دعوت اسلامی

عورفی گەلان و تێکەڵکردنی لەگەڵ شەرعدا!

#ئیسلام_لەنێوان_گەلاندا

#ئیسلام_لەنێوان_گەلاندا

ڕۆشتمە ماڵی ئینگلیزێك، بۆ ئەوەی چایەکت بۆ بهێنیت سەد پرسیارت لێ دەکات، ڕوون بێت یان تاریك، شیری تێ بکەم یان تێی نەکەم، چەند شەکربێت، حەز دەکەیت وەرە خۆت تێی بکە! ئاخر من چوزانم عەیارەکەی ئێوە چەندە، عەیارەی ئێمە بۆ شەکر دانەیەك بەسە، بەڵام تۆ بە کەوچك تێی دەکەیت، خۆ عەیبم لێ دێت بڵێم کاکە ٧ دانە، مەجبورم بڵێم با ڕوون بێت و یەك شەکر بەسە، گەر کورد بیت و ئەمە نەزانێت، دەڵێی کورە دە توخوا هەر نامەوێت! ئەمە بۆ یەك چا، ئەم هەموو پرسیارە چی یە! ئەمە چایەکە، گەر سەروپێ لێ بنێت چۆنە!

بەڵام دەبێت ئەوە بزانیت ئینگلیز بانگت بکات بۆ ماڵی خۆی و چایەکت بۆ بکات، ئەوە زۆر زۆر گەورەیە، نەکەیت مەحیبەتەکە لەنێو ببەیت و دواتر کافر کافریش بکەویتە شوێنیان و باسی خراپەیان بکەیت، کە چای داپێت و قومت لێدا، ڕێك بڵێ: بەڕاستی لە کاتی خۆیدا بوو، چەند بەتامە، ئەمە چ جۆرە چایەکە، مەهێڵە جۆرەکەی بڵێ و خۆت یەکسەر بڵێ دیارە زۆر تایبەتە سپێشڵە، چوون ئەگەر بهێڵیت ئەو بڵێ فڵان چایە، بۆ نمونە بڵێ (چای، پی جی یە، یان تای فووە، یان ئێری گرەیە) ئەوکات دەبێتە بێڕێزی، چوون لە بنەڕەتداو بە پێوەری ئێمە ئەوە هەر چا نی یە، چونکە ئێمە فێری چای ئەحمەدو دوغەزال بووین، خۆ چای (ئێرلی گرەی) دەتوانم بڵێم لەگەڵ چای ئەحمەد هەر یەکێکە بەڵام ناوەکەی جیاوازە.

تیباگێکی کورد دەڵێ هیچ و ئاوێکی گەرم دەکات بە سەریدا توخوا ئەوە کەی چایە! بە پێوەری ئێمە هەر چا نی یە! لای خۆمان چا جوان دەمنەکێشێت جاری وا هەیە پیاو ژن لەسەری دەکات بە شەڕ! بەڵام ئەو ئیتر ئەوە خواردنەوەی ڕۆژانەی خۆیەتی ئینگلیزەکە، ئێ چی بکات بۆ تۆ؟ خۆ چای ئەحمەو خەڵوزت بۆ لێنانێت، ئەو خۆی فەقیرە هەر نازانێت ئەوە چۆنە!

وەگەر ئینگلیز دەعواتی کردیت و زەڵاتەیەکی پێدایت، ئەوەی کە وردە نانێك دەکەنە ناو زەڵاتەکە، دواتر بڵێ بەڕاستی بەلەزەت بوو، لە ژیانمدا خواردنی وام نەخواردووە، درۆش نی یە! ئێمە کەی زەڵاتەو وردە نان حسابی خواردنی بۆ دەکەین، هەر بۆ خۆشی دوای نان و پێش نانیش دەیخۆین، هەر لە منداڵیەوە لە پاڵ دایکمدا دانیشتووم، تا خەیارێکی ورد دەکرد، من دوانم دەخوارد، دایکم دەیکێشا بە دەستمداو دەیگوت: دە بەسە ئیتر، خۆ بەشی زەڵاتەکەت نەهێشت.

