جهانگیر بابایی
سڵاو خۆشەویستەکەم!
ئێستاکە دەستم داوەتە باڵای کورتی قەڵەمەکەم و بەخێشکە خێشک، خوێنی ڕەش و شینی لەسەر لاپەڕە سپییەکانی قاقەزەکەم هەڵدەچۆڕێنم، ئەوە داخ و کەسەری خۆمە پێی هەڵدەڕێژم، لەدووریت زۆر پەشۆکاوم و سێبەری وەڕەزی بەسەرمدا کشاوە.
بەڵام بۆخۆشم نازانم چ ڕازێکی شاراوەیه هەرکاتێک بمهەوێ تۆم وەبیر بێتەوە، پڵیتەی کزی هیوام هەڵدەکشێ و تاریکی بەرەوڕووم هەڵدێ و کزەتیشکێک مەزرای تاریکی ژیانم دەگەشێنێ.
لەدڵداری و خۆشەویستی تۆ، گومانێکم نییە، دەزانم پڕ بەدڵ لەخۆمت خۆشتر دەوێم، بۆم لەخۆم دڵسۆزتری.
خودایە!
ئەی ئەگەر پڕێچکەی دڵمەندی و پڕ لە ژانم بۆ تۆ نەکەمەوه، کێ توانایی گوێڕاگرتنی هەیە؟ کێ باشتر لە تۆ دەتوانێ هەڵگری بارگەی خەم و نەخۆشییە دەروونییەکانم بێ! لەناو کەڵپەی گریان، کێ دەتوانێ پشت و پەنای چەماوەم بێ! ئەگەر دڵۆپە فرمێسکەکانم لەلای تۆ نەبارێنم چارم چییە؟
ئازیزەکەم!
هەستم کردووە ماوەیەکە لێم زیز و دڵمەندی، ناحەقیشت نییە، دەزانم بۆ خۆشم تاوانبارم. ئەگەر لەخۆ نەگۆڕم باش دەزانم کە ئەمەگ و وەفای تۆ بێ بەرامبەره، بێ کۆتاییە، هەرگیز کز و لاواز نابێ.
ئەوە منم کە بەهەر بایەکی کزۆڵە دەلەرزم و وێنەی قانگەڵە چەقڵێکی ویشکەرۆ هەڵبەزە و دابەزە دەکەم.
من وەک نەدیوبدیان هێندە بە ژیانی ئەو دونیایەوە نووساوم و مەستی کردووم و عەقڵ و بیری لێ داگیر کردووم و سەرقاڵم، کە لەبیرم چۆتەوە کە هەرهەموویان خواپێدراون و بۆ ئەزموون دراونە من!
ئیلاهی! نووری چاوانم!
لە ئاکار و کردەوەکانی مرۆڤ زۆر سەرسام دەبم کە تۆی دڵسۆز چۆن لەیاد دەکەن! بۆ وەدەستهێنانی ماڵی دونیا، دایم لە کێبەڕکێ دان و تێرخواردنیان نییە و بگرە خۆخۆریش دەکەن و لەبەر چاوچنۆکی هەر بۆ گەدە و گیرفانی خۆیان تێ دەکۆشن و هاوڕەگەزەکان لەیاد دەکەن.
با نەبێته خۆپەسەندی و لەخۆبایی بوونم، دەزانم پێت خۆش نییە باسی کەس بەگشتی بکەم، دەگەڕێمەوه سەرباسی خۆم کە چۆنە دەرحەق بە بارەگای سۆزت ئاوا سووک و سانا، ڕادەبوورم و بە گۆشەنیگایەک و پێکەنینێکی شەیتانی قۆشمە، لەڕەحمەتی تۆ دەترازێم و دەخلیسکێم!
ئاخر خودا گیان! ڕەزاشیرینەکەم!
بێوەفایی و ناپیاویش حەدد و حیسابێکی هەیە! بێشەرمی و ڕووهەڵماڵاوی سنوورێکی تایبەتی بۆ دانراوە! نازانم دوای ئەو هەموو بەخشش و سفرە ڕازاوەیەت، چ وام لێ دەکا ئاوا بێ ئەدەب و پێنەزان بم!؟
جاری واهەیە کارەکان تێکەڵ دەکەم و بۆخۆشم نازانم چی دەڵێم و لەخۆوە قسە دەکەم و بەڵێنی دەدەم و دەپێوم و دەبڕم. گەلێک جار دەستی چەوری هەڵەی خۆم و دەسەڵاتداران و مرۆڤەکان لەتۆ هەڵدەسووم! ئای چەندە بێشەرمم! باشه دەبێ چم بەسەر مێشک و دڵدا هاتبێ!؟ بۆ ئاوا لەخۆم و کۆمەڵگاکەم دەکەم!؟
جا توخوا ئاستی شکۆداری و پلەی پاک و خاوێنی جەنابت بۆ ئەوەی دەبێ کە من تووشی ئەو هەڵە گەورە بم!؟ ئەرێ بۆ جارێک بەخۆدا نایەمەوە و بیر و هزری خۆم ناکەمە دادوەر و هەڵسەنگاندنێکی بۆ ناکەم!؟ بەڕاستی شەرم لەخۆم و فکر و هەڵوێست و کردارم دەکەم.
پەروەردگارا!
خۆ باش باش دەزانم کە دەرگای گەڕانەوەت قەت داناخرێ و دایمە و سەعاتی خوا لەسەر پشته،
بەڕاستی ئەو سفرە و خوانە ڕازاوە، شیاوی بارەگای سۆزی تۆیە!
دیوهخانەکەت هێندە میوانگر و پڕ لە خۆراک و نێعمەتە لە کەس شاراوە نییە.
دەزانم بارەگاکەت بێ پاسەوان و دەرگاوانە،
فەرمووی ناوێ، کەس لە تاوانباران و لادەران
ناپرسێ بۆ هاتووی و لەکوێ بووی؟
دەک بەقوربانی دەریای پڕ لە سۆزت بم! بەفیدای ساتێکی شکۆداری و خۆشەویستیت بم! خوایەتی و مەزنایەتی هەر لەخۆت جوانە!
بەندەیەک کە بەسەرشۆڕی گەڕایەوە لات، تۆڵەی لێ ناکەیتەوە و هەموو ڕابردووی دەسڕیەوە!
ئەی قوربان! بەخشەندەیی و سەروەری چۆنە و بە چ دەڵێن؟
لە بابەت چاوداپۆشینت بۆ گشت هەڵەکانم، سپاست دەکەم و هەتا دەمرم سەری کوڕنۆشت بۆ دادەنوێنم، لەبەر ئەوەی کە من نەمزانیوە یاسای بەندایەتی و دۆستایەتی، بەڕێوە بەرم.
بەڵام هەر خۆشم دەوێ و ئەو دڵە بچکۆڵەم گوڵدانی ئەوینی تۆیە، هەتا من هەبم لەناو دڵمدا هەی!
جەهانگیر بابایی ـ خاکەلێوەی ۹۹ ـ ســــــــەردەشت
سۆزی میحڕاب