شخصیت هاگفتگو

وتووێژی سۆزی مێحڕاب لەگەڵ مامۆستا خدر ڕادمێهر ناسراو بە ئەشکانی

وتووێژی سۆزی مێحڕاب لەگەڵ مامۆستا خدر ڕادمێهر

پێشەکی:
مەڵبەندی کوردەواری پڕە لەپیاوی مەزن و شێرە ژن کە لەو ڕۆژەوە خوا دنیایی دروست کردوە ئەوانە وەک ئەستێرەیەکی درەوشاوە ئاسمانی کوردستانیان ڕوناک و ئاوەدان کردۆتەوە.
شاعیری زۆر ناوازە و بلیمەتی لێهەڵکەوتوە ئەم زێدە پرخێر و بێرەی کوردستان، موفەسسیری زۆر بەتوانا و موحەددیسی زۆر شازز پەروەردە بوە لەباوەشی دایکی بەئەمەگی کورددا، کوردستان بە شایەتی هەمو مێژونوسان سەرۆک و پێشەوا و قازی و فەرماندەی وەک سەلاحەددینی بێئەژماری ناردۆتە شەڕی دژ بەنەزانی و بێعەدالەتی و ستەم، هەمو گەلەکان باش دەزانن کورد هەر لەزووە تامەزرۆیی زانین و عرفان بوە و لەم بەستێنەشدا کەڵەپیاوی مەزنی پەروەردەو پێشکێش بەگەل و کۆمەڵ کردوە.
ئێستاش لەخوا بەزیاد بێ دایکی کورد لەدرێژەدانی ئەم داهێنان و پەروەردەیە پاشەکشەیی نەکردوە و شاعیر و نوسەر و ڕوناکبیر ومامۆستایی بلیمەتێ زۆری داوەتەدەر بۆ خزمەت بەگەل و زێد و نیشتمان..
جێی ئاماژەیە خاڵی هاوبەشی ژنان و پیاوانی هەڵکەوتەی کورد بەتایبەت لەم سەردەمەدا بریتیە لەبێنازی، غەریبی و هەژاری، بەداخەوە ئەمڕۆ دەیان شاعیری بەتوانایی وەک مامۆستا ئەشکانی لەکوردستان دا هەن کە کەس ئاوڕیان ناداتەوەسەر و لێیان ناپرسێ!
کتێب و پەرتوکی سەدان نوسەر و ڕوناکبیری گەلەکەم ئەمڕۆ لەژێرخانەکان دا تۆزیان لێنیشتوە و کەس نیە بیانخوێنێتەوە و وانەیەیان لێوەرگرێ…
هەر لەقەدیمەوە هەژاری باڵی ڕەشی بەسەر زۆرێک لەم مەزنە مرۆڤانەدا کێشاوە و زۆربەی ئەمانە لەفەقیری و بێنازیدا دەستیان داوەتە قەڵەم و مەینەتی گەل و نیشتمان و پەیامی دین وخوایان هێناوەتە سەر پەرتوک و بەخەڵک و کۆمەڵیان ڕاگەیاندوە.
بۆ سەلماندنی ئەم ئیددعایە کافیە گۆشەیەکی لەژیانی مامۆستا هەژار بخوێنیەوە.
هەرکام لەشاعیران و نوسەران و مامۆستایانی ئەم زێدە جێی خۆیەتی تا ماون ڕێزیان لێبگیڕێت و هەمو ساڵێک هەمایش و فستیڤاڵی تایبەتیان بۆ ساز بکرێت بەڵام بەداخەوە کوردستانی من کە زیندوکوژی مردو پەرەستە ئەم کارە ناکا و نەیکردوە.
سۆزی مێحڕاب لەبازنەیەکی زۆر چکۆڵەدا و بەگوێرەی تاقەت و توانایی کەمی خۆیی، بەشانازیەوە ئاوڕدانەوەیەکی خێرایی هەیە بۆ سەر ئەم مەزنە مرۆڤانە کە لە ڕۆژگارێکی ناخۆش و نالەباردا ژیان دەبەنە سەر و حەقی زۆریان بەسەر ئێمەوە هەیە، ئەوان و خزمەتە بەپیتەکانیان لەسەر زمانی شیریی خۆیان بە خەڵک و کۆمەڵ دەناسێنێ.
زۆر لەمێژە لەدەرفەتێکی گونجاو دەگەڕام تا مامۆستا خدر ڕادمێهر ناسراو بە ئەشکانی بە ئێوەی خۆشەویست بناسێنم، سوپاس بۆ خوا ئەم فرسەتە هاتەپێش، ئەوە ئێوە و ئەوەش گۆشەیەکی زۆر چکۆڵەیی ژیانی بانگخوازی و هونەری ئەم مامۆستا مەزنە، هیوادارم لە دەرفەتی گونجاوتردا زۆرتر لەخزمەتی دابین و بیناسین.

