی و یەکگرتویی کارەکە ڕاپەڕێنن ، بەڵکوو لەهەر کووچەو کۆڵان و گەرەکێک ، لەوانەیە هەر بنەماڵەو کەسێکی تاکیش ، خۆی بەتەنها ئاوری خۆی بکاتەوە ، ئەویش نەک بە سوتاندنی شتێکی خاوێن و کەم ، بەڵکوو بە سوتاندنی تایر و لاستیکی ماشێن و تەراکتۆر و لایڵۆنە کۆن و شتانێکی پیس..
ئەو کارەش ئاسەواری زۆر مەترسی داری لێ دەکەوێتەوە :
٭ وەحدەت و یەکێتی جێی خۆی دەدا بە پرژوبڵاوی و بێ نەزمی و بێ سەرەو بەرەیی
٭ رێژەی ئاورەکان زیاتر و زیاتر دەبن و ئەوەش بۆ خۆی زەرەری تایبەتی هەیە لەسەر ژینگە و پلەی گەرمی هەوا .
٭ سوتاندنی تایر و لاستیکی ماشێن و دووکەڵەکەی ، خۆی وەک سەم وایە بۆ ئینسان و باقی گیان لەبەران و گیاو گژ.
جا ئەو کارانە چ لەرووی عەقڵەوە بۆی بڕوانین چ لە ڕوانگەی شەرعەوە ، هەر ناپەسەند و نارەوان .
لەبەر ئەوەی :
۱- پێشێلکاری حەق و مافی خەڵکی تێدایە و بەهۆی تەقاندنەوەی تەرەققە و فیزا و شتانێکی لەو نەوعە و ئاور کردەوەی تایر و لایڵۆن و تەپپاڵە و دووکەڵ ساز کردن پێیان ، هۆی ترساندن و تۆقاندن و دڵەراوکێی و ناراحەتی و نەخۆشی و ناخۆشی بۆ خەڵک و پیس بوون ژینگە و سروشت بە دی دێنێ .
۲- خەتەری سوتاندن و زەرەرگەیاندن بە خەڵک و دەوروبەری تێدایە .
۳- بە فیرۆ دان و ئیسرافی ماڵ و سامانی لێدەبێتەوە ، کە دەبێتە هۆی ستەم لە هەژاران و خواردنی حەقیان و سەرەنجام شەرمەساربوون لەلای خودای گەورەو ساحەب دەستهەڵات .
لەکۆتایی دا پێویستە ئێمەی ئیماندار و موسوڵمان ئەو فەرمایشتانەی خودای بەبەزەیی و نوێنەرە خۆشەویست (د.خ) بکەینە پێشەنگ و چرای رێگامان :
” موسوڵمان ئەو کەسەیە کە موسوڵمانانی دی لە دەست و زمانی سڵامەت بن و کوچەرو موهاجیریش ئەو کەسەیە کە لەقەدەغە کراوەکانی خودا ، دوری دەکا .” [بخاری]
�“هەرکەس رەحم و بەزەیی بە خەڵک دانەیە خودای گەورەش رەحمی پێناکا” . [بخاری و مسلم]
“ئیمانی نییە ئەو کەسەی ئەوەی بۆ خۆی دەوێ و پێی خۆشە بۆ براکەی خۆشی نەوێ” .
�خودای گەورەش لە بارەی لێپرسینەوە لە نیعمەتەکان لەرۆژی دوایی دەفەرموێ :
“ثُمَّ لَتُسْأَلُنَّ یَوْمَئِذٍ عَنِ النَّعِیمِ ” [۸/تکاثر ]
پاشان سۆیند بە خودا لەو رۆژەدا پرسیارتان لێ دەکرێ دەربارەی هەموو نازو نیعمەتەکانی دنیا [ کە چۆنتان پەیدا کردوە و لەچیدا بەکارتان هێناوە ]
با بێین خۆشێکانمان پێکەوە دابەش کەین و نارەحەتی و ئازارەکانیش لە سەر یەک سووک .
یونس سوله یمان زادە