روژوو “شعر”
سێهەم ئەرکی ئیسلامەتی ڕۆژووە خودای گەورە فەرمانی پێ فەرمووە
کە وا مانگی ڕۆژووان سەرتاسەری بڕێک دەس لە خۆی جانەوەر هەڵگری
بە ڕۆژوو بکەی گیانی خۆت مشت و ماڵ دەروونت ڕووناکایەکی بێتە باڵ
فرشتەت دەمێک ببنە هاوڕێی گیان بچێژی کەمێک تامی میوەی ژیان
کە ڕۆژوو دەبا غەوری ئاکاری پووچ لە سینە و دڵی ڕەشهەڵاتوو بەسووچ
بە ڕۆژوو ئەگەر هێزی لەش کەم دەبێ بەڵان گیانی پێ پاک و بێخەم دەبێ
بەڕۆژوو کە بێوازی بەڕواڵەیە دەدڵدا گەلێک شاد و ئاواڵەیە
کە ڕۆژوو دەکا گیان سەرمەست و تێر ئەوە نەوسە وا نەوسنە و چاونەزێر
نەوس چونکە زۆر جینگن و نەوسنە لە ڕۆژوو گەلێک تووڕە و تۆسنە
چڵێس و کولی نەوسە ڕۆژوونەگر خوێڕی و شلی نەوسە ڕۆژوونەگر
گەلێک پووچ و بێنرخە پیاوی چنۆک لەلای خوای نیە ئابڕوو یەک تنۆک
بەڵام لەو کەسەی بۆی نەگونجێ خوا دەبوورێ کە پارێز کا و بیخوا
نەخۆش کەوت لەو مانگە یا کەوتە ڕێ لەپاش مانگ چی خواردبوو وەیگرێ
دەنا ژن ئەگەر شیری منداڵی دا وە یا پیر ئەگەر کەوت و کەنداڵی دا
بشیشکێنێ گەر کاری حەستەم دەکا کە زانی ئەوە هێزی ئەو تێکشکا
هۆنراوه ی خوا لیخوشبوو ماموستا عه بدولکه ریم ره سوولی(رێبوار)
سوپاس بو به ریز یاسر سیدعزیزی بو ناردنی ئه م شیعره جوانه
خوا له ماموستا خوش بیت به راستی شیعره که ی جالب بو