احمد قادری
– شایەتیدانی دوو ژن له جیاتی پیاوێک!
– پشکە میراتی کچ و کوڕ؛ بەشی کوڕ وەکوو دوو بەشی کچه!
– دیە و خوێنبایی ژن نیوەی پیاوە بو؟!
ژن؛ نیوەلەتی پیاو و له هەوێنی هەبووندا ژن و پیاو یەکسانن و هەر دوو بێ کەم و کووڕی «مرۆڤ»ن.
– . . . بَعْضُکُمْ مِنْ بَعْضٍ . . .
➖ [ئێوەی ژن و پیاو و مێیینە و نێرینه] بەشێکن له یەکتر [له هەوێنی مرۆڤبووندا یەکێکن]– آلعمران: ۱۹۵ و نساء(ژنان): ۲۵
– . . . خَلَقَکُمْ/ أنْشَأکُمْ مِنْ نَفْسٍ وٰاحِدَةٍ . .
➖ [خوای مەزن، ئێوەی مێیینە و نێرینەی] له خۆیەکی تاق ئافراند و بڵیند و بەنرخی کردن.
– نساء(ژنان): ۱، أنعام: ۹۸، أعراف: ۱۸۹ و زُمَر: ۶
لە ڕوانگەی ئیسلامدا هەر دوو ڕەنگەزی مێ و نێر له یەک گەوهەرن و سەربوونێک بۆ هێچ کامێکیان له بەرامبەر ئەوی دیدا نییه و جۆری ڕەگەزیش پێناسی چاکی و ڕێکی و بەرزی و سەری و گەورەیی و خۆ فشکردن نییه.
ئەم یاسا زێرینەی قورئان تێبینی و تەبسەڕە و جیاکردنەوە و ئیستسنا وەرناگرێت و وەک بنەما و ئەسڵێکی بێ دەمە قاڵێ کردن لە سەری ناسراوە و چەسپاوە.
بەڵام جەستە و هەناو و دەروونی هەر کامیان بۆ ئەرکێک ئافرێنراوه؛ پیاو ناتوانێ ئەو فەرمان و پرسانەی وا به ژن ڕائەپەڕێت و ئەڕەوێتەوە ئەنجامبدات و ژنیش ناتوانێ ئەرکی پیاو له ئەستۆ بگرێت؛ بە زمانێکی تر ئەرکیان جیاواز و تەواوکاری یەکن. جێی ئاماژەیە؛ جۆری ئەرکیش، پێوەری فەزیلەت و هەڵکێشانی ئەوی دی نییه و تەنیا ئەرکەکان به پێی توانایی دەروونی و ڕەوانی و جەستەیی هەر کامێک دیاریکراوه و بۆ ڕاپەڕاندن و بەدیهێنانی ئامانجەکان وەک یەک چاویان لێدەکرێت.
لە گەڵ جیاوازی ئەرکەکان؛ جیاوازی مافەکان دێنە ئارا و ئەرک؛ جۆری ماف دیاریدەکات. ئەم بەشه لە پرسی مافەکان له ئیسلامدا زۆر دادگەرانه دیاریکراوه و جۆری ئەرک لە گەڵ مافی پێوەنداریەوە یەکسانن و بە ئەرکێک زیاتر یان کەمتر مافی پێنەدراوه. ئەم جۆره وردەکارییه له دابەشکردنی مافی شیاو به پێی ئەرک به «قسط» ناوئەبرێت. جیاوازی «قسط» له گەڵ «عدل» ئەمەیه که «قسط» ڕچاو و چەسپاندنی عەدڵ و داده له سەر ئەجزا و بەشەکان به تەنیایی، بەڵام «عدل» گشت و تێکڕای بابەتەکان ئەگرێتەوە. نەیارانی ئیسلام، «قسط» کە وردەکاری و دێققەته له چەسپاندنی «عدل»دا به زۆڵمی ئەزانن!!! و گشت ئەو ڕەخنانه ئاڕاستەی هەندێک لەو ئەحکام و فەرمانانەی پێوەندیدارن به ئەرکەکانی دوو ڕەگەزەکەوە بێ سەرنجدان به جیاوازی جۆری توانایی و ئیستیعدادی دەروونی و ڕەوانی و جەستەیی ژن و پیاو و ئەو دۆخ و کەش و جێگایه دەکەونه ناوی هەر وەها بێ گوێدان به جۆری ئەرک هەڵئەکوتنه سەر ماف و بێ بینینی جیاوازی له ئەرکەکاندا؛ وەک یەک چاوی لێدەکەن!!! بێهەواڵ لەمە که ئەوانن بەم شێوازە هەڵسەنگاندنه ئەگلێنە زۆڵم و ستەم و عەدڵ و داد دەشێوێنن.