وتووێژی سۆزی مێحڕاب لەگەڵ مامۆستا خدر ڕادمێهر ناسراو بە ئەشکانی

۱- سڵاو و ڕێز بۆ ئێوە مامۆستایی خۆشەویست
لەسۆزی مێحڕابەوە بەخزمەتتان دەگەین.
ئەگەرچی کەسایەتی ئێوە بۆ زۆرێکمان ناسراوە خۆشحاڵ دەبین پێناسەیەکی خۆتان مان بۆ بکەن، لەدایکبوویی کوێ وکەنگین و ئێستادانیشتوویی کوێن؟
کەنگێ ژیانی هاوبەشتان پێکهێناوە، چەند منداڵتان هەیە و ناویان چیە و چ دەکەن؟

وەڵام: سەڵاو وڕێز مامۆستا ڕەسوڵ ڕەسوڵی کیایی بەڕێوەبەری سۆزی مێحڕاب، سپاست دەکەم کەزەحمەتت کێشاوە ئەوچاوپێکەوتنەت لەگەڵ من  پێکھێناوە و پرسیارت لەژیان وبەسەرھاتی من کردووە بەپیێ توانا جوابی وەڵامی پرسیارەکانت دەدەمەوە.
ئەمن خدر ڕادمێھر بەناسناوی شێعری (ئەشکانی) ساڵی ١٣٤٩ی ھەتاوی لەئاوایی ئەشکانی سەرێ ئالانی سەردەشت لەدایک بوم و ساڵی ١٣٦٩ی ھەتاوی ژیانی ھاوبەشم پێکھێناوە، ئێستا دوکوڕم ھەیە، بەناوی مەسعود و مەنسور، دیپڵۆمن و کاری ئازاد دەکەن.ئیستاش دانیشتو و بەرنوێژی ئاوایی توتاخاج لەشاروێرانی مەھابادم.


۲. مامۆستا گیان کەنگی چوون بۆ حوجرەیی فەقێیان؟ لایی کام مامۆستا دەرست خوێند و لای کامیان تەواوت کرد؟ کەمێکمان لەژیانی فەقێیاتی ئو سەردەم بۆ باس بکەن

وەڵام: دوای خوێندنی سەرەتایی لەگوندی ئەشکان ساڵی ١٣٦٣ی ھەتاوی چومەتە خدمەت خوالێخۆش بو حاجی مامۆستا مەلا مستەفا تەوحیدی، کتێبی قوڕئانم لەخدمەت ئەو بەڕێزەدا خەتم کردووە. ھێندێ کتێبی سەرف و نەحوم لەخدمەت داخوێندووە، دواتر وەک دابی فەقێیەتی گەڕاوم لە سەردەشت و ڕەبەت و مەھاباد و ماوەیێکی لە ئاوایی مەحمودئاوای بۆکان لەخدمەت مامۆستا مەلا نەجمەددین شەریعەت پەنا دەرسم خوێند و وە سەرئەرئەنجام لەخدمەت مامۆستا مەلا نەجمەددین حیکمەتی بڕوانامەی مەلایەتیم وەرگرتووە


