
عمر عبد العزیز
تا ئەم دواییانە وا بڵاو بوو كە سەعید نورسی دژی شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران بووە، بە پاساوی ئەوەی كە سوپای توركیا موسڵمانەو ناكرێ شەڕ لە نێوان موسڵماناندا هەڵگیرسێت. بەبێ ئەوەی ئەو ڕاستییە لەبەرچاو بگیرێت كە شێخ سەعیدی پیران دژی ئەتاتوركو دارودەستەكەی هەستابوو، كە هەزاران كوردیان كوشتو بووبووە داردەستی بێگانەو بە پشتیوانیی زایۆنیزمی جیهانیو بەرەی ئەوروپای دژ بە ئیسلام، خیلافەتی عوسمانییان ڕوخاندو ڕاشكاوانە ئیعلانی دژایەتیی ئیسلامیان كرد، شەریعەتیان قاچاخ كرد، یاسا ئاینییەكانیان گۆڕی، بانگیان لە مزگەوتەكان ڕاگرت، پۆشاكی شەرعییو دیمەنە ئیسلامییەكانیان قەدەغە كردو.. هتد.
شێخ سەعیدی پیران دژی ئەم كارانە هەستا، هەم بە نیازی تۆڵەسەندنەوە لەو تاوانە دژە مرۆڤانەی بەرامبەر كورد ئەنجام دران، هەم بۆ گێڕانەوەی خیلافەتی ئیسلامیی ڕاستەقینە، وەك لە لێدوانو (مورافەعات)ەكانی خۆی لە كاتی دادگاییكردنەكەیدا دەردەكەوێت.
جا، ئایا مەعقولە كەسایەتییەكی زاناو هۆشیاری وەك (بدیع الزمان) مامۆستا سەعید نورسی)- كە پێش شێخ سەعید بە زیاتر لە (25) ساڵ هەمان بانگەشەی دژایەتییو ڕاپەڕین دژی ستەمی دەكردو هەر لە سەردەمی سوڵتان عەبدولحەمیدی عوسمانییەوە، ڕەخنەبارانی دەسەڵاتی توركیای دەكرد، كە لە بەرنامەی ئیسلام لایانداوەو ستەمیان لە نەتەوەی كوردو ناوچەكانی كوردستان كردووە- لەو ساتەوەختە مێژووییو هەستیارو ناسكەدا، دژی سەركردەی موجاهید شێخ سەعیدی پیران بوەستێتەوەو شۆڕشەكەی بە نادروست بزانێتو نامەی بۆ بنوسێتو داوای لێ بكات دەست هەڵبگرێت؟!
بەڵێ، من لەو ساڵانەدا كە بەڵگەیەكی ئەوتۆشم بەدەستەوە نەبوو، نەك جارێك، صەدجار دەمگوت: نەخێر، نە مەعقولەو نە ڕاستو ڕەوایەو نە لە نورسی دەوەشێتەوە كە هەڵوێستی وا بنوێنێت. هەروەها نە ئاینو نە تێگەیشتنی دروست لە چەمكە ئاینییەكانیش-كە نورسی لەو بوارەدا قاڵ بوو بوو-ڕێ بە ئاوا هەڵوێستێك دەدەن ؟!
تا ئێرە تەنها بۆچوونی خۆم بوو، هیچ بەڵگەنامەیەكیشم نەدیبوو، بەردەوامیش لە ناوەندە ڕوناكبیرییە كوردستانییو عەرەبییو توركییەكاندا داكۆكیم لەم بۆچوونەم دەكرد، نەشمدەزانی چۆن بیسەلمێنم، تەنها جارێك لە شاری ئەستەمبوڵ، لە بارەگاكەی خۆی، مەرحومی مامۆستا (عز الدین یەڵدرم) سەرۆكی وەقفی (الزهراء) (1)م بینی- كە یەكێكە لە باڵەكانی ڕەوتی (نور)- هەستم كرد زۆر پڕە لەو دەزگاو ناوەندە توركانەی كە خۆیان بە شوێنكەوتەی نورسی دەزانن، بەڵام وشەكانی (كوردو كوردستان)یان لە كتێبەكانی مامۆستا نورسیدا لابردووە. بەڕێزیان وتی: “ئەو هەواڵەش كە گوایە مامۆستا نورسی نامەی نوسیوە بۆ شێخ سەعیدی پیران ئەصلو ئەساسی نیەو ڕەگەزپەرستە توركەكان ئەم داستانەیان هەڵبەستووە، تا نورسی بكەنە دوژمنی كورد.” ئەو دەیوت: “بە پێچەوانەوە مامۆستا نورسی پشتیوانیی لە شۆڕشەكەی شێخ سەعیدی پیران كردووەو تەنانەت بەو تۆمەتەش نورسی دەسگیر كراوە.”
