بۆ یادی لە دایک بوونی پێشەوای مرۆڤایەتی
“شەماڵێک هات لێمی پرسی ئازیزەکەت لە بیر ماوە؟
وتم بەڵێ دڵنیابە ئەو گلێنەی هەر دوو چاوە”(۱)
چۆن دەگونجێ لە بیرمچێ ناوی بەرز و ئاکاری ئەو
کە بۆ ژین و ژیواری من هێزی ئەژنۆ و تین و تاوە
مرۆ بە بێ ئاوخواردنەوە لە کانیاوە سازگارەکەی
ژینی تاڵ و زار و نزار وەکوو ماسی دوور لە ئاوە
پشوودانمان لە ژێر داری وتە و کردەی سەوز و پۆڕی
بەرز دەکا بەژن و باڵا، دوورەپەرێز پشت چەماوە
گەشت و گوزار لە باخیدا زاخاودەری مێشک و دڵە
ڕوانین بۆ ئاسۆی پڕهیوای هێزی ناخ و سۆمای چاوە
بۆ وەی نەبینە کۆتەڵ و سەرکۆزەرەی دەغڵی دونیا
لە گزنگی خۆری دینا لادەین لەو باخە ڕازاوە
ئەی شەماڵی گیان گەشێنی هەستی مردوی زێدەکەم!
ببارێنە هیوا و هومێد بۆ سەر ئەم خاکە فەوتاوە
هەڵکە چرای تیشکدەری تێشکێنەری تاریکایی
تا ببینین بەرپێمان و دەرچین لە ئەم تەڵە و داوە
ئەی دوکتۆرە دڵسۆزەکە و تێگەیشتوی دایکە دەردان!
دەستمان بگرە و بە ویستی خوا دەرمانبێنە لەم زەلکاوە
ئەی ئەندازیاری بە وەج و نەخشەڕێژی ورد و لێزان!
چاوەڕوانین دایڕێژیەوە بنچینەی ئەم ماڵە ڕووخاوە
ئەی شنەبای شاری دڵ و سەوزەڵانی گوڵ و چەمەن!
لە خەزانی وەرزی ژینا خنکایین بەم هەوا ژەهراوە
ئەی هەوێنی شیری ژیان و شیرینتر لە شیرنایی!
بە بێ پەیڤی قوڕئانەکەت تەمەن شیری بزڕکاوە
ئەی ئەستێرەی پڕشنگداری ئاسمانەکەی ساماڵی دین!
دنیا بێ تۆ شەوەزەنگە و مرۆڤ بێ هێز و داماوە
تۆی هەڵگری ئاڵای ئاشتی و کوانوی خەباتی پڕ لە خێر!
ئەوی نەچوە ژێر ئەو ئاڵا چەن گیرۆدە و لێقەوماوە
دەسا خوایە ئەی خاوەنی پێغەمبەر و گشت بوونەوەر!
بەو چرایە ڕزگارمانکە لەم تاریکییە ئاڵۆزاوە
ئهحمهد عهبباسی – بانە ـ ۹ خەزەڵوەری ۱۳۹٨
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــ
(۱) بەیتی یەکەمی ئەم پارچە هۆنراوە نازانم لە پێنووسی کام شاعیر و هۆنەری هەست ناسک تکاوە، چەند ساڵ لەوە پێش لە برایەکی مەریوانیم بیست و منیش لەسەر هەمان کێش ئەو پارچە هۆنراوەم نووسی.