خوایه گیان کڵۆ کڵۆی بەفر کە دەبارێنی
حەرزێ به بەرگی سپی دادەپۆشێنی
بیکەی به مایەی ڕەحمەت
بۆ گشت بوونەوەر
به پیت و بەرەکەت
بۆ ژیانی زیندەوەر
🌷🌷🌷🌷🌷🌷🌷🌷🌷
خوایه گیان تۆ که لە بیر ناکەی
لەو سەرما و سۆڵە
نە کرمە وردیلەکانی ژێر خاک
نە باڵندە بەرزەکانی ئاسمان
نە ماسییه ڕەنگینەکانی نێو ڕووبار
نە چوێلەکە نازدارەکانی سەر دار
ئای کە چەنێک بە سۆز و میهرەبانی
بۆ بەندەکانت ڕەحیم و ڕەحمانی
🌷🌷🌷🌷🌷🌷🌷🌷🌷
خوایە گیان
هەر تۆی زانا بە گشت نەهێنییەکان
دانای به هەرچی پەیدایە و پەنـهان
به ملکەچی ڕوو دەکەینە قاپی تۆ
داوا دەکەین لە کەرەم و بەخششی تۆ
لێمان خۆش بی خوایه
لەهەرچی گوناح و تاوانە
دڵمان پاک کەیتەوە
وێنەی ئەم بەفر و بارانه
🌷🌷🌷🌷🌷🌷🌷🌷🌷
ئای خەجاڵەت خۆمان،
بۆ ڕووی ڕەش و تاوانباریمان
بۆ داماوی و بێدەسەڵاتیمان!
خوایه گیان
بەم حاڵە نەگریسه مان
با چاوی پڕ ئەسرین
بە دڵێکی پەژیوان
چاومان بڕیوەتە
فەزڵ و بەخششی تۆ
لە نووری ڕەحمەتی
بێوێنەی تۆ
🌷🌷🌷🌷🌷🌷🌷🌷🌷
خوایه گیان
بە سیفاتی جوانت
بە نێوی بەرزت
داوات لێ دەکەین
دەستمان بگری
بۆ سەر ڕێبازت،
پەیمان دەدەین
دەست بەرنەدەین
ژیانمان بکەینە قوربانی
تا تۆ لێمان دەبی ڕازی.
🌴کولسووم حەسەنزادە