۳. نازناوی شێعریتان ئەشکانیە، لەبارەیی زەوقی شێعریتان بۆمان بدوێن، چۆن بوویی بەشاعیر؟ لەبنەماڵەتان دا شاعیری تر هەڵکەوتوە یان…
نێوەرۆکی شێعرەکانت زۆرتر چیە؟
زۆرتر لەچ کات و ساتێک دا شێعرت بۆ دێت؟
بەچ زمانێک شێعر دەڵێی؟
ئەشکان بە چ واتایەک؟ بۆ ئەم نازناوەتان بۆخۆتان هەڵبژارد؟ شێعرەکانت غەمنامەن؟

وەڵام:  ھەروەک لەسەرەتا دا ئاماژەم پێکرد نازناوی شێعری (ئەشکانی)ئەشکان ئەوگوندەیە کەلیێگەورە بووم وکردومەتە نازناوی شێعری خۆم، ھۆنراوەکانم ئایینی- نیشتمانی کۆمەڵایەتی- ئامۆژگاری داستانن و بەسەرھاتن خەلیلی براشم زەوقی شێعری ھەیە بەڵام بەفەرمی ھەر ئەمن شێعر دەنوسم بەزمانی کوردی.

————————————————
٤. ئوستاد گیان، کام لەشێعرەکانی خۆت پێخۆشە؟
کام لەشاعیران گەل و وڵاتەکەت خۆش دەوێ و شوێنی لەسەرتان داناوە؟

وەڵام:  پەنجەی دەست ھیچیان وەک یەک ناچن بەڵام ھەمویان خۆشەویستن منیش ئەگەرچی ھۆنراوەکانم وەک یەک نین بەڵام ھەمویانم وەک یەک خۆش دەوێن . مامۆستا قانع، حاجی قادری کۆیی،  مامۆستا ھەژار و مامۆستا ھێمن و بێکەس و زۆر شاعیری دیکەش شوێنەواریان ھەبووە بۆ ئەوەی منیش ھەوڵ دەم خۆم بکەم بە شاعیر.

———————————————-_————-

۵. شێعرەکانت نوسیوەتەوە؟ کتێبی چاپ کراوەت هەیە یان نا؟ مامۆستا ئەشکانی سەبارەت بەشێعرەکانی چ ئارەزویەکی هەیە؟

وەڵام: لەبارەی نوسینەوەی شێعرەکانم بەڵێ زۆربەی شێعرەکانم تایپ کردوە، دو کتێبم بەنێوی “قەسیدەی بوردی بە زمانی کوردی” کە هی ئیمامی بوسیریە، کردومەتەوە کوردی. “بەرەو ژیانێکی پاک” کۆمەڵێک ھۆنراوەیە وە ھەروەھا کۆمەڵێک شێعری چاپ نەکراویشم ئامادەیە، ئاواتەخوازم لەژیانی پێش مردنم بەچاپ بگەن.

—————–_———————-

۶. ئەگەر دەکرێ خوشترین بیروەریتان بۆ ئازیزانی سۆزی مێحڕاب بگێڕنەوە

وەڵام: خۆشیم کەم دیوە بەڵام خۆشترین کاتم ئەو دەمەبو لەساڵی ١٣٦٩دا کۆمەڵێ فەقێ لە مزگەوتی جامیعەی بەری شیلانان مەلا عەبدوڵڵای مەنگور و مەلا مستەفای زمزیران بەڕەحمەت بێ نەماوە مەلا لقمانی سوڵتان پور و مەلا ساڵح قۆیتەڵی، مەلا جەماڵی سەرە و ھێندێک لەھاوڕێیانی دیکەش یادی بەخێر زۆرخۆش گوزەرا، ئەودەم مامۆستا نەجمەددین حیکمەتی لەوێ بو، یادی بەخێر.

——————————

۷. تاقمێک پێیانوایە شاعیر لەکوردەواری دا بێنازە؟ ئەگەر تۆش پیتوایە بفەرموو هۆکاری چیە بۆ کورد ڕێز لەشاعیر و کەسایەتی ئەدەبی خۆیی ناگرێ؟

وەڵام: قەدیمیش ڕێز لەشاعیران ھەر بووە لەلایان کەسانی زانا و ئەھلی قەڵەم.
بە بڕوای من لەبەر نەبونی ئیش و دەرفەت بۆیان نەکراوە ئاوڕ لەژیانی شاعیران بدەنەوە ئەگینا ئەوەی بڕێکی زانیبایە شێعری قانع و ئەحمەدی کۆر یا ھەژار و ھێمن یان لەبەر بو.

