✳️چەند ڕێگایەک بۆ زیاد بوونی ڕزق و رۆزی :
ئینسان لەو کاتەی کە دێتە سەر زەوی و چاوی بە دنیای ڕوون هەڵدێ ، لەحەول و تەقالا و تێکۆشان دایە تا پێداویستیەکانی ژیانی خۆی دابین کا ، وەک بلێی : لەحەولی پەیدا کردنی ڕزق و ڕۆزی خوی دایە . هەر لەمناڵێکی تازە لەدایک بووە بگرە ، کە بە چەک و ئەسلەحەی گریان، دایکی خۆی مەجبوور دەکا شیری پێ بدا و تێری کا ، تا ئەو کەسەی گەورە بووە و دەیهەوێ هەموو ئەو ڕێگایانە تاقی کاتەوە کە دەیزانێ و بەمێشکی دەگا بۆ وەدەست خستنی بژێویی خۆی و پەیدا کردنی ڕزق و ڕۆزی بۆ ماڵوو خێزانی !
بە کورتی : ئینسانی ئەوڕۆ هەتا بلێی تێدەکۆشی و زڕینگی بە خەرج دەدا تا لە هاونەوعانی خۆی دوا نەکەوێ و بەشی خۆی لەو ڕزقەی خودا دایبەزاندۆتە سەر زەوی، بپچڕێ و بۆ ئەو کارەش هەموو ئه سبابە مادیەکان چ ڕەواو چ ناڕەوا ، بەکار دەهێنێ !
بەڵام پرسیارێک دێتە گۆرێ : ئایا تەنها ڕێگای زیاد بوونی ڕزق و ڕۆزی و وەدەست خستنی ، هەر ئەو ڕێگا ماددیانە و ئەسبابە دنیاییەکانن؟
لە جوابدا دەڵێین : نادرووستە دونیا مەیدانی بەکارهێنانی ئەسباب و موسەبەباتە و ئینسانی ئیمانداری ژیر و وریا و عاقڵ ، نابێ لەو هۆکارە مادییانە غافڵ بێ ، و دەبێ بە دڕووستی و بە شێوەی ڕەوا ، بەکاریان بهێنێ بۆ وەدەست خستنی ڕزق و ڕۆزی و کارو باری خۆی .
بەڵام دەبێ ئەوەش بزانین ، خودای گەورە کە ڕازقی ڕزقی مەخلوقاتی خۆیەتی ، لەگەڵ ئەوەی مروڤەکان هاندەدا بۆ پەیدا کردنی ڕۆزی خۆیان سەبەبە ماددیەکان بەکار بهێنن ، لەهەمان کاتدا ڕێگا و ئەسبابە مەعنەویەکانیشمان پێ نیشان دەدا و وەک ئەمرو دەستورێک ، فەرمانمان پێدەدا بە بەکارهێنانیان ، تا بە هۆی ئەو ئەسبابە مەعنەویانە ، بتوانین ڕزق و ڕۆزی خۆما زیاتر کەین و ڕێش خۆش بێ ، بۆ ئەنجام دانی کارو باروو بەدەست هێنانی پێداویستیەکانی خۆمان .
ئێستاش باس لە دوو ڕێگا لەو ڕێگا مەعنەویانە دەکەین کە هۆکارن بۆ زیاد بوونی ڕزق و ڕۆزی :
۱- تۆبە و گەڕانەوە و (ٳستغفار) هۆکارە بۆ زیاد بوونی ڕزق و ڕۆزی .