لە ڕاستیدا من لەمە زیاتر نە هیچم بیستبوو، نە هیچم دیبوو، قسەكانی ئەویش بۆ من نەدەبوونە بەڵگە، چونكە دەزگاو ناوەندەكانی تر كە ئاشنایەتیم لەگەڵیان هەبوو تۆمەتباریان دەكرد بەوەی دەمارگیریی بۆ كورد زۆرە، هەرچەند پیاوێكی زۆر دیندارو خاوەن هەڵوێست بوو، بەڵام من بۆ خۆم دەترسام كە لە كاردانەوەدا كەوتبێتە هەڵەو زیادەڕەویی.
بەهەرحاڵ، بۆ یەكەم جار لە مانگی نیسانی (2014ز)دا چاوم بە كتیبێك كەوت تایبەت بە مێژووی (جەمعییەتی تەعالیی كوردستان) لە نووسینی (ئیسماعیل گوێڵداش)(2) سەیر دەكەم ئەم بابەتەی وروژاندووە. زۆر پێی دڵخۆش بووم، چونكە بۆ یەكەمجار بوو بە زمانی كوردی نوسراوێك بڵاو ببێتەوە كە گومان بخاتە سەر ئەو بابەتی نامەو جۆری پەیوەندییەی نێوان نورسیو پیرانو داستانی ئەو نامەیە بخاتە ژێر پرسیارەوە. بۆیە لێرەدا چەند بڕگەیەكی لێ دەگوێزمەوەو بەشێك لە بۆچوونەكانی پێش بیست ساڵی خۆمی پێ پشتڕاست دەكەمەوە، گوێڵداش دەڵێت:
“.. بۆچوونی جیاواز هەن سەبارەت بە هەڵوێستی (بدیع الزمان) نورسی سەبارەت بەو بابەتە.. هەندێك لەو گێڕانەوانە ڕاستو هەندێكیشیان درۆو دەلەسەن. بە گوێرەی هەندێك چاودێرو لێكۆڵ، (بدیع الزمان) سەرەتا هەڵوێستی نەرێنیی بەرامبەر بە ڕاپەڕینەكە هەبووە، بەڵام دواتر كاتێك ڕەفتاری نائیسلامیی لە وڵاتدا بینیوەو فشارەكانی سەر خۆیشی پتر بوون، بۆچوونی گۆڕیوەو بەشداریی لە جووڵانەوەكەی شێخ سەعیددا كردووە. هەندێكی تریش دەڵێن بەدیعوززەمان هەر لە سەرەتاوە پشتگیریی شێخ سەعیدی كردووە، بەڵام متمانەی بە شێوازی دروستبوونی جووڵانەوەكەو وادە دانانەكەی نەبووە.”
سەبارەت بە دەنگۆی ئەو نامەیەش كە باس دەكرێت: گوایە نورسی بۆ شێخ سەعیدی پیرانی ناردبێتو وتبێتی: جیهادەكەتان براكوژییەو بێ ئەنجامە، هەمان سەرچاوە دەڵێت: “.. سەرەڕای ئەوەی كە بەڵگەی زۆر لەبەردەستدان سەبارەت بەوەی وا ئەو نامەیە هی (بدیع الزمان) نیە، هیچ بەڵگەیەك نیە بیسەلمێنێ ئەو نامەیە هی ئەو بووە. بەر لە هەموو شتێك ناوەڕۆكی نامەكە لەگەڵ ئەو تێكۆشانەی كە بەدیعوززەمان لە ماوەی تەمەنیدا كردوویە، ناكۆكە. زۆرێك لە لێكۆڵەرەكان پێیان وایە ئەوی تۆزێك لە یاسای ئیسلام تێ بگات، نامەیەكی وا نانووسێ، كەسێكی وەكو بەدیعوززەمانیش كە بە وردی ئاگای لە یاساكانی ئیسلامە، هەڵوێستێكی وەها وەرناگرێت..” (3)
دواجار ئەم نووسەرە بەڵگە بۆ دروستیی بۆچوونەكەی خۆی بەوە دەهێنێتەوە كە نورسی لە كتێبی (شوعاعلەر)دا زۆر بەڕێزەوە ناوی لە شێخ سەعیدو هاوڕێكانی بردووەو وتوویەتی: “شێخ سەعیدو هاوڕێكانی شەهیدی ڕاستەقینەن”، بەڵام ئەو ڕستەیە كە لە نوسخە ئەصلییەكاندا هەیە، لە چاپەكاندا لابراوە ! (4)
بەڵگەیەكی تری بەهێز بۆ ناڕاستیی ئەو نامەیە، ڕونكردنەوەی كوڕەزایەكی شێخ سەعیدی پیرانە بە ناوی (مەلیك فورات) كە لە چەندین بۆنەدا دەریخستووە هیچ بەڵگەیەك نیە لەسەر ئەو نامەیە. مەلیك فورات ـ كە چەند جارێك لە پەرلەمانی توركیا بۆتە پەرلەمانتارو بۆ خۆم چەند جارێك لە توركیا بینیومە ـ ساڵی (1989ز) بۆ گۆڤاری (گریشم)ی توركیی ڕایگەیاند: “كە نورسی نامەی وای بۆ شێخ سەعیدی باپیرم نەناردووە. (5) لەو چاوپێكەوتنەدا ئەوەش دەڵێت كە: “ساڵی (1954ز) لە (ئیسپارتە) سەرم لە بەدیعوززەمان دا… نەخۆش بوو… جامەدانەكەی سەری دەسماڵێكی لوولكراوی پێوە بوو… دەستیم ماچ كرد… هەندێك شتی پێویستمان باس كرد. وتی: “من تۆڵەی برای پایەبەرزو موكەڕڕەم، شێخ سەعید دەكەمەوە.” (6)