———_————————–

٨. ژیانی مەلایەتی لەکوردستان چۆنە؟ وێدەچێ مەلایی کوردی لە سەردەمی پێشودا نازی زۆرتر ببێ؟ هۆکاری بێنازی مەلای کورد لەکۆمەڵگادا چ دەزانن؟

وەڵام: نازانم زەمانی شا چۆن بووە! ئێستابەداخەوە خەڵک بەچاوی دودڵ لە مامۆستایان دەڕوانن، ناڵێم ھە مو بەڵام نەسڵی نوێ وەکو ڕابردو نیە!
ھۆکارەکەشی بەبڕوای من پێویست بەوەڵام نیە! زۆرتر شانی خۆمان دەگرێتەوە کەنەمان توانیوە وەک پێویست ھەنگاو ھەڵێنینەوە ھیچ نەبێ ڕێی ڕاست وناڕاست بۆخەڵکی ڕون بێتەوە!


۹. ساغی و سڵامەتیت چۆنە؟ ماوەیەک بۆ نەخۆشی شەکرە میوانت بۆ ئێستا چۆنی؟

وەڵام: زۆرسپاست دەکەم کەلەبیری ساغی و سەلامەتی من دایی، ئێستا زۆر باشم قەندەکەم کۆنتڕۆڵ کردووە، ھیوادارم تۆش ھەرسەلامەت بیت.

—————————
١٠- یەکێک لەو بەرهەمە بەنرخانەیی وەرتگێڕاوەتە سەر زمانی شیرینی کوردی قەسیدەی بوردی پێشەوا بوسیریە، تکایە بفەرموو چۆن بوو ئەم کتێبەت بۆ وەرگێڕان هەڵبژارد؟ئەگەر دەکرێ کەمێک باسی نیوەرۆک و کەسایەتی نوسەرەکەیمان بۆ بکەن

وەڵام: لەمێژ بوو لەبیری ئەوەی دابوم بۆ دەبێ لەمەڕاسیمی دینی و مەولودی دا قەسیدە بەعەڕەبی بۆ ئەوکوردە بەستەزمانەی بخوێندرێتەوە کە لیێ حاڵی نابێ تەنیاگویێ لەئاھەنگێک دەبێ ھیچی دیکە، منیش بۆیە ھاتمەسەر ئەوەی کەئەگەر خودا یارمەتیم بدا وەکو خۆی وەری دەگێڕ مەوە. شوکور بۆخودا دەستم بۆقەڵەم برد و خوداش یارمەتی دام تەواوم کرد.
وەک دیتومە کاتی خۆی ئیمامی بوسیری کەئەوقەسیدەی فەرمووە، کاتێ دەگاتە ئەوجێگایە( فمبلغ العلم فیە انە بشر)ناتوانی درێژە بەدێڕەکەی تربدا بۆیە لەخەودا پێغەمبەری پێشەوا(د.خ ) پێی دەڵێ (وانەخیرخلق اللەکلھم ) دێڕەکەی بۆ تەواو دەکا لەوەی ڕا وادەردەکەی کەپێغەمبە (د.خ) قەسیدەکەی لەئیمامی بوسیری وەرگرتووە. مانای ئەودودێرەم ئاوا وەرگێڕاوەتەوە: (نیھایەتی دانیش وعەقڵەکەئەوبەشەرە)   وە ھەرئەوە چاکترین خەڵقی خووا بەجەمی بەرەو ژیانێکی پاک.
کۆمەڵێک ھۆنراوەی خۆمە لەقوڕئان وفەرمودەی پێغەمبەر(د.خ)و قسەی زانایان وەرمگرتووە کردومەتە شێعر، یەک لەوانە زەرەری ماددەھۆشبەرەکانە کەبەویدۆش تۆمارم کردوە.

