شعرکوردی

فێرگەکەم ( شعر )

فێرگەکەم

وەفایێک بۆ فێرگە ئایینیە قوڕینەکانی زێدەکەم

فــێــرگـە ئـامـیـانی ئیمان و بـاوەڕ
پەروەرێنەری مـرۆی خـاوەن فــەڕ

حوجرە ئەی هێمای زانست و وانە
کە بۆ ئارامــــی و ڕوونــاکی گیانە

فــێـرگە ئەی کۆگای ئەخلاقی بەرز
هـەوێنی هیوای کــوردی سـەربەرز

لـە تـۆوە فـێــر بووین ژیانی سـادە
هــەر کــەس وابــژی بـە دڵ ئـازادە

دڵ کــە قـوتـار بوو لـە بەندی لاشە
خۆشبەختی ئێرە و ژینی ئەولاشـە

دڵێک ئـــەسیری خــاک و هــەوا بێ
هـەرگـیـز نـاتـوانێ ڕوو لە هـودا بێ

دڵێک خــۆشبەختە ئـــازا و ئـازاد بـێ
بەندەی ڕاساڵی خوای خاوەن داد بێ

حوجرە تۆ کانگەی هێمنی و سەبری
بۆ تـونـد و تـیـژی گـورزی بە زەبـری

لـە مـەزرای تـۆدا گـوڵ نـاکـا تــۆڵــە
تاریک پەرەستان جێگەیان چــۆڵــە

حــوجرەکەم! وانەی ڕێــز و پـــێــــزانین
لە تۆوە فێر بووین هەر ئاوایش جوانین

کــەســێ نەیزانێ ڕێـــزی هاونەوعی
بـە تـایبەت ئــەوەی دەرسی پـێگوتی

دەرسی دینداری و زانست و ئەدەب
یــەقین لایداوە لە ئەسڵ و نەسەب

تۆ داتــە دەستـمان ئـــاڵای ئـــازادی
تا گەل و زێدمان بـژین بــە شــادی

گەلێ هەڵنەمژێ هەوای سەربەستی
ئەخنکێ بە بای ژەهراوی پـەســتـی

فــێــرگـە تۆ مەکۆی گەورە پیاوانی
نەهری و نوورسی و کـاکـی بارزانی

پێشەوای شەهید بیلبیلەی چـــاوان
شێخی پـیـرانم گـەنـجـی بـادیـنــان

وانەی دڵسۆزی و ڕاژەی دیـن و گـەل
لای تۆ فێر بوون و نەسرەوتن تا کەل

فــرچـکی هـیـوا و ئــازادی گـەلـمـان
لای تـۆ گــرتیان و بوونە ڕابــەرمــان

زۆر لە زانــایـــان، پـیـتـۆڵ و هـۆزان
زانـســتـی تـۆ بـوو بـە ئـاو و نـانیـان

دشــی، نۆدشی، مـەلـەوی و چــۆڕی
بێخود و مەحوی ڕەحمەت لە گۆڕی

عــەللامـەی تورجان، ئیبنولقەرەداخ
نـەیان بێ لەوێ یا خـوا ئــاخ و داخ

مامۆستای بالــک، زانـــای بــیـــــارە
لە ناو پیاوانا ناویان جوان دیـــــارە

مــەلای جــەزیری و ئەحمەدی خانی
“زۆر زانـــی و بــیـــر و وێــژەوانـــی

پــارچــێــکە بڕا بـە بـەژنی خــانی”
مــام هــەژار دەڵـێ سـڵاو لە گیانی

نــالـی و سـالـمـی دەشتی شارەزوور
جـێـگـەی شـانـازین بۆ نزیک و دوور

هـەژاری هـێژا و هـێمـنـی موکوریان
ئەدرەوشێتەوە ئەستێرەی گـەشـیان

موفتی، سوبحانی، ڕەبیعی و فەرساد
نـــــور عــلــمــهـم یـــضـیـئ الـــبـــلاد

عـەزیـزی خۆیشمان عەزیز بوو لامان
یــا خوا وەحەسێ لە دونیای هەرمان

فێرگەکەم! داخــم دیـەی دوور بینت
سـۆمای کـەم بـوە و شـێواوە ژیـنـت

بـۆیە دواڕۆژی دوور کــەم دەبـیـنـی
بۆ سـەرقافـڵەیـی دۆش دادەمـێــنی

ئــاواتـــە خــوازم ئــاڵاکــەی جــاران
بــشــەکــێتــەوە لە لـوتـکـەی کـێوان

بۆ کــامەرانی هەر دوو دونیای گـەل
ڕاپەڕی بە تاو لە دەست نەدەی هەل

چونکە کات کەمە و ئامانجیش زۆرە
دەست‌وبرد نەکەی بڕۆی بــەو جـۆرە

زیاد لەوەی نەیار چـەند زۆر و بــۆرە
لــێــت ئـاڵـۆز دەکــەن ســۆرەوتــۆرە

ئەحمەد! خرمانی خزمەتی حـوجــرە
پێت شارۆ نابێ هەر هی ئـەم دەورە

ببڕە ڕێـبــازی پـــیـــاوانـــی بـــەرزی
هەتا ئەگەیتە دوندی ســــەربـــەرزی

بانە ـ ڕەزبەری ۲۷۱٨

از طريق
احمد عباسی
منبع
https://sozimihrab.org/
نمایش بیشتر

احمد عباسی

استان کردستان - بانه نویستده - مترجم - فعال دینی و اجتماعی

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

همچنین ببینید
بستن
دکمه بازگشت به بالا