لەمەش گرنگتر ئەوەیە كە: “ژمارەیەك لە نوسەران باسی ئەوەیان كردووە كە سەعیدی كوردیی كاتی ڕاپەڕینەكەی (1925ز) (شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران) لە چیای (ئەرك) بووە لە ناوچەی (وان)و بە كردەوە بەشداریی لە ڕاپەڕینەكەدا كردووەو پشتیوانیی لێ كردووە.” (7)
بەڵێ هەر ئەوە لە كەسایەتییەكی وەك مامۆستا سەعید نورسی دەوەشێتەوە، نورسییەك كە سیاسەتمەداری ناوداری كورد موسا عەنتەر (8) لە بیرەوەرییەكانیدا بە (موجاهیدێكی كورد)و (گەورەترین دەستبژاردەی كورد لە سەدەی نۆزدەو بیستەمدا) ناوزەدی دەكاتو دەربارەی دەڵێت: “لە سەرەتای سەدەكەمانەوە تا ساڵی (1960) (ساڵی وەفاتی)، ژیانی بە تێكۆشان دژی دەسەڵاتەكانی دەوڵەتی عوسمانیو كۆماریی توركیا بەسەر بردووە.” (9)
بەهەرحاڵ، ئێستەش ئەوە دووپات دەكەمەوە دەربارەی ئەو نامەیەی كە باس دەكرێت گوایە نورسی بۆ شێخ سەعیدی نوسیوە، دەڵێم: تا دەقی ئەو نامەیە بڵاونەكرێتەوە، جێی ئەوە نیە بەڕاست بزانرێت، چونكە ـ وەك (ئیسماعیل گوێڵداش) دەڵێت: ـ “نابێت ڕۆڵی هەستیارییەكانی (نورسی) سەبارەت بە شوناسی كوردیی لەبەرچاو نەگرین.” (10)
لێرەدا پێویستە ئەم زانیارییەش بدەم بە خوێنەرانی بەڕێز، كە كەسانی شارەزا بە ناوەندە دیكۆمێنتیو ئەرشیفییەكانی توركیا، جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە كە هەزاران بەڵگەنامە لە توركیادا بە پارێزراویی ماونەتەوە، كە پەیوەندییان بە ساڵانی دەیەكانی سەرەتای سەدەی ڕابردووەوە هەیە. بە پێی ئەو بەڵگەنامانەش ـ كە كەم تا زۆرێك بڵاودەبنەوە ـ دەردەكەوێت كە لە سەردەمی سەرهەڵدانی ڕێكخراوی (ئیتتیحادو تەرەققی)و دەسەڵاتی كەمالیستە ڕەگەز پەرستەكانەوە، هەوڵدراوە ئەو دیكۆمێنتو بەڵگەنامانە بشارنەوە كە لە بەرژەوەندیی بیركردنەوە دەمارگیرییەكەی ئەواندا نین. لەوەش زیاتر ـ بەپێچەوانەوە ـ دەیان نوسراو بڵاو كراونەتەوە كە هەندێك بەڵگەنامەی مێژوویی دەسكاریی كراونو شێوێنراون، بەشێكیشیان پەیوەندییان بە كتێبو بەرهەمەكانو ژیاننامەی مامۆستا (سەعیدی نورسی) یەوە هەیە.
بەداخەوە زۆرێك لە ناوەندەكانی چاپو بڵاوكردنەوە- لە ڕاستەوە بۆ چەپ، تا دەگاتە زۆرێك لە ئیسلامییەكانیش- بێئاگایانە یان بە مەبەست، كەوتوونەتە هەڵەی وردنەبونەوە لەم خاڵەو بەدوادانەچوون بۆ زۆرێك لەو پرسو بابەتە مێژوییاننەی كە پرسیار هەڵدەگرنو بەدواداچوونیان پێویستە، بەتایبەتی ئەو بابەتانەی پەیوەندییان بە نەتەوەكانی تری غەیری توركو ناوچەكانی كوردستانو ڕوداوە گرنگەكانی وەك ڕێكخراوو جووڵانەوە كوردییەكانو شۆڕشەكانی شێخ سەعیدی پیرانو شۆڕشی ئاراراتو ئاگری داخ و دەرسیم و.. هتد، هەیە.
بۆزیاترئاشنابوون ،لەسەر ئەم بابەتە، بڕوانە کتێبی : #خەباتی-#کورد و #ڕەهەندی #ئیسلامی ، نووسینی عومەر عبدولعزیز.