عمر مدرسی
یا الله
زات و سیفاتی خودا هه‌ر یه‌كن، ورد بڕوانه
بۆ سۆزی میحڕاب
وه‌نه‌وشه و بۆنی مه‌ستی پڕ له هه‌ستی
كه ڕازاوه‌ن له كارگای ئه‌له‌ستی
له لای هه‌ستییه وانه‌ی هه‌ستیارن
نیشانه‌ی نه‌خشی خوای خاوه‌ن نیگارن
ئه‌گه‌ر زانا بزانبێ به‌و نیگاره
سه‌ر و ماڵ داده‌نێ بۆ كردگاره
ده‌كا ئێقرار به‌وه‌ی هه‌ر ئه‌و خودایه
كه هه‌ر ئه‌و شایه‌نی حه‌مد و سه‌نایه
سیفات و زاتی تاكی جیا له یه‌ك نین
وه‌كوو خوێ و سوێری، خوێ سابێ له یه‌ك نین
سیفات و زاتی ئه‌و یه‌كتای دوو تایه
كه‌سێ وا هه‌ست نه‌كا، هه‌ستی خه‌تایه
ئه‌شاعره و هه‌رایی [معتزله]
نه‌زه‌ر سه‌نجێنه‌یه دووره ده‌لیله
ته‌عه‌دود كه‌س نه‌ڵێ له خوداوه دێ
بێ سفاتی خوا ئه‌گه‌ر زاتی خودا بێ
به‌ڵێ ئه‌وساف و مه‌وسوف لێک جیایه
به‌ڵام ئه‌و دابه، دابی غه‌یری خوایه
سیفات و زاتی باری هه‌ر دوو تاكن
وه‌كوو ئه‌وسافی شیری ساف و پاكن
سپی ڕه‌نگ وه‌سفی زاتی شیری پاكه
له كارگای ئه‌زه‌ل ڕایه نیگاكه
سیفاتی پاك و زاتی تاكی تاكه
وه‌کوو ئه‌وسافی ئاوی ساف و پاكه
ته‌ڕ و فێنكه له‌شی ئاو بێگومانه
جیا لێك نین ده‌سا مه‌گرن به‌هانه
سیفاتی ئاگریش سۆز و سووتانه
كه هه‌ر دوو هه‌ستی سۆزێكن بزانه
خودا ڕوتبێ له ئه‌وسافی زه‌مانێ
هه‌موو بوون و نه‌بوون دێنه نه‌مانێ
خودا خۆی بینه‌ریشه و بیسه‌ریشه
خودا خۆی دانه‌ریشه و ڕانه‌ریشه
خودا خۆی خالقیشه و ڕازقیشه
خودا خۆی عالمیشه و قادریشه
ئه‌قڵ هه‌رچه‌ن سه‌ری دێروده‌وێنێ
له‌شی ناسكی ته‌زووی نه‌زانی دێنێ
له‌وه‌ی دووره كه ئینسان خۆبناسێ
ده‌نا گه‌ر خۆبناسێ، خواش ده‌ناسێ
خودا چۆنه و چییه، دووره ده‌راوه
خودا بۆ ئه‌و ده‌راوه، ڕێی نه‌داوه
[عومه‌ر] سه‌رگه‌شته‌یه له‌و ڕازوڕه‌مزه
كه ڕێ نه‌دراوه چوون بۆو قولله به‌رزه
ئاوڕێك وه‌لای دیار و نه‌دیار
بۆچوونی زانایان له‌سه‌ر زات و سیفاتی خودا:
بۆچوونی فه‌لاسه‌فه و موعه‌تزیله وایه كه زات و سیفاتی خودا یه‌كن _و حوكه‌ما و موته‌كه‌له‌مین بۆچونیان وایه لێك جیان_ و ئه‌شاعره‌ش بۆچوونیان وایه نه یه‌كن نه لایه‌كن:
[لاهو و لا غیره] ئه‌و بۆچوونانه نه‌زه‌ر سه‌نجێنن، چونکه خوایێکی که له‌سه‌رووی هه‌مووی بیر و بۆچوون و تفکر و ئه‌ندیشه‌یێکه و وه‌ک هیچ ناچێ، ناتواندرێ بشوبهێندرێ به هیچ شت، جا که‌وایه قسه‌ی ئه‌وانه‌ی که ده‌ڵێن: ئه‌گه‌ر سیفاتی خودا، زاتی خودا بن، لازم دێ ته‌عه‌ددود له خودادا. ئه‌وه‌ش دروست نییه، چونکه لایان وایه سیفه‌ت ده‌بێ له‌دوا مه‌وسووف بێ، به‌ڵێ ئه‌وه وایه؛ سیفات له پاش مه‌وسووف بێ، به‌ڵام ئه‌و دابویاسایه له غه‌یری خودا دایه، شاملی شکۆی خودا نییه.
چونکه خودا وه‌ک هیچ ناچێ، یاسای هیچ شتێکیش وه‌رناگرێ جگه له یاسای تایبه‌تی خوێ نه‌بێ، بۆ نموونه خوێ سیفه‌تی سوێره، ئاو ته‌ڕه، ئاور گه‌رمه، هیچ کامیان له یه‌ک جیا نین، سیفه ت و موسووف له‌وانه‌دا یه‌کن و له‌یه‌ک جیا نین.
به‌ڕێزانی خاوه‌ن هه‌ست و بیران، واباشه به بیری خۆمان، به چۆنیه‌تی زات و سیفاتی خودا هه‌ڵنه‌ڕوسکێین، چونکه ئه‌گه‌ر به خه‌یاڵ سیفاتی خودا له خودا داڒنێین، بۆ ئانێك بوون و نه‌بوون ده‌که‌ونه نه‌بوون {فنا}.
ئه‌و نوسراوه‌یه پێشكه‌ش بێ به لایه‌نگرانی سۆزی میحڕاب به‌ته‌مای دوعای خێر
براتان مه‌لا عومه‌ر موده‌ررێسی 1/1/1399
سۆزی میحڕاب