نموونەیەک له ڕەخنەی بەرەی دژە ئیسلام؛ گەوایی و شەهادەتدانی دوو ژنه له جیاتی پیاوێک له پرسێکی دەرەوەی ئەرکی ژن، واته تۆمارکردن و سەبتی بەڵگەی وام و قەرزی دواخراو. با بچین بۆ لای ئەو ئایەته که باسی ئەم بابەتە دەکات:
⚖️ يا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا إِذَا تَدَايَنتُم بِدَيْنٍ إِلَىٰ أَجَلٍ مُّسَمًّى فَاكْتُبُوهُ وَلْيَكْتُب بَّيْنَكُمْ كَاتِبٌ بِالْعَدْلِ و َلَايَأْبَ كَاتِبٌ أَنيَكْتُبَ كَمَا عَلَّمَهُ اللَّهُ فَلْيَكْتُبْ وَ لْيُمْلِلِ الَّذِي عَلَيْهِ الْحَقُّ و َلْيَتَّقِ اللَّهَ رَبَّهُ و َلَايَبْخَسْ مِنْهُ شَيْئًا فَإِن كَانَ الَّذِي عَلَيْهِ الْحَقُّ سَفِيهًا أَوْ ضَعِيفًا أَوْ لَايَسْتَطِيعُ أَن يُمِلَّ هُوَ فَلْيُمْلِلْ وَلِيُّهُ بِالْعَدْلِ و َاسْتَشْهِدُوا شَهِيدَيْنِ مِن رِّجَالِكُمْ فَإِن لَّمْيَكُونَا رَجُلَيْنِ فَرَجُلٌ وَ امْرَأَتَانِ مِمَّن تَرْضَوْنَ مِنَ الشُّهَدَاءِ أَن تَضِلَّ إِحْدَاهُمَا فَتُذَكِّرَ إِحْدَاهُمَا الْأُخْرَىٰ . . .
➖ ئهی ئهوانهی باوهڕتانهێناوه ئهگهر قهرزێکتان کرد له یهکتر تا ماوهیهکی دیاری کراو، ئهوه بینووسن و با نووسهرێک که دادپهروهر بێت بهڕاستی و دروستی له نێوانتاندا بینووسێت، با هیچ نووسهرێک سهرپێچی نهکات له نووسین، ههر وهک چۆن خوا فێریکردووه با بنووسێت، [خۆ ئهگهر کهسێک خوێندهوار نهبێت] ئهوهی که حهقهکهی به سهرهوهیه و قهرزهکهی لایه با به دهمی خۆی [ئهندازهی قهرزهکهی] به کاتبهکه بڵێت و له خوای پهروهردگاری بترسێت و چاوپۆشی له هیچی نهکات و لێی کهم نهکاتهوه، خۆ ئهگهر ئهوهی قهرزهکهی له سهره ههڵهشه بوو، یان لاواز بوو [منداڵ یان بهساڵاچوو بوو] یا نهیدهتوانی دان به حهقهکهدا بنێت [کهڕ و ڵاڵ بوو] با بهخێوکهر، یان سهرپهرشتیارهکهی دادگهرانه حهقیقهت و ڕاستی قهرزهکهی بڵێت . .
و با دوو پیاو له خۆتان شایهتی له سهر [قهرز و مامهڵه] بگرن، ئهگهر دوو پیاو دهستنهکهوتن بۆ شایهتی، با پیاوێک و دوو ئافرهت شایهتییهکه بدهن لهو کهسانهی که ڕازین به شایهتیدانیان، نهوهکوو یهکێک له [ئافرهتهکان] بیری بچێت، با ئهوی تریان بیری بهێنێتهوه.