فەسڵی ۵ی قەسیدە باسی موعجیزات
واھات بەداوای ڕەسوڵ دار و دەوەن بۆسجود
ڕێگادەپێون لەدووی بەچۆکی بێ قەدەمی
بەچەشنێ نووسیانەوە لەوەی کەوانوسەران
بەجوانترین شێوەخە ت لەجۆری دارقەڵەمی
ھەوریش ھاوڕیێ یان دەکرد بۆسێبەری سەرسەری
بۆمەنعی گەرمای تەنور، بۆنیوەڕۆی حەڕەمی
سوێندم بەمانگی خودا لەنیوەڕا لەتکرا
قەلبی(نەبی)ش ھەروەھا ڕەوایە بۆقەسەمی
دووبارە سوێندم بەغار پڕبوولەخێروکەڕەم
بەرچاوی کافران لەوێ پڕ بولەتانە وتەمی
خاوەنی ڕاستی لەگەڵ بووبەکری بێ ترس وغەم
کافر دەیانگوت نییە لەوغارەدا ئادەمی
زەنیان بوو کۆتری  بە ھێلکەو جاوی جاڵجاڵوکە
بۆسەروەری مەخلوقات نەیتەندووەزارک ودەمی

ئەوەنمونەی چەنددێڕێک بوولەقەسیدە.

—————————————

١١- بەڕەو ژیانێکی پاک نوسراوی دەست و هزری بەهێزی بەڕێزتانە، ئەم کتێبەمان بۆ شی بکەنەوە، نێورۆک و بابەتەکانی چین، ئایا هەمویی هۆنراوە و شێعرە؟

وەڵام: بەرەوژیانێکی پاک کۆمەڵێک ھۆنراوەی خۆمە لەقوڕئان وفەرمودە ی پێغەمبەر (د.خ) وقسەی زانایان، وەرمگرتووە و کردومەتە شێعر. یەک لەوانە زەرەری ماددە ھۆشبەرەکانە بەویدۆش تۆمارم کردوە و بۆمبەڕێ کردی.

باسی زەرەری سیگار کێشان
چەندلەسەرمینبەر بڵنگۆبانگ درا
دژ بەسیگاردەس بەتێکۆشان کرا
عامی دکتۆر مەدحی ناکەن غەیری زەم
زیانی وا زۆرچۆنی لابەن سەیلی غەم
وانەکانی پەند وئەشعار وکتێب
زیانەکانی چەند بێ ئەژمار وحسێب
موفتی شەرعیش لیێ حەرام کردن بەڵام
قەسدی عەمدی پیێ لەباربردن وەڵام
ئەوەش نمونەی شێعری سیگار.

_———-_—————————-

١٢- سوپاس بۆ ئێوە مامۆستایی خۆشەویست کەکاتی زێڕینی خۆتان دا بەئێمە و زۆر بەحەوسەلە وەڵامی پرسیارەکانت داینەوە، خوایی باڵادەست ئاگادارتان بێت،
دوا وتەی ئێوەیی بەڕێز دەبیسین

وەڵام:  ئاواتم سەرکەوتنی جەنابتە لەکارەکانت دازۆرسپاست دەکەم کەئەو وتووێژەت لەگەڵ من پێک ھێنا، ھیوادارم زانایان وشاعیران لەکاناڵ و ماڵپەڕی سۆزی مێحڕاب دا بەھۆی دڵسۆزی جەنابت زیاتر بناسرێن وکەڵک لەھونەرەکەیان وەر بگیرێت وتۆش سەرکەوتوبی مامۆستارەسوڵ ڕەسوڵی کیا.

منیش سپاسی جەنابت دەکەم زۆرت خۆماندوکرد لەو وتووێژەدا کەلەگەڵ من پێکت ھێنا سەرکەوتوبی بۆ درێژەدان بەخدمەتی زیاتر

وتووێژکار: ڕەسوڵ ڕەسوڵی کیا

 

نمایش بیشتر

رسول رسولی کیا

@نویسنده و مترجم @ آذزبایجان غربی - مهاباد @ شغل : دبیر آموزش و پرورش

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

دکمه بازگشت به بالا