ڕوسیەکە کە چای بۆ هێنام، وتم لەم سەرمای ڕوسیایەدا ئەم چا دەرمانەکەیەتی، دەستەکانت خۆش بێت، لەبیری ناکەم! هەر بەڕاستیش لەبیری ناکەم، ئەوە نی یە ئێستە باسی دەکەم!

ڕوسیا بەو ساردیەو لەو وڵاتە ساردەدا، چای گەرمت بۆ بکات ئەوە کەمە؟ نەخێر زۆریش زۆرە، لەگەڵ ڕوسیەکاندا کە دادەنیشم مەمنونیان دەبووم، دەڵێم ئێمە سەرکردەیەکمان هەبوو مەلا موستەفای بارزانی ناو بوو، بێ دەرەتان بوو ئێوە جێگەتان کردەوە، لەوەوە پەیوەندی لەگەڵدا بەهێز بکە، فێری جوانیەکان و عورفیشیان ببە، بە پێوەری شەرعیش هەڵەیەکت بینی بڵێ ئەمە لە دینی ئێمەدا حەرامەو دینەکەی بۆ ڕوون بکەرەوە. سەعیدی هاوڕێم کە ڕوسیە، لەیەك ئاماژەی واوە مسوڵمان بوو، وتی دەمانخواردەوە، چیچانیەك لەگەڵماندا بو، وتی لە دینی ئێمەدا ئەمە حەرامە، خۆ چیچانیەکە مەلا نەبو، خۆشی دەیخواردەوە، بەڵام تەنها ئەو وشەی حەرامە، سەعید بەهۆیەوە مسوڵمان بو، ئێستە سەعید موفتیە! لەسەرگوزشتەی دوای مسوڵمان بوون باسی سەعیدم کردووە، تاقەتت هەبوو ئەو زنجیرەیە بخوێنێەرەوە.

قەڵخانیەکانی ئێران کە دەچیتە ماڵیان، کەڵەشێرێکت بۆ دەهێنن و بە ساغی و چەقۆیەکت دەدەن بە دەست و  دەڵێن: فەرموو سەری ببڕە، بۆ ئەوەی بۆت لێ بنێن، تۆ بە بێڕێزی لەوە تێدەگەیت، بەڵام ئەو لە ئیسلامەوە ئەوە تێگەشتووە، کە مسوڵمان گۆشتی ئەهلی کتاب نەبێت نایخوات، بۆیە ئەوپەڕی ڕێزت دەگرێت تا بە دەستی خۆت سەری ببڕیت و بۆت سور بکاتەوە، تا گومانت لە حەڵاڵیەکەی نەبێت و ڕۆشتیتە ماڵیان بە ئارەزوو شت بخۆیت! قەڵخانیەك ئەوەندە تێگەشتنی قوڵە بۆ دین و عورفیش بەو شێوەیە ڕێز دەگرێت!

