ڕەمەزان هێمای هێور بوونەوە
دوای ئەوەی خوای زانا و کار بەجێ مرۆی ئافراند و کردیە جێنشینی خۆی تا ئەرکی ئاوەدانکردنەوە و ڕازاندنەوەی دەر و دەروون وەئەستۆ بگرێ، ئەوی بە کۆمەڵێک تایبەتمەندی تەیار و پڕچەک کرد بۆ ئەوەی بتوانێ ڕووبەڕوی نەیار و نەهامەتیەکان ببێتەوە و لە مەیدانی خەبات و ململانێ لە گەڵ ناحەزانی ناوەکی و دەرەکی زاڵ و سەرکەوتوو بێت.
یەکێ لەو تایبەتمەندیانە هێزی ویست و ئیرادەیە، واتە دوای ئەوەی مرۆڤ ئەو هێزەی پێبەخشرا بتوانێ زانیاری جۆراوجۆر کۆبکاتەوە ئەمجار نۆبەی ئەوە دێت بتوانێ لە ناو ئەو هەموو زانیاری و ڕێگە و ڕێچکانەدا بە ویستی خۆی یەکیان هەڵبژێرێ.
گومان لەوەدا نیە کە ڕێچکە و ڕێباز و ویستەکان فرە و فراوانن، بۆیە گەر مرۆڤ لە ژێر چەتری ڕێنماییەکانی خوای زانا و باڵادەستا نەڕوا و نەژی دەکەوێتە بەر ڕەهێڵە و هەورەتریشقەی ویستە ناحەز و نامۆکان و ئاوەزی لە هەمبەر نەوسی بێ ئەماندا بێ هێز و دەستەوسان ئەمێنێتەوە و لە ئاکامدا ژیانی دونیا و دواڕۆژی ئەدۆڕێنێ.
بە واتایێکیتر: گەر لە زەریای زانستی خوایی جۆ هەڵنەگرێ و گڕ و تینی ناخ و دەروونی بەو زانستە تێراو و هێور نەکاتەوە سەرچڵ و نەزانانە ئەجووڵێ و هەنگاو هەڵدەگرێ و ڕەوڕەوەی ژیان بەرەو ئاقارێک دەبا کە سەر لە خۆیشی و زیندەوەرانی دیکەیش دەشێوێنێ.
ڕۆژوی ڕەمەزان یەکێک لەو ئامرازە گرینگانەیە بۆ هێدی کردنەوەی مرۆڤ و دیاری کردنی چوارچێوە و ئاسۆیێکی ڕوون بۆ خواست و ویستەکانی و بە دەستەوە گرتنی جڵەوی نەفس و هەوا، چونکە کاتێک مرۆی ڕۆژوەوانی ڕاستەقینە خۆی بار دێنێ و خوو دەگرێ کە نەفسی سەرکەشی گڕوو نەگرێ بۆ خۆشیەکان و بە ئارەزووی خۆی بۆ ماوەیێکی دیاری کراو دەستیان لێ هەڵگرێ و لە خۆی یاساغ بکات، بێ گومان فێر دەبێ لە ڕۆژانی دوای ئەو وەرزە پەروەرشیەیش مەرز و سنوورەکان نەبەزێنێ و سەرکەشی ئەسپی چەمووشی نەفس دابەزێنێ و لە بەردەم ویستە ئایینیە مرۆڤ پەروەرێنەکاندا بیگەوزێنێ؛ کەوایە دەتوانین بڵێین ڕەمەزان ئاشتبوونەوەی مرۆیە لەگەڵ:
ـــ خوا، خوای خاوەنی مرۆڤ نایهەوێ بەندەکانی گرفتاری ئاور و تووڕەیی بکات، ئەوە مرۆ خۆیەتی ئەو کانگەی سۆز و خۆشەویستیە لە خۆی ئەتۆرێنێ و بە ڕوووەرگێڕان لەو خۆری ژیانە ناوماڵەکەی تاریک و ئەنگوستەچاو دەکا.
ـــ خۆی، مرۆڤی سەرکەش خۆی بە خو و خدە ناحەزەکان ناشیرین دەکا و جوانیە سروشتیەکان ئەتارێنێ، ڕۆژوو فێرمان دەکا ناحەزەکان ڕاماڵێن و ناخمان پاک و پاڵفتە بکەین و لە گەڵ خۆمان ئاشت بینەوە، چونکە مرۆڤ بە خۆ ناشیرین کردنی بە ڕەوشتە ناڕەواکان ستەمی لە خۆی کردوە و سەری بەرز و ئاکاری تەرزی نەوی و نامۆ کردوە.
ـــ خەڵک، مرۆی تەرە و لاڕێ خەڵکی خۆش ناوێ و هەستی سۆز و بەزەیی بۆیان ناجووڵێ، برسیەتی و توونیەتی فێرمان ئەکا هەست بە نیاز و نەداری هەژاران بکەین، خۆشمان بوێن و تا کۆتایی هێنان بە گرفتەکانیان ئۆقرە نەگرین.
ئەوەیە کە دەبینین قوڕئانی پیرۆز ئەفەرموێ فێرگەی ڕەمەزان و ڕۆژوو فێری تەقوا و پارێزگاریتان ئەکات، واتە خۆپاراستن لەو هەڵسوکەوتانەی کە مرۆڤ ئەخاتە بەرەی شەڕ و ناتەبایی لە گەڵ خوا و خۆی و خەڵک و ڕێخۆش دەکا بەهرەمەند بین لە ژینی بێژان و لێوڕێژ لە ئاسوودەیی و ئارامی؛ بە واتایێکیتر: قوڕئان داوامان لێدەکا هەوڵدەین بۆ دروستکردنی ئاشتەوایی و پردی پەیوەندی لە نێوان ئەو سێ کوچکەی ئاماژەمان پێدا، چونکە گومان لەوەدا نیە کاتێک مرۆڤ نێوانی لە گەڵ خوا خۆش و ئاوەدان بوو ناخ و دەروونیشی ئارام دەگرێ و لە هەڵچوون و هەڵەشەیی دەستهەڵدەگرێ، کە ئاکام و بەرهەمی ئەو پەیوەندییەیش دەبێتە بەهرەمەند بوونی تێکڕای کۆمەڵگە لە خێر و بێری هێمنی و لە سەرەخۆیی.
بەڵام مەخابن ئەو ئامانجە گەورانەی ڕۆژوی بۆ دانرا لە ناو زۆربەماندا نەهاتوەتەدی و ڕایەڵ و پۆی ڕەمەزانی مەمانان ئەو تەونە تەواو و پتەوەی پێدانامەزرێ کە جلی گەرم و بە کەڵکهاتوو بەرهەم بێنێ و لە سەرما و گەرمای گەرمێن و کوێستانی ڕۆژگار بمانپارێزێ.
خوایە گیان! ڕێنوێن و یاریدەدەرمان بیت بتوانین لەو وەرزە ڕازاوە و ڕەنگاڵە بۆن و بەرامی گوڵانی بۆن خۆش و هەست بزوێن هەڵمژین و لە کەشوهەوای تەم و مژاوی و خنکێنەری دونیا پەرەستان ڕزگار بین.
احمد عباسی - بانە ـ ۱۴ / ۲ / ۱۳۹٨