شعرکوردی

“چاولێکەری”

چاولێکەری کۆڵەی کوتاوین
بەو کارە چەوتە هەموو دوڕاوین

کاری بەعزێک تەنیا ئەی بۆیە
چاویان لە ژینی ئەمن و تۆیە

هەر چێک ببینن ، ئارەزوی دەکەن
بۆ دەست خستنی ژیانیان تێک دەدەن

لەسەر نەبوونیان پرتەو بۆڵەیە
قەت ئاوڕێک نادەن لەوەی کە هەیە

دەڵێن :
بۆ ئەو هەیەتی بۆ منیش نەمبێ
کوا ئەوە ژینە هەی بەزیاد نەبێ !!

جارێک تلوزێن جارێک یەخچاڵە
کابینێتم نیە کەی ئەوە حاڵە

مۆبل و فەرشی باش کوانێ لە هاڵم
پشتم شکاوە هاوار بە ماڵم

ماڵی هەموو کەس وەک ماڵی شایە
هی ئێمەش دەڵێی ماڵی گەدایە

کە میوانێک دێ دەبم شەرمەندە
ماڵمان چکۆڵە وەک قوونە ، جندە

ماشێنی خەڵک ئاخر مۆدێلە
هەی خوا بیبڕی ئەو مێردە گێلە

پیاوی خەڵکی جوان و پوڵدارە
کابرای منیش وەک ژاری مارە

بۆ ژن و منداڵ ڕوو گرژو تاڵە
چی بکەم لە وەزعم بەختم بەتاڵە

منداڵاکانم ، وەک منداڵ ناچن
ڕووت و بێ لیباس لەسواڵکەر دەچن

هی ئەم و هی ئەو چەندە خۆشبەختن
دایکیان نەمێنی هی من بەدبەختن

یەکیان دەینێرنە کلاس موسیقا
ئەوی دیکیەیان بۆ کلاس یوگا

شێعر دەخوێنن دەڵێی هایدەن
منداڵی ئەمن چەند بێ فایدەن

بۆ سەفەر کردن بۆ هیچکۆم نابا
پیاوی من لەماڵ هەر جووڵە ناکا

زۆرم بگێڕێ چەند شارو دێیە
خەڵکیش لە خاریج بۆی نیشتە جێیە

لە خورد و خوراک زۆرمان نیە لەماڵ
ماڵی ئەم و ئەو پڕپڕە ، یەخچال

ئەوە بڕێک بوو لە بۆڵەی ژنان
ئێستا دێمە سەر بەهانەی پیاوان

زۆرجاران پیاویش توش ئەوکارە دێ
دەکا بیری لار قسەی نابەجێ

هەڵدەسەنگێنێ خۆی لەگەڵ خەڵکان
ژیانی خۆیان پڕ دەکا لە ژان

بیانوو دەگێڕێ لە ژن و منداڵ
بە بەهانەی زۆر ژینیان دەکا تاڵ

منداڵ شێت دەکا بە پرتەو بۆڵە
بۆ وەک فڵان نین بەکەم بن ڕۆڵە

منداڵی خەڵک چاو مار دەردێنن
ئی منی کڵۆڵ خۆ دەگنخێنن

بڕۆن بڕواننە ئەوڵادی خەڵک
منداڵی منیش هەمووی بێ کەڵک

یەکیان دوکتورو یەک موهەندیسە
هەی عەمر کورتبی هەتیوە پیسە

کچانی خەڵک زۆر وریا و چالاک
منیش بەدەست کچ گیرۆدەو غەمناک

دێتە سۆراغی ژنی بێ چارە
بە تانەو توانج ژن دەردەدارە

هەر جارێ و شتێک دەکاتە بیانوو
هەڵی دەسەنگێنێ لەگەڵ شابانوو

ژنی فڵان کەس هەر لەباس نایە
تۆوی نەمێنێ ئی من خودایە

بەماڵداریە ژنی ئەو پیاوە
خوا بەزیاد نەبێ ، چیت بەمن داوە

ژن هەیە بابی سەرمایە دارە
بابی ژنی من وەک خۆم هەژارە

ژنی واهەیە زۆر باکلاسە
کاری تۆش داییم شۆردنی لیباسە

وەک هەودا دەزوو کزو باریکی
زەندەقی دەچێ پیاو لەتاریکی

ژنی فڵان کەس زور باجەماڵە
ئەتۆش دەبینم خوێنت زۆر تاڵە

خولاسەی کەلام زۆرە بەهانەی
بەو بەهانانە وێرانە خانەی

ژیان بۆ چەشنە مانای نامێنێ
خۆشی و ئاڕامی لەبن دەردێنێ

گرفتی گەورە ئەلێرە دایە
ئەی بۆئەو بۆئەو دێتە ناو کایە

هەڵدەسەنگێنین خۆمان بەم و بەو
کەی لە یەک دەچێ ژینی بازو کەو

هەر کەسەو بۆ خۆی ژینی جیاوازە
ژیانی ئینسان پڕ رەمزوو ڕازە

کەسێک هەیەتی جەماڵ و جوانی
کەسێکی دیکە پێگەی ئینسانی

یەکێک دەوڵەماند یەکێک فەقیرە
یەکیان گەدایە و یەکیان ئەمیرە

کەسێک دڵاوا کەسێک دەست بەتاڵ
یەک قسە شیرین ئەویان قسە تاڵ

یەکێک دەیهەوێ هەر دەوڵەماند بێ
هەشه نایهەوێ لێی بەهرەمەند بێ

لای بەعزە کەسێ ئەخلاق گرینگە
کەسێکی دیکە بۆ ژین زرینگە

هەن ئەو کەسانەی خولیای زانستن
هەشن کەسانێک هەر گوێ لەمستن

یەک دەستەوستان یەک داهێنەرە
یەکێک ئوممیەو یەکیش ڕابەرە

کەسێک ئامانجی هەر دونیای ڕوونە
هەوڵی یەکێ دی هەر بەهەشت چوونە

جا ژینی ئینسان ئاوا پێک هاتووە
هەریەک بە جۆرێک بۆ ژین ڕاهاتووە

ئەتۆش پێویستە زور باش بزانی
لەو چەند دەستەیەی گرۆی ئینسانی

لەو دونیایە دا جیاواز خوڵقاویی
خۆت باش بناسە دەنا دۆڕاوی

ببینە ئەتۆ چاکەو هەبوونت
هەر فکر مەکە لە نیە و نەبوونت

مەوروانە داییم سەرووی خۆتەوە
هەڵمەسەنگێنە بەکەس ، خۆتەوە

جارێک لەجاران ژێر خۆت بڕوانە
کەسانێکیش هەن بێ خانەو لانە

هەیە کاسانێک مات و ڕەنجەڕۆ
خۆزگەیان هەیە بۆ ژیانی تۆ

ئیوایە نیەتی کەوش بپۆشێ
واش هەیە پای نیە بۆ لێنگە کەوشێ

شوکری خودا کە لەسەر هەبوونت
ناشوکری مەکە بە نیەو نەبوونت

شوکرانە بژێربی خوا زیادی دەکا
کوفر ، نیعمەتت لە دەست دەردەکا

✍️یونس سولەیمانزادە

از طريق
یونس سلیمان زاده
منبع
http://sozimihrab.org/
نمایش بیشتر

یونس سلیمان زاده

استان آذربایجان غربی- بوکان نویسنده و مترجم فعال و دعوتگر دینی

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.

همچنین ببینید
بستن
دکمه بازگشت به بالا