بقره(نوینک): ٢٨٢
ئەرکی دانی قەرز و وامی دواخراوی پیاو به پیاو و ڕێکخستنی بەڵگە و ئەسنادی ئەو پرسه پێوەندی به پیاوەوە هەیە؛ بۆیه دوو شایەتی پیاو بۆ جێبەجێ کردنی ئەم کاره ئەبێ هەبوونیان ببێت تا ئەگەر کەوتە لێژاو، ڕەوتی دادگه دادگەرانه بەڕێوە بچێت. هێنانی ژن بۆ ئەم شوێنە خۆی له خوێدا دوو واتا هەڵدەگرێت:
١) ژنیش ئەتوانێت لەم پێگە و مەقامەدا چالاک بێت و وەک پیاو له بواری ئابووریدا مامەڵه و کڕین و فرۆشتن بە ڕێوە بەرێت.
٢) ئاماژەیه بۆ یەکسانی ژن له گەڵ پیاو له گەوهەری ئینسانییەت و مرۆڤبووندا؛ هەر چۆن پیاو ئەتوانێت شایەت بێت؛ ژنیش وا. جێی باسه که لە مێژووی ڕەشی مرۆڤایەتیدا هیچ کاتێک بۆ ژن هیچ پێگەیەک دانەنراوە و هەمیشه چەوساوەتەوە؛ بەڵام قورئان ژنی هێنا ناو باسه حقووقی و مافەوانیەکان و له بەڵگەکانی خۆیدا زۆر جار بۆ یەکەمین پات وەک ئینسان هەبوونی تۆمارکرد.
لەم ئایەتەدا بۆ شایەتیدان دوو شێواز ئەخاتە ڕوو؛ یان دوو پیاو یان پیاوێک و دوو ژن؛ خێرا بە دوایدا ئەڵێت بۆ دوو ژن له جیاتی پیاوێک؟ لە بەر ئەوەی که ئەگەر ژنێکیان ڕووداوەکەی لە بیر چوو ئەوی تریان بیری بهێنێتەوە؛ ئیستا پرسیار ئەمەیە بۆ له بیری بچێت؟! چونکا ئەم چێوە و موحیتە پیاوانەیه و ڕەنگه سەرقاڵ بوونی ژن له چێوە و شوێنگەی خۆیدا وردەکاری باسەکەی لە بیر بباتەوە. جا ئەمە کوێی کەمکردن و دوو لەت کردنی ژنه خۆ مافی شایەتیدانی وەک پیاو پێدراوه!!! کاتێک ئەبێ لەم ئایەتە ڕەخنە بگیرێت که شارع شایەتی له ژن وەرنەگرێت! له لایەکی تر و له ڕوانگەی قەزاوەت و دادیاریدا؛ ئەمە جۆرێک سووککردنی بار و مەسئوولییەت و بەرپرسیاری ژنه له بەرامبەر کارێکدا که ڕەنگه پێوەندی ڕاستە و خۆی پێوە نەبێت.
له گەڵ ئەمەشدا ئەوەی خاڵی وردی ئەم پرسەیە؛ شایەتی ئەو پیاوە بێ ئەم دوو ژنه وەرناگیرێت که بەرەی نەیارانی قورئان و ئیسلام خۆیان لەم نوکتە گرینگه لێ گێل کردووه! گرینگتر لەمەش؛ ئەبێ بڵێین ژن لەو پرسانەی پێوەندی ڕاستەڕاستی به کەش و چێوەی ژنان هەیه یەک شایەت بۆ سەلماندنی ئیددعا و بانگەشه بەسه؛ وەک شایەتیدانی ژنێک بۆ جارەکانی شیردان له «رضاعه»دا بۆ سەلماندن یان له ناوبردن و نەفی مەحڕەم بوون به هۆی شیرخواردن له یەک ژنەوە. لێرەدا شایەتی پیاو سەنگی شایەتی ژنی نییه.