خودای گەورە لەسەر زمانی پێغەمبەر نوح (سڵاوی خودای لەسەر) دەفەرموێ :
“فَقُلْتُ اسْتَغْفِرُوا رَبَّكُمْ إِنَّهُ كَانَ غَفَّاراً ٭يُرْسِلِ السَّمَاء عَلَيْكُم مِّدْرَاراً ٭وَيُمْدِدْكُمْ بِأَمْوَالٍ وَبَنِينَ وَيَجْعَل لَّكُمْ جَنَّاتٍ وَيَجْعَل لَّكُمْ أَنْهَاراً ” [نوح ٫ ۱۰تا۱۲]
دەفەرموێ : “بەردەوام پێم دەکوتن ، ئێوە داوای لێخۆشبون لە پەروەردگارتان بکەن ، چونکە بەڕاستی ئەو زاتێکی لێخۆشبووە ٭ بارانتان بە خوڕەم و لێزمە بۆ دەبارێنێ ٭ بە هۆی بەخشینی ماڵ و سامان و ئەولاد یارمەتیتان دەدا و باخ و باخات و ڕووبارو چۆم و جۆگەتان بو بەدی دەهێنێ. “
خودای گەورە لەو ئایەتە موبارەک و پیرۆزەدا باس لە یەکێک لە هۆکارە مەعنەوێکان دەکا بۆ زیاد بوونی ڕزق و ڕۆزی و کرانەوەی دەرووی خێری خۆی ، ئەویش تۆبە و گەرانەویە بۆ لای خودای بەخشەندەو پەشیمان بوونەوەیە لە تاوان و گوناهەکان ، ئەو ڕێگایەی کە واجبە ئینسان بیگرێتە بەر و نابێ سستی تێدا بنوێنێ .
ئەوەتا خودای گەورە لەسەر عەبدەکانی بە پیویست دەزانێ ، بگەڕێنەوە لە گوناه و هەڵە و تاوانیان و تۆبە بکەن
وەک دەفەرمۆێ :
“يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا تُوبُوا إِلَى اللَّهِ تَوْبَةً نَّصُوحاً… “
“ئەی ئەو کەسانەی باوەرتان هێناوە ، بە تۆبە و پەشیمان بونەوەیەکی ڕاستەقینە ڕوو بکەنەوە خودا …”
هەروەها خودای گەورە نائومێدی لە رەحمەتی خۆی ، بە تاوانێکی زۆر گەورە دەزانێ و فەرمان بە پێغەمبەر (د.خ) دەدا کە بە عەبدە گوناهبارەکانی ، ئاوا بڵێ :
“قُلْ يَا عِبَادِيَ الَّذِينَ أَسْرَفُوا عَلَى أَنفُسِهِمْ لَا تَقْنَطُوا مِن رَّحْمَةِ اللَّهِ إِنَّ اللَّهَ يَغْفِرُ الذُّنُوبَ جَمِيعاً إِنَّهُ هُوَ الْغَفُورُ الرَّحِيمُ ”
ئهی پێغهمبەر(صلی الله علیه وسلم) پێیان بڵێ: خودا دهفهرموێ : ئهی بهندهکانم.. ئهوانهی که خۆتان گوناهبار کردووه و ههڵهتان زۆره، نائومێد مهبن له ڕهحمهتی خوا، چونکه بهڕاستی ئهگهر ئێوه تهوبهی ڕاست و دروست بکهن، خوا لهههموو گوناهو ههڵهکانتان خۆش دهبێت، چونکه بێگومان ئهو خوایه زۆر لێخۆشبوو لێبوردهیه و زۆر به سۆزو میهرانیشە .
جا مادام ئینسانی مسوڵمان ڕوویلە پەروەردگاری خۆیو کرد و ڕێگای تۆبەی هەڵبژاردوو پەشیمان بۆوە لە کردەوە نالەبارەکانی ، وەعدەی خاوەنەکەی دەیگرێتەوە و شاملی حاڵی دەبێ و بەرەکەت دەکەوێتە نێو ڕزق و ڕۆزی و کارو باری و خوداوەندی تاقانە دەرووی خێری لێ دەکاتەوە و نیازەکانی بەراوەردە دەکا
هەروەک خۆشەویست لە فەرمودەیەکی زێڕین دا دەفەرمۆێ :
“مَنْ ٲكثر من الِاسْتِغْفَار جَعَلَ اللَّهُ لَهُ مِنْ كُلِّ ضِيقٍ مَخْرَجًا، وَمِنْ كُلِّ هَمٍّ فَرَجًا، وَرَزَقَهُ مِنْ حَيْثُ لَا يَحْتَسِبُ “. [سنن ابن ماجه ( 3819 )مسند أحمد ( 2234 )]
“کەسێک کە زۆر تۆبە و (استغفار) بکا ، خودای گەورە بۆ هەر تەنگانەیەکی فەرعانەیەک دادەنێ و بۆ هەر غەمێکی ، خۆشی و کرانەوەیەک قەرار دەدا و لە جێگایەکەوە ڕزقی بۆ دەنێرێ کە بۆ خۆشی پێی نازانێ لە کوێوە پێی بەخشراوە .”