بەڵام لای خۆمان کەسێك کە دەیەوێت مریشکێکت بۆ سەرببڕێت، پەلاماری دەدەیت و دەڵێی نا برا بەخوا پێویست ناکات، ناهێڵی سەری ببڕێت، بەڵام لەولا دەبێت خۆت سەری ببڕیت! حساباتەکان جیایە دەبێت تێبگەیت! ها دەبینی چەندێك جیاوازە! خۆ دەکرێت ئەو عورفی خۆت شت سەربڕینە دوای ئەوەی قەڵخانیەکان ئیسلامیان وەرگرت بە تەواوی، هەتا ئەو سیفەتە ببێت بە عورف تێیانداو میوان خۆی بە دەستی خۆی شت سەرببڕێت، خۆ ئەمەش پێچەوانەی شەرع نی یە، بۆ ئێستە ئەگەر کەسێك بچێنە ماڵی کەسێك و پێی بڵێ: کاکە گیان ئەو کەڵەشێرە بەدەستی خۆت سەربڕە، باشترە ئەو قسە نەکات و سەری ببڕێت، کورە کێ دەڵێ ئەو عوزری نەبێت و حەز نەکات بە لەشگرانی کەڵەشێرەکەش سەرببڕێت، لەولاشەوە دەبێت دڵخۆش بێت، بڵێ ماڵەکە خواردنی فرێشیان پێداوم، بۆ لای خۆمان مەگەر گلەی ئەوە ناکرێت، فڵان ماڵ چای سارد یان خواردنی کۆنی پێداوە! شەرع زۆر بە جوانی حسابی بۆ ئەم وردەکاریانە کردووە، بەڵام

ئێمە بێ خەبەرین!

مەغریبیەکە شەکر دەکاتە ناو قۆریەکەو کە تێی دەکات یەکسەر شیرینە، پێویست ناکات بڵێ چەند شەکرو موناقەشەی شەکری بکرێت، بەلامەوە سەیر بوو ئەم چا چ جۆرێکە! کە بەبێ ئەوەی شەکری تێ بکەم خۆی شیرینە، دواتر سەیر دەکەم شەکر دەکەنە ناو قۆریەکە، بۆیە کە دەچمە ماڵە مەغریبیەکان و چا دەهێنێت، قۆریەکەشی لێ وەردەگرم و دەڵێم خۆم تێی دەکەم، سەیر بکە بزان لێی دەزانم یان نە، هەر ئەوەندە چاکە گەشت بەناو پێڵاکە، ئیتر دەستم هێواش دەکەمەوەو قۆریەکە بەرز دەکەمەوە، تا کە پێڵاکە کە پڕ دەبێت سەرەکەی کەف بکات، لای مەغریبیەکان زیرەکترین کەس ئەوەیە زۆرتر قۆریەك بەرز بکاتەوەو نەرمتر چاکە بڕژێتە ناو پێڵاکەو زۆرترین کەف بکات، ئەوە ئیتر مانای وایە تۆ پرۆفیشناڵیت لە چا تیكردندا، بەو کردارە تۆ تێکەڵیان دەبیت، مەحیبەت و تێکەڵی لەو شتە سادەوە دڵەکان بۆ یەکتری دەکرێتەوە.

ئوردونیەکان یان فەلەسطینیەکان کە چات بۆ دەهێنن، پەلێك نەعنای تازە فرێشی تێدایە، پێش ئەوەی قومی لێدەیت بۆنێکی بکە، بڵێ ئەوەندە بۆنی خۆشە دڵم نایەت بیخۆمەوە، ژن و پیاویان دەگەشێنەوە بەو قسە، هەمووی دەڵێ عافیەتت بێت، بە مەرجێك هێشتا نەشت خواردووەتەوە، دواتر بە خێرایی دانەیەکی ترت بۆ دەهێنن.

لە کاتێکدا ئینگلیز کە چای بۆ هێنای ئیتر تەواو دوبارەی ناکاتەوە، ناشڵێ دەخۆی یان ناخۆی، بەڵام لای خۆمان لە کوردستاندا ڕۆشتومەتە ماڵی وا بۆ نمونە، چام خواردووەو دانەیەکی تری هێناوە، وتوومە ناخۆم، سێ بەسێ تڵاقی خواردووە کە دەبێت بیخۆم، جا تۆ سەیری گەورەیی مەحیبەتی ئەو کابرا! ئەوەندە شدەتی هەیە بۆت ئاگای لەخۆی نامێنێت بۆ یەك چا تڵاق دەخوات، دەبێت لە گەورەیی ئەو مەحیبەتە تێبگەیت، نەك بیکەیت بە هەرا لێی و بڵێی تۆ جاهیل و نەزانیت و بۆ تڵاق دەخۆیت، لەوێدا پێی مەڵێ، کە تڵاقی خوارد تڵاقەکەی نەخەیت بیکە بە خاتری خوا، بە خێرایش بیخۆ نەوەك بڕژێت و تڵاقەکەی بکەوێت، بڵێ ئەی ڕەحمەتت لێ بێت ئەمەیان لەوەکەیان بەتامتر بوو.