کێشەی بەرەی قوتابخانه هزری – فەلسەفی – مرۆییەکان به گشت «ئیسم» و بۆچوون و ڕێبازەکانیانەوە و لێرهدا بێ سەرنجدان به جۆری ئەرک، مافێک که مافی نییه ئەیدەنێ و وائەزانن یەکسانکردن له هەموو شوێنێکدا داد و عەدڵه!!! بەرەی نەیاری ئیسلام بەم کاره ناژیرانه گشت سنوورەکانی دەروونی، ڕەوانی و تایبەتمەندییەکانی جەستەیی نێوان ژن و پیاویان ترازاندووە و زۆر فێڵەبازانه دۆخێکی قێزەونیان له زۆڵم و ستەم بە ناوی یەکسانی خوڵقاندووە و «ژن»یان خستوەتەوە ناو تاریکی ستەم بەڵام به ڕووکەشی زریقه و بریقەی موساوات!!!
بابەتی دووهەم که بەرەی نەیاری قورئان و ئیسلام نەزانانە بە ستەمی ئیسلامی!!! له بەرامبەر ژندا، شوێنکەوتوانی نەزانی خۆیانی پێ هەڵدەخەڵەتێنن پرسی دابەشکردنی ئیرس و ئەو جێماو و سامانەیه که مردوو دوای خۆی بۆ زاڕۆک و ژن و خێزان و کەس و خزمی بەجێ ئەهێڵێت. با بچین ئایەتی دابەش کردنی ئیرسی باوک له نێوان کچ و کوڕەکانی بخوێنینەوە:
– . . . لِلذَکَرِ مِثْلُ حَظِّ الْأنْثَیَیْنِ . . .
➖ بۆ نێرینەیە وەک بەهرە و پشک و بەشی دوو مێیینه.
– نساء(ژنان): ۱۱ و ۱۷۶
ئەم ڕستە قورئانییە دوو جار له سووڕەتی چوارەمی قورئان واته سووڕەتی «النّساء: ژنان»دا هاتووه. ئەگەر به وردی چاو له ئایەتەکە بکەین دەردەکەوێت پێوەر و مێعیار و پێوانەی پشکی کوڕەکە، بەشی کچەکەیه؛ به واتایەکی تر، بەشی کچ ئەسڵ و بنچینەیه و ئەو بەشه به پێوانەی بەشی کوڕەکە دانراوه. نەوتراوە بەشی کۆڕ دوو بەرامبەری پشکی کچه بەڵکوو ئەڵێت بۆ کوڕ وەکوو بەشی دوو کچ وایه. کە واته بەشی کچ کراوە به پێوەر.
ئەمە له ئەدەبییات و وێژەی زێڕینی یاساگەلی قورئانه بۆ دانان و کاراکردنی عەداڵەت و هێنانەوەی ژن و مافەکانی بۆ سەر زار و ناو لایەنە فەرمییەکانی کۆمەڵگا و ناساندن و چەسپاندنی مافەکانی ئینسانی ژن که هەزاران ساڵ بوو له ژێر هێزی زوڵم و ستەمی تاغووتەکان سڕابوەوە و ناوێکی نەمابوو.
دیاره ئەم دابەشکردنه ئەو پەڕی داد و عەداڵەتە و هەر دوو ڕەگەزەکەی ڕچاوکردوە و ئەمی نەکردوە به بەرخی سەربڕاو و قوربانی ئەوی تر. ئەو بەشەی بۆ کچ بڕیاردراوە تەنیا و تەنیا هی خۆیەتی و هیچ کەس مافی نییه دەستی تێوەردا یان به بێ ڕەوایی و ئیجازەی وەک تێچوو(هزینه) بۆ کار و باری خەرجی بکات.
بەڵام بەشی کوڕ تەنیا هی خۆی نییه و فرەبەشه و ئەبێ بە لانی کەمەوە دوو شتی پێڕاپەڕێنێت؛ یەکەم بتوانێت هاوژینگیری پێبکات و گشت تێچووەکانی دابینبکات دووهەم وەک بژێوی ژیانی ڕۆژانەی خۆی و خێزانی بیکات به دەستمایه کار و باری پێڕاپەڕێنێت.