ئەوە بەکورتی باسی هۆکارێک بوو لە هۆکارە مەعنەوێکان، بۆ زیاد بوونی بەرەکەت و ڕزق و ڕۆزی ، کە ئەگەر ئینسان لە ژیانی ڕۆژانەی خوێدا بیگرێتە بەر ، خوداش بە نەزەری لوتف و رەحمەت دەروانێتە کار و باری .
۲-” توکل ” و پشت بەستن بە خودای تاقانە هۆکارێکی دییە بۆ زیاد بوونی ڕزق و ڕۆزی .
پیش هەموو شتێک با بزانین مانای “توکل” چیە ؟
لە مانای( “توکل” ) دا ، شێخ عبدولقادری گیلانی (رح) لە کتێبەکەی خۆیدا بە ناوی “الغنیە” ، لەزمان شێخ جنید (رح) وە دەفەرموێ :
” توکل ” یانی بە تەواوی ڕوو کردنە خودا و ڕوو وەرگێڕان لە غەیری ئەو .”
هەروەها دەفەرمۆێ : دەستەیەکی دی دەڵێن :
“توکل” یانی : “قەناعەت و ئیکتیفای عەبد و بەندەی زەلیل بە خاوەن و پەروەردگاری جەلیل “
وەک پشت بەستنی ئیبراهیمی خەلیل بە خوداوەندی واڵا مەقام و جەلیل ، ئەو کاتەی بە جورەئیلی ئەمینی کوت : کارێکم بە تۆ نییە و تەنها پشتی بە خودای تاقانە بەست .
یان کوتویانە : “توکل” ئەوەیە کە ؛ ئینسان کارو بارەکانی خۆی بە خودای بێ هاوتا بسپێرێ و تەنها پشت قاییم بێ بەو و واز بهێنێ لە غەیری ئەو .
ئیمام فەخری ڕازی (ر.خ) دەفەرمۆێ : یەکێک لەو ئەزموون و تەجروبانەی کە لە ژیانی خۆمدا وەدەستم خستوە ئەوەیە : هەر کاتێک ئینسان کارەکانی خۆی بە غەیری خودا بسپێرێ و (توکل) ی بە غەیری پەروەردگار ، بووبێ ، ئەوە بە بەڵا و گرفت و نارەحەتیەکی زۆر و دژوار دوچار دەبێ ، بەڵام هەر کات پشت بە خودای تاقانە ببەستێ و تەنها متمانەی لەسەر ئەو بووبێ و جگە لە خودا (توکل)ی بە کەسی دی نەکردبێ ، هەموو کارەکانی بە باشترین شێوە بەڕێوە دەچن و درووست دەبن.
دەشفەرموێ : ئەزموونی پەنجا ساڵ تەمەنم تا ئێستا ، ئەوەم پێ دەڵێ : ” هیچ خێرو مەسڵەحەتێک بۆ ئینسان نییە ، مەگەر ئەوەی خۆی بە خاوەنەکەی بسپێرێ و لە قەید و بەندی هەموو کەسێکی دی خوی ڕزگار و دەرباز بکا “
٭ لەو دنیا پڕ لە ئاشووب و پڕگرفت و گرانییەدا ، لە کاناڵی “سۆزی میحراب” چاوم بە وێنەی میوە فرۆشێک کەوت ؛ لە سەر عارەبانەکەی خۆی نووسیبووی :
” کیف اخاف من الفقر و انا عبد الغنی “
واتە : “چۆن لە فەقیری و دەست تەنگی دەترسێم لە حاڵێکدا بەندەی خودایەکی بێ نیازو دەوڵەمەندم “
بەڕاستی ئەگەر ئەوە مانای “توکل” نەبێ ئەی چی دەتوانێ ئەو مانایە بگەیەنێ؟
جا خودای گەورە دەیهەوێ ئێمەی ئینسان بەو متمانەو (توکل)ە بگەیین کە زانایان لە مانای ئەو وشەیەدا (توکل) کوتویانە ، بۆیە ئەمرمان پێدەکا و دەفەرموێ :
“… فَإِذَا عَزَمْتَ فَتَوَكَّلْ عَلَى اللّهِ إِنَّ اللّهَ يُحِبُّ الْمُتَوَكِّلِينَ ”[آل عمران/۱٥۹]
“هەر کات ، ویستت کارێک دەست پێ بکەی ، پشت بەخودا ببەستە ، چونکە بەڕاستی خودا ئەو کەسانەی خۆش دەوێ کە پشتی پێ دەبەستن. “
خودای پەروەردگار لەو ئایەتە پیرۆزەدا ئەمرو فەرمان دەدا بە پشت بەستن بە خۆی و ڕاشی دەگەیەنێ ئەو کەسانەی (توکل)یان بە خودایە ، پەروەردگار ، خۆشی دەوێن .