بەچاوی خۆم دیومە تڵاقی خواردووە کە فڵان شت بکەیت، ئەویش ڕێك پێچەوانە تڵاقی خواردووە، جا وەرە ئێستە حەلی ئەم دوو کەسە بکە، جگە لەوەش ئەو مەحیبەتەی لەو نێوەندەدا بوو، چۆن لەناو چوو!

ئەوەی یەکەم دڵسۆزی نواند، ئەوەی دووهەم کارێکی کرد ئێستە بە مەلاش حەل نابێت!

ئیسلام پڕیەتی لە جوانی، بۆیە عورفی کردووە بە بنەمایەکی شەریعە، تا هیچ گەلێك تایبەتمەندی خۆی لەدەست نەدات، لەگەڵ ئەوەشدا کۆڕەوی زانایانی کردووە بە بنەمایەکی شەریعە تا خوێندنەوەی دروست بۆ دەقەکان بکات، خۆ خوای گەورە دەیتوانی بفەموێت ئەمە قورئانەو تەواو، بەڵام لە خودی قورئانەکەدا هەموو ئەمانەی لێ دەفامرێت، هەردەم دەڵێ ئەقڵتان بەکار بهێنن، ژیریتان بجوڵێنن، لۆمەمان دەکات لەوەی گەر بەکاری نەهێنن، بە بخوێنە دەستی پێکردووە، باسی نمونەی گەلانی بۆ کردووین دەرسی لێ وەرگرین، تۆ سەیر ئەو چیرۆکە قورئانیانە چەند نمونەی گەورەو جوانی تێدایە تا دەگاتە ئەحکام. گەنجێك لەمە تێناگات و هەر دەڵێ دەلیل دەلیل و قورئان و سونەت، ئاخر عەزیزەکەم، قوربانی ئەو ڕۆحیەتە پاکەت بم من لە دڵسۆزی تۆ تێدەگەم بەڵام تۆ لە عومقی من تێناگەیت!

بەشێك لە زنجیرەی #ئیسلام_لەنێوان_گەلاندا گەر تاقەتت هەبوو لە کۆمێنت دامناوە گشت بەشەکانی بیخوێنەرەوە، دونیای ئەزموونی زیاترە لە خوێندەوە، بۆیە گەڕان خۆی لە خوێندنەوە گرنگترە، جا ئەمە دەکرێ هەرچەند نەزەریە بۆ تۆ، بەڵام وەك عەمەلی مەشهەدەکانی دەبینی، هەر زنجیرەیەك و وای دابنێ درامایەکە و هەندێ کاتی پێ بدە، لام سەیرە دراما بە هەزار ئەڵقەش دەڕوات و لەگەڵی دەڕۆین، بەڵام گلەی لە نووسینی درێژ دەکەین.

#عومەر_عەلی

نمایش بیشتر

ســــۆزی میــــحڕاب

سایت ســــۆزی میــــحڕاب در آذرماه 1392 با همت جمعی از اهل قلم خوشنام و گمنام تاسیس شد ســــۆزی میــــحڕاب بدون جنجال و در اوج عملگرایی به ترویج مبانی میانه روی می پردازد ســــۆزی میــــحڕاب با هیچ جریان و هیچ احدی درگیری ندارد ســــۆزی میــــحڕاب رسالتی جز همزیستی و دگرپذیری ندارد

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

همچنین ببینید
بستن
دکمه بازگشت به بالا