دیاره کوڕەکە لەم هەر دوو بوار و قوناغەدا هاوژینەکەی بوەتە هاوبەشی ئەو میراتەی وا پێیدراوە به پێچەوانەی بەشەمیراتی کچ که وەک سەرمایەیەکی پارێزراو بۆ هیچ شتێک خەرجناکرێت. ئیستا پرسیار ئەمەیه کام یەک له کچ و کوڕ ئێش و ئازاری باری ژیانیان به ملەوەیه؟ ئایا ئەگەر به پێی ئەرک وەک یەک چاویان لێبکرایه زۆڵم نەئەبوو؟ دوو ئەرکی جیاواز و مافی یەکسان؟ ئیسلام مافەکە به ئەرکەکە دەدات نه به کەسەکە تا ستەم و زوڵم و مافخۆری بێت. بەڵام بەرەی نەیاری ئیسلام به یەکسان ڕاگەیاندنی مافەکان بێ تێڕوانین و هەڵسەنگاندنی قورسی و سووکی ئەرکەکان به باڵای ستەمدا کەوای عەداڵەت و داد ئەپۆشن و شتێکیش داواکارن و خۆیان فشدەکەن هاتوون به هانای ژنەوە و ئاوا فێڵەبازانه کڵاوێکی درێژ و قووڵ دەکەنه سەر نەزانان و بێئاگاهان له ئیسلام و بڵیندگۆی مافی مرۆڤ ئەنێن به دەمیانەوە و خۆیان به دڵسۆزی مرۆڤایەتی دەناسێنن!
بەڵام . . . بەڵام وا برووسکەی سکاڵا و دەنگی ڕەخنەگرانی ناوەندە بەناو مرۆییەکان له ڕوژئاوا له ئاسۆی سووریانەوە سەرەتاتکێ ئەکات و هاواریان بەرز بوەتەوە و هەر چەن جار کەڕەتێک توێژینەوە و لێکۆلینەوە زانستییەکانیان ئەم ڕاستییه دەنوێنێت که چینی پیاوان کەوتوونەتە ژێر گوشاری زاڵمانه و نوێترینیان خەمۆکی پیاوانه به هۆی توند و تیژی بێدەنگ و هەست پێنەکراوی ژنان که لە بەرامبەری پیاوان ئەیکەن! وا وردە وردە قین و ڕقی مێژوویی و هەستی تۆڵەسەندنەوە له ژنان خەریکه له ناو هەناو و دەروونی پیاوانی ڕۆژئاوای سەرلێشێواودا چەکەرە دەکات و وا خەریکه له نەبوونی حوکم و فەرمانڕەوایی قورئاندا مێژووی ڕەشی چەوساندنەوەی مرۆ به دوو ڕەنگەزی مێ و نێریەوە دووپات دەبێتەوە.
پرسی دیه و خوێنبایی ژن له ئیسلامدا
پێش باس لەو ئایەتە خوێنباییەکان دیاریدەکات؛ ئەبێ بزانین قورئان ئەرکی دابینکردنی مووچەی ژیانی سپاردووە به پیاو و ژنی لەم ئەرکە سەخت و کەمەرشکێن و پڕژانەسەری دەرەوەی خانوو بووراوە و بەڕێوەبەرایەتی ناو ماڵی به ژن وەک هاوژینێکی پرسۆز و ئەوین بۆ پیاو و دایکێکی میهرەبان بۆ مناڵەکانی سپاردووە.
کەواتە ئەسڵ و بنچینەی ئابووری و وەدەستخستنی بژێوی ژیان ئەرکێکی پیاوانەیه ئەگەر چی ژنیش دەتوانێت لەم گۆڕەپانەشدا چالاک بێت و بەری لێنەگیراوه.