جا لەگەڵ ئەوەی پشت بەستن و (توکل) کردن بە خودا ، واجبە و ئیماندار بە هۆی متمانە کردن پێی ، دەبێتە مەحبووبی ئەو ، ئەگەر هەستێ بە ئەنجام دانی ئەو واجبە ، ئەوە جگە لەوەی واجبێکی لەسەر شانی خۆی لابردوە و خۆی کردۆتە خۆشەویستی خودا ، لە هەمان کاتدا بۆتە سەبەبی زیاد بوونی ڕزق و ڕۆزی و بەرەکەت لە کارەکانی خۆی دا وەک پێغەمبەری خێرو ڕەحمەت (د.خ) دەفەرموێ :
” لَوْ أَنَّكُمْ كُنْتُمْ تَوَكَّلُونَ عَلَى اللَّهِ حَقَّ تَوَكُّلِهِ لَرُزِقْتُمْ كَمَا يُرْزَقُ الطَّيْرُ، تَغْدُو خِمَاصًا وَتَرُوحُ بِطَانًا ” [ ترمذی (2344 )سنن ابن ماجه ( 4164 )مسند أحمد ( 205, 370, 373 )]
“ئەگەر ئێوە بەو جۆرە پشت ببەستن بە خودا کە شیاوی “توکل” و متمانە پێ کردنێەتی ، ئەوە ڕزقتان دەدا هەروەک چۆن باڵندەکان ڕۆزی دەدا ، ئەو کاتەی بە برسێتی و زگی خاڵی (لەهێلانەکەیان) بەیانیان وەدەر دەکەون و شەو بە تێری و زگی پڕ دەگەڕێنەوە .”
ئەوەتا پێغەمبەر (سڵاوی خودای لەسەر بێ) نەتیجەو بەرهەمی “توکل ” کردن بە پەروەردگارمان بۆ ڕوون دەکاتەوەو خاترجەممان دەکا مادام پشت ببەستین بە خودا ، ئەویش نائومێدمان ناکا و ڕۆزی خۆیمان بۆ دەنێرێ و بێ بەشمان ناکا لە کانگای رەحمەتی خۆێ .
بۆیە ئێمەی مسوڵمان ، پێویستە وەک ئەرک و واجبێک ، فەرمانی خودای گەورە بەرێوە بەرین و بە چاوێکی پڕ لە ئەسرینەوە ، بگەڕێنەوە بۆ لای خودای پەروەردگار و واز لە گوناحەکانمان بهێنین و لە هەموو تاوانەکانی ڕابردوومان پەشیمان بینەوە وڕێگای تۆبە و(استغفار) بگرینە بەر و بۆ قەرەبوو کردنەوەی خراپەکانمان و درووست کردنی داهاتویەکی باشتر و پڕ خێرتر “توکل” بکەینە سەر خودای بێ نیاز و پشت بە قودرەتی بێ سنووری ببەستین تا : هەم ببینە خۆشەویستی خودای میهرەبان و خاوەن سۆز ،
وەک دەفەرموێ :
إِنَّ اللّهَ يُحِبُّ التَّوَّابِينَ .[بقره/ ۲۲۲] إِنَّ اللّهَ يُحِبُّ الْمُتَوَكِّلِينَ [آل عمران/۱٥۹]
هەم دەروازەی خێر و بەرەکاتی ئاسمانەکان و سەر زەوی لەسەر خۆمان بکەینەوە .
جا وەک لە سوننەتی پێغەمبەر(د.خ) هاتوە با ڕۆژانە سەد جار بلێین :
“ٲستغفرالله و ٲتوب ٳلیه “
هەر کاتێکیش لەماڵێ دەرکەوتین – بۆ ئەنجام دانی کارو بارەکانمان- با بلێین :
“بسم الله ، توكلت علی الله ، ولا حول ولا قوة ٳلا باالله “
✍ یونس سولەیمان زادە/قەڵاجۆغە