– یا أيُّهَا الّذِینَ آمَنُوا کُتِبَ عَلَیْکُمُ الْقِصٰاصُ فِی الْقَتْلیٰ … الأنْثیٰ بِالْأنْثیٰ… بقره: ۱۷۸
➖ ئەی گەلۆی به ئارامی و هێوری دڵ و مێشک گەییشتوو به هۆی بڕواتان به خوا و ئایینەکە، له سەرتان پێویستکراوە تۆڵەسەندنەوە له کوژراوەکاندا … ژن له حیاتی ژن …
-بقره(نوینک): ۱۷۸
دیە وەک ماف ئەکەوێتە خانەی ئەرکێک که سپاراوە؛ چونکا پیاو بەرپرس و سەرچاوی دابینکردنی بژێوی ژیانه، دیەی له ڕوانگەی ئابووریەوە دائەنرێت نە له سەر بنچینەی ڕەنگەز بەو جۆرە که بەرەی نەیاری قورئان لوولی ئەدەنەوە تا وەک ستەم لە ژن نیشانی شوێنکەوتووه نەزانەکانیان بەن؛ دیاره ئەگەر ژن ئەم ئەرکە به ئەستۆ بگرێت هەر ئەو مافەی پێئەدرێت که به بەرپرسی سەرەکی واته پیاو دراوە.
شایانی بیرهێنانەوەیه که قورئانی پیرۆز وەک زێڕینترین بەرنامە و یاسا و ڕێسای ژیانی مرۆڤانە هەموو ڕەهەند و لایەن و قوڕنە و قوژبنەکانی تایبەت به مرۆی دیوە و چاوی لێێبووه بۆیه تاقانە بەرنامەی هەمەلایەنەیه و هەرگیز هیچ بۆچوونێکی مرۆیی نایگاتێ و کاری خوای پێناکرێت.
گوێڕایەڵی بێ چۆن و بۆی مرۆڤەکان لە یەکتر؛ بەردەیی و بە کویلەگرتنی هزری و جۆرێک پەرستنه!
خوای گەورە مرۆڤایەتی لەم کویلەبوونه وریا دەکاتەوە و شوێنکەوتووانی قوتابخانه هزری مرۆیی- فەلسەفیەکانی لووتزلی ملهوڕ ئاگادەکات و ئەفەرموێت:
⚖️ … وَ لٰایَتَّخِذْ بَعْضُنٰا بَعْضاً أرْبٰاباً مِن دُونِ اللّٰهِ …
➖ هەنێک له ئێمە هەندێکیان له جیاتی خوا بە پەروەردگار نەگرین!
– آلعمران: ۶۸
جا ئەگەر گوێبیست نەبوون با بزانن . . .
– اللَّهُ وَلِیُّ الَّذِينَ آمَنُوا يُخْرِجُهُم مِّنَ الظُّلُمَاتِ إِلَى النُّورِ وَ الَّذِينَ كَفَرُوا أَوْلِيَاؤُهُمُ الطَّاغُوتُ يُخْرِجُونَهُم مِّنَ النُّورِ إِلَى الظُّلُمَاتِ أُولَٰئِكَ أَصْحَابُ النَّارِ هُمْ فِيهَا خَالِدُونَ {۲۵۷}
➖ خوا دۆستی ئهو کهسانهیه به باوهڕیانهێنانیان به خوا و ئایینی ئیسلام به ئەمن و ئەمانی دڵ و مێشک و هزر گەییشتوون، له تاریکاییهکانی [گومان و ستهم] دهریان دههێنێت و دهیانبات بهرهو تیشک و ڕووناکی، ئهوانهش که ڕێبازی کوفر و داپۆشینی تاقانە ڕاستی ئیسلامیان گرتۆتهبهر، دۆستهکانیان تهنها تاغووته فێلبازەکانه؛ له ڕووناکی دهریان دههێنن و بهرهو تاریکییهکانی [نافەرمانی و سەرکێشی و ملهوڕی] دهیانبهن، ئا ئهوانه هاوەڵی ئاگری دۆزهخن و بۆ ههمیشه تیایدا دهمێننهوه.
* بقره(نوینک): ۲۵۷
با بچیتەوە بۆ بەر دەم بەرەی تاغووتەکانی هەڵخەڵەتێنەری فێڵەباز و دژ و نەیاری ئیسلام و ئەم پرسیارەیان ئاڕاستە بکەین:
⁉️ کێ بۆ بەندەکانی خوا دڵسۆزتر و بۆ پێدانی مافەکانیان پێداگرتره؛ خوای ئافرێنەری میهرەبان و ئایینه مرۆیی و خاوێنەکەی یان نەیارانی لووتزلی نەزانی ملهوڕ؟
کوتایی